رۆژنامەی ھەولێر

عێراقییەکان لە دۆسیەی خۆرعەبدوڵا لە ڕێبەرانیان ناڕازین

 

سلێمان تاشان – هه‌‌ولێر

عێراقییەکان پێیان وایە بەرژەوەندییە باڵا نیشتمانیەکانیان لە دۆسیەی خۆرعەبدوڵا بووەتە قوربانی و ڕێبەرە سیاسییەکانیان لە قۆناغە جیاوازە مێژووییەکان نەیانتوانیوە بە باشی دیپلۆماسی بکەن و ئەو پرسە لە قازانجی پەرەپێدانی بازرگانیی عێراق یەکلایی بکەنەوە.

خۆرعەبدوڵا کەوتووەتە نێوان نیمچە دوورگەی فاو لە باشووری عێراق و هەر دوو دوقرگەی بوبیان و وەربە لە باکووری کوێت، خۆرعەبدوڵا لە ڕاستیدا ڕێگای سەرەکیی ڕۆیشتنی کەشتییەکانە بۆ بەندەری ئوم قەسری عێراق.
ناوچەکە بۆ عێراق زۆر گرنگە چونکە هەر خۆی عێراق لە دەستپێڕاگەیشتنی بە دەریای ئازاد لەگەڵ هەندێک بەربەست وکێشە بەرەوڕوویە و ڕێڕەوەکە لەرووی ستراتیجی و ئابووری زۆر بەنرخە و نرخەکەیشی تەنیا بۆ عێراق نییە بەڵکوو بۆ کوێتیشە چونکە هەموو ئەو کەشتییانە کە دەچنەوە بەندەری موبارەکی کوێت بە خۆرعەبدوڵادا تێدەپەڕن. بەندەری موبارەک لە ساڵی 2011ەوە دەست بە بنیاتنانی کراوە.

بەر لە جەنگی یەکەمی جیهانی
ریشەی ناکۆکییەکانی عێراق و کوێت لەسەر خۆرعەبدوڵا بۆ سەرەتاکانی سەدەی ڕابردووی زایینی دەگەڕێتەوە، کاتێک کوێت بەگوێرەی پەیمانێک لە ساڵی ١٨٩٩ خرابووە ژێر سەرپەرشتیی بەریتانیا و لە ساڵی ١٩١٣ پەیماننامەیەک لە نێوان ئیمپراتۆریی عوسمانی و بەریتانیا مۆر کرا کە بە گوێرەی پەیمانەکە سنووری نێوان کوێت و ویلایەتەکانی عێراقی دیاری دەکرد کە ئەوکات لەژێر دەسەڵاتی عوسمانیدابوون.
لەگەڵ ڕوودانی جەنگی یەکەمی جیهانی ئەو پەیمانە پشتگوێ خرا و هەرگیز بە تەواوی جێبەجێ نەکرا. دواتر لە ساڵی ١٩٢٢ لە چوارچێوەی پەیمانی عەقیر جارێکی تر سنوور لە نێوان عێراق و کوێت دیاری کرا بەڵام پرسی خۆرعەبدوڵا بە تەواوی یەکلایی نەکرایەوە و وەک ناوچەیەکی جێناکۆک مایەوە.
لە ساڵی ١٩٣٢ نووری سەعید سەرۆک وەزیرانی ئەو کاتی عێراق لە نامەیەکدا بۆ نوێنەری بەریتانیا سنووری نێوان عێراق و کوێتی دەستنیشان کرد و دواتر لە ساڵی ١٩٦٣ عێراق بە فەرمی سنوورەکەی ناساند و بووە بنەمایەک بۆ پەرەپێدانی پێوەندییەکانی نێوان کوێت و عێراق.
پەیمانەکە نەیتوانی ناکۆکیی نێوان دوو وڵات بە تەواوی کۆتایی پێ بهێنێت چونکە بۆ عێراق زۆر گرنگ بوو و بەهۆی ئەوەی کە ئوم قەسر کەوتووەتە خۆرەلزوبێر، شوێنێک کە بە خۆرعەبدوڵاوە گرێ دراوە.

