ئەژین عەبدوڵڵا-هەولێر
لە درێژەی هەڵمەتی هۆشیارکردنەوە و هەفتەی شیردانی سروشتی، پزیشكان بەردەوامن لە هۆشیاركردنەوەی دایكان و هاندانیان بۆ پێدانی شیری سروشتی بە کۆرپە (بەرمەمکانە)كەیان.
د. جوانیتا سەلاح پزیشکی پسپۆری نەخۆشیەکانی ژنان و زایین (مناڵبوون) و نەزۆکی، دایكان ئامۆژگاری دەكات كە شیری خۆیان بدەنە بەرمەمکانەکەیان و دەڵێت: شیری دایک باشترینە بــۆ منداڵ و دایکەكە خۆیشی؛ هەروەها ڕێگری دەكات لە خەمۆكیی دوای زایین. جەختیش دەكاتەوە كە هەڵەیە وابزانیت شیرپێدانی سروشتی دەبێتە هۆی شۆڕبوونەوەی پێستی سنگی ئافرەتان.
د. جوانیتا سەلاح هانی دایكان دەدات و دەڵێت: باشترە ئافرەتان تاوەكو منداڵەكەی تەمەنی دەگاتە دووساڵان لە شیرپێدانی سروشتی بەردەوام بن، شیرپێدانی سروشتی یارمەتیی ئافرەتان دەدات کێشی جەستەیان داببەزێت، بەڵام هەندێک لە ئافرەتان قەڵەوتر دەبن. ئەم هۆكارەش بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە كە ئەو ئافرەتانە لە ڕێژەی زیاتری خۆیان خواردن دەخۆن و كالۆرییەکی زیاتر وەردەگرن؛ مەرجیش نییە هەموو خۆراكەكان بە كالۆری وەربگرێت بەڵكو پێویستە بە پرۆتین و چەوری و ڤیتامینات وەربگرێت و ژەمەكانی هەمەجۆر بێت.
پاشخان
وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە بڵاوكراوەیەكی تایبەتدا كە بۆ دایك و باوكان ئامادەی كردوە ئاماژە بە سوودەكانی شیردانی سروشتی دەكات؛ بەم شێوەیە:
گرنگیی شیری دایك بۆ كۆرپە
منداڵ كەمتر تووشی هەوكردن دەبێت، چونكە شیری دایك بە تەواوی پاكژە و مناڵ لە زۆرێك نەخۆشی دەپارێزێت وەك:
*هەستیاری؛
*شەكرە؛
*هەوكردنی گوێی ناوەڕاست؛
*سكچوون: ئەگەر شیری دەستكرد بدەیت بە مناڵەكەت و شیری خۆتی پێ نەدەیت، ئەوا ڕادەی تووشبوونی بە سكچوون زیاد دەكات؛
*بەهێزكردنی پەیوەندی نێوان دایك و كۆرپەكەی.
گرنگیی شیری دایك بۆ خانەوادە:
*خودادادە و پارەی پێ نادەیت: پێویست بە كڕینی شیری قوتوو ناكات چونكە شیری دایك هەمیشە فەراهەم و بەردەستە.
*ئەو مناڵانەی شیری دایكیان دەخۆن كەمتر تووشی نەخۆشی دەبن، بەمەش كەمتر سەردانی نەخۆشخانە و نۆرینگەی پزیشك دەكەن واتە خەرجی كەمتر دەبێت
شیردانی پوخت چییە؟
*واتە شیرپێدان تەنها لە مەمكەوە؛
*پێویستە هەرکە منداڵەکە لەدایک بوو، دایکی شیری خۆی بدات پێی.
*پێویستە كۆرپە تەنها شیری دایكی وەربگرێت لە شەش مانگی یەكەمی تەمەنیدا، دەبێت دایك بە شەو و بە ڕۆژ بەبێ پچڕان و، هەركاتێك مناڵەكەی ئارەزووی شیرخواردنی كرد بیدات پێی.
*منداڵ لە ڕۆژانی یەكەمی لەدایكبوونیدا نابێ لە (ژەك)ـی دایکی بێبەش بکرێت، چونكە بەرگری بەهێز دەكات.
گرنگیی شیری دایك بۆ دایكان:
*شیردانی سروشتی یەکێکە لەو ڕێگایانەی دایک دەپارێزێت لە تووشبوون بە شێرپەنجە.
*شیردانی سروشتی ڕێژەی خوێن بەربوونی دوای مناڵبوون كەمتر دەكاتەوە.
*شیردانی سروشتی یارمەتی دەدات لە فڕێدانی وێڵاش بە شێوەیەكی خێرا تر.
گرنگیی شیری دایك بۆ كۆمەڵگە:
گەشەی ئەقڵ و جەستەی مناڵ لەسەر ئاستی كۆمەڵایەتی و نیشتمانی باشتر دەكات، واتە هێزە كارێکی سەركەوتووتر.

