ڕائیب جادر – هەولێر
لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران ئامادەکاری کراوە بۆ گەیاندنی کارەبای ڕووناکی بەو سنوورە و لە ئێستادا تیمەکانی کارەبا سەرقاڵی ڕووپێوی و چاکسازینە و لە ماوەیەکی زۆر نزیکدا ناوچەکە بە کارەبای ٢٤ کاتژمێری ڕووناک دەکرێتەوە. بەرپرسانی کارەباش، دەڵێن، سەرۆکوەزیرانی کوردستان کاتێک بە پڕۆژەی ڕووناکی ڕازی بووە، کە ئەرکی ھاووڵاتی قورس نەبێت.
لە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بەرھەمھێنانی کارەبا ١٣٤٠ مێگاوات زیادی کردووە و گەیشتووەتە ٣٨١٧ مێگاوات، ھاوکات ژێرخانی بەرھەمھێنانی کارەباش گەیشتووەتە ٧٦٨٩ مێگاوات.
کارەبای ٢٤ کاتژمێری لە چوارچێوەی “پڕۆژەی ڕووناکی”ـدایە، کە ١٧-١٠-٢٠٢٤ لەلایەن مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستانەوە ڕاگەیێندرا و دەبێت لە تەواوی ھەرێمی کوردستان بە ھاوتەریبی جێبەجێ بکرێت و لە ماوەی دوو ساڵدا سەرجەم دانیشتووانی ھەرێمی کوردستان ببنە خاوەنی کارەبای ٢٤ کاتژمێری، سوودەکانی بۆ ھاووڵاتییان نرخەکەی بە گوێرەی نرخی جیھانییە، ڕەچاوکردنی ھاووڵاتییانی کەم دەرامەت کە وایت ئەمپێر خەرج دەکەن، نەھێشتی دووکەڵ و ژاوەژاوی مووەلیدە و پاککردنەوەی ھەوای کوردستانە، کارەبا بە شێوەیەکی دادپەروەرانە دەگاتە ھاووڵاتییان، تێچووی زیاد بەکارھێنان کەم دەکاتەوە، بۆیە ئامانجی پڕۆژەکە ئەوەیە کە باشترین خزمەتگوزاری بە کەمترین تێچوو پێشکەش بە ھاووڵاتییان بکات.
بەپێی ھەواڵێکی فەرمی پەیجی پڕۆژەی ڕووناکی، تیمەکانی پڕۆژەی ڕووناکی لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دەستیان بە کارەکانیان کردووە و نامیلکەی خۆتۆمارکردنیان لە گەڕەکەکانی ئاوارە، دیلمان، قەندیل و وەستا ڕەجەب بەسەر ھاووڵاتییان دابەشکردووە.
پڕۆژەی ڕووناکی پڕۆژەیەکی گرنگی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانە کە کارەبای ٢٤ کاتژمێری دابین دەکات و تاکو ئێستا لە ناوەندی پارێزگاکانی ھەولێر، دھۆک و سلێمانی پڕۆژەکە جێبەجێ کراوە و تا کۆتایی ساڵی ٢٠٢٦ تەواوی کوردستان دەبێت بە کارەبای ٢٤ کاتژمێری.
پڕۆژەی ڕووناکی ئێستا گەیشتووەتە زیاتر لە ٢،٧٠٠،٠٠٠ ھاووڵاتی و کاریگەرییەکی بەرچاوی لەسەر پاککردنەوەی ژینگەی کوردستان ھەبووە بەھۆی کوژاندنەوەی مووەلیدەی گازوایلی گەڕەکەکان و کەمکردنەوە و دەردانی گازی دوانە ئۆکسیدی کاربۆن. لەلایەکی دیکەوە بەپێی ڕاگەیاندراوی بەرێوەبەرایەتی گشتی کارەبای سۆران، ھەر ڕۆژێک کە تیمەکان لە ھەر گەرەکێک کار بکەن، کارەبا بە کاتی دەبڕدرێت بەھۆی کارکردنی تیمی پڕۆژەی ڕووناکی، کە لەسەر ڕاسپاردەی بەرێوەبەری گشتی و قایمقامی قەزای ناوەندی سۆران، لیژنەی مووەلیدەکان ئاگادار کراونەتەوە لە کاتی بڕینی کارەبا، بە مووەلیدەکان کار بکەن تا ھاووڵاتییان بێبەش نەبن لە کارەبا.
بەڕێوەبەرایەتییەکە داواش لە ھاووڵاتییان دەکات، بەزووترین کات خۆیان تۆماربکەن، ھەر کاتێک فۆڕمەکانیان بەدەست گەیشت، تاکو بتوانن ئەوانیش پسووڵەکانیان لەڕێگەی کورتەنامەوە بۆ ڕەوانە بکەن، ئەگەر ھاووڵاتی خۆی تۆمارنەکات، بێبەش دەبێت لە پێگەیشتنی ئەم نامانە بۆیە داواکارین لە ھاووڵاتییان ھاوکاری تیمەکانی پڕۆژەی ڕووناکی بکەن بۆ ئەوەی بەشێوەیەکی ڕێکوپێک و بێ کێشە کارەکانی خۆیان جێبەجێ بکەن. لە کۆتایی ڕاگەیاندراوەکەدا ھاتووە سوپاسی ھاووڵاتییان دەکەین ھەرچەندە گەرمایە، بەڵام ئەم چەند ڕۆژە ھاوکاریتان کاری تیمەکانمان خێراتر دەکات بۆ ئەوەی بتوانین لە ماوەیەکی کەمدا کارەبای ٢٤ کاتژمێری لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دابین بکەین.
ژمارەی ھاوبەشانی کارەبا لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، ٨٦٢٣٩ ھاوبەش دەبن، ئەو ھاوبەشانە بەسەر پێنج پۆل دابەشکراون، لەوانە ماڵان، بازرگانی، پیشەسازی، میری و کشتوکاڵی. ئەردەوان ئیبراھیم، بەڕێوەبەری گشتیی کارەبای ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” گوتی: ھەموو ئامادەکاریەکمان کردووە، کە ھەموو ھیوایەتی ھاووڵاتییانی سنوورەکە ئەوە بووە کارەباکەیان ببێتە ٢٤ کاتژمێری، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی کاتێک بە پڕۆژەی ڕووناکی ڕازی بووە، کە ئەرکی ھاووڵاتی قورس نەبێت.
بەڕێوەبەری گشتی کارەبای سۆران، ئاشکراشی کرد: خەڵکی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران زۆر دڵخۆشن و بەپەلەن لەوەی کارەباکەیان ببێتە ٢٤ کاتژمێری، بۆ ئەوەی لە کارەبای مووەلیدە و پچڕانی کارەبا ڕزگاریان بێت و کارەبای بەردەوامیان ھەبێت، کە تەنیا لە سەنتەری سۆران ١١٦ مووەلیدە ھەنە، بە کارەبای ٢٤ کاتژمێری ئەو مووەلیدانە دەکوژێنەوە، ھەم ژینگەیەکی پاک بۆ سۆران دروست دەبێت ھەم کارەبا لە سۆران دەبێتە ٢٤ کاتژمێری.