لەشکرکێشیی عێراق بۆ سەر کوێت
ناکۆکییەکان دوای ئەوە پەرەیان سەند کە لە ساڵی ١٩٩٠ سەدام حسێن هێرشی کردە سەر کوێت و دواتر ئەنجوومەنی ئاسایشی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان بڕیارنامەی ٦٨٧ی لە ساڵی ١٩٩١ پەسند کرد و کردیە بنەمایەکی یاسایی بۆ دەرکردنی عێراق لە کوێت و سەپاندنی کۆمەڵێک سزای قورسی نێودەوڵەتی.
دواتر لە ساڵی ١٩٩٣ بڕیارنامەی ٨٣٣ پەسند کرا کە جارێکی دیکە سنوورەکانی دەستنیشان کردەوە و خۆرعەبدوڵای کردە ناوچەیەکی هاوبەش و بە پێویستی زانی بە شێوەی هاوبەش ئیدارەی گواستنەوەی کەشتییە بازرگانییەکان بکرێت.
ئەو کات سەدام حسێن ڕەزامەندیی خۆی لە بڕیارنامەکە دەربڕی هەرچەندە هەندێک تێبینی لەبارەی وردەکارییەکان هەبوو. دوای ڕووخانی بەعس لە ساڵی ٢٠٠٣ جارێکی تر کوێت داوای لە عێراق کردەوە کە بڕیارنامەی ٨٣٣ بە تەواوی جێبەجێ بکرێت و دواجار لە ٢٩ی نیسانی ساڵی ٢٠١٢ عێراق و کوێت ڕێککەوتننامەیەکیان بۆ ڕێکخستنی گواستنەوەی دەریایی لەو سنوورە واژۆ کرد کە لە ساڵی ٢٠١٣ لە لایەن پەرلەمانی عێراق پەسند کرا و ڕەنگێکی یاسایی پێ درا.
بەگوێرەی پەیمانەکە هەر جۆرە گواستنەوەیەکی دەریایی دەبێت بە هەماهەنگی هەر دوو وڵات بێت و عێراق و کوێت بەیەکەوەی ئیدارەی ڕێڕەوە ئاوی و بەندەرەکان بکەن و هاتوچۆی بازرگانی دەریاییش لە چوارچێوەی یاسا و ڕێسا نێودەوڵەتییەکانەوە بێت.

پەرلەمانی عێراق پەسندی کرد
لە ساڵی ٢٠١٣ پەسندکردنی پەیمانەکە لە عێراق بە دەنگی زۆرینەی پەرلەمانتاران تێپەڕی، نەک زۆرینەی دوو لەسەر سێ و بۆیەش ناڕەزایەتییەکی زۆری بەدواوە بوو و لە ١٨ی کانوونی یەکەمی ساڵی ٢٠١٤ دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق بە ڕاشکاوی گوتی کە پرسی ئەو پەیماننامەیە دەبوایە بە دەنگی دوو لەسەر سێی پەرلەمانتاران تێپەڕێنرێت و بۆیەش یاساکە کەوتە ژێر پرسیارەوە.
بەشێک لە سیاسەتمەدارانی عێراق وایان لێکدابوویەوە کە پەیمانەکە بە زیانی عێراقە و وای کردووە کە عێراق سازش لە زۆرێک لە مافەکانی بەسەر دەریای ئازاددا بکات. لە بەرانبەردا کوێتییەکان زۆری پێ دڵخۆش بوون و پەیمانەکەیان بە سەرکەوتوو هەژمار کرد و پێشوازییان لە پەیمانەکە کرد.
لە ساڵەکانی ٢٠١٠ و ٢٠١١ هەر یەک لە عێراق و کوێت لای خۆیان دەستیان بە بنیاتنانی بەندەر کرد. عێراق بەردی بناعەی بەندەری فاو و کوێتیش بەندەری موبارەکی بنیات نا.
لە ساڵی ٢٠١٩ عێراق لە ئەنجوومەنی ئاسایشی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان سکاڵای تۆمار کرد و کوێتی بە گۆڕانکاریی جوگرافی و بەزاندنی سنوور تۆمەتبار کرد. لەبەرانبەردا کوێت تۆمەتەکەی ڕەت کردەوە و گوتی ئەو دامەزراوانەی بنیاتی ناون لە سنووری خۆیانە نەک عێراق.

دادگای فیدراڵی
لە چواری ئەیلوولی ٢٠٢٣ دادگای فیدراڵی یاسای ژمارە ٤٢ی پەسندکراوی ساڵی ٢٠١٣ی پەرلەمانی عێراقی ڕەت کردەوە و ئەو بڕیارەش جارێکی تر نیگەرانیی کوێتییەکانی بەدواوە بوو و ئەنجوومەنی هاریکاریی کەنداویش داوای لە حکوومەتی عێراق کرد ڕێز لە بڕیارنامەی ٨٣٣ بگرێت.
هەر یەک لە سەرۆک کۆمار، سەرۆک وەزیران و سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە نیسانی ئەمساڵدا دوو داواکاریی پێداچوونەوە بە حوکمی دادگایان پەشکەش کرد و پشتیان بە مادەی هەشتی دەستوور بەست کە پێداگری لە پابەندبوون بە پەیماننامە نێودەوڵەتییەکان دەکات و تەنانەت ئاماژەیان بە کۆنڤانسیۆنی ڤیەننا لە ساڵی ١٩٦٩ کرد کە بە ڕاشکاوی دەڵێت وڵاتان ناتوانن یاساکانی ناوخۆیان بکەن بە بیانووی خۆدزینەوە لەپەیماننامە نێودەوڵەتییەکان.
دادگای فیدراڵی لێکۆڵینەوە لەو دوو داواکارییەی بۆ دوای کۆبوونەوەی کۆمکاری عەرەبی لە مانگی ئایار دواخست و دواتر فائق زێدان سەرۆکی دادگاکە لە تەمووزی ڕابردوو ڕای گەیاند پەیماننامەکە لە ڕووی یاسای نێودەوڵەتی دەبێ جێبەجێ بکرێت و هەڵوەشاندنەوەی دەتوانێت دەرهاویشتەی دیپلۆماسی و یاسایی بەدواوە بێت و پێداگریشی کرد کە پەیمانەکە بۆ کێشانی سنوور لە نێوان وڵاتاندا نییە بەڵکوو ڕێگەچارەیەکە بۆ ڕێکخستنی بازرگانی دەریایی و جووڵەی کەشتییەکان کە ڕێکخراوی نەتەویەکگرتووەکان دەستنیشانی کردووە.
بەگوێرەی بی بی سی، ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان داوای لە لایەنەکان کردووە ڕێز لە پەیمانەکان بگرن و ئاسایشی ناوچەکە بپارێزن چونکە ڕوودانی هەر ناکۆکییەک دەتوانێت ئاسایشی بازرگانی بخاتە مەترسییەوە.
ناکۆکییەکان لەبارەی خۆرعەبدولا تەنیا پرسی گواستنەوەی دەریایی نییە بەڵکوو بەو پڕۆژە گەورەیە گرێ دراوە کە کوێت خەریکی بنیاتنانیەتی و عێراق پڕۆژەکە بە هەڕەشە بۆ سەر بەندەری گەورەی فاو دەزانێت کە ئەویش خەریکە پەرەی پێ دەدرێت.
ئەمە تەنگژەیەکی نوێی نێوان عێراق و کوێتە کە کۆمەڵێک ڕەهەندی سیاسی، یاسایی و ئابووری هەیە و هەرچەندە پەیمانەکان بۆ ڕێکخستنی کەرتی بازرگانی دەریاوانییە بەڵام لای عێراق نیگەرانییەکان زۆرترن و پێیان وایە سەروەریی و بەرژەوەندییە باڵاکانی عێراق پێشێل کراون.