رۆژنامەی ھەولێر

خوێندنەوەیەكی خێرا بۆ وتارناسی

سەبـــــاح شێخــــــــانی

وتار، ژانرێكی ئەدەبییە و دواتریش لەگەڵ سەرهەڵدانی ڕۆژنامەدا زۆر بە فراوانی چووەتە نێو بواری میدیاوە. وتار وەك بەربڵاوترین ژانری ئەدەبی كە هەموو ژیان لە خۆیدا كۆ دەكاتەوە، هەنووكە لە كوردستاندا، نەخاسمە دەگەڵ فراوانبوونی كاری میدیا بووەتە بەشێك لە بزاڤی كولتووری، سیاسیی و جڤاكی.. تاد، وتارناسی، ناونیشانی ماستەرنامەكەی سالار عوسمانە كە پێشكێشی زانكۆی سەلاحەددینی كردووە و پلەی “نایاب”ی پێ بەخشراوە. توێژەر، نامەكەی بۆ سێ بەش دابەش كردووە “بەشی یەكەم لە دوو پاژ پێك دێت: هونەری وتار، مێژووی وتار. بەشی دووەم بریتییە لە: جۆرەكانی وتار، وتاری هونەری كوردی، مێژوو و جۆر. بەشی سێیەم: دوابەشی نامەكەیە كە پێك دێت لە: ئەو ژانرە ئەدەبیانەی لە هونەری وتارەوە نزیكن و، جیاوازیی نێوانیان.” ئەوەی تێبینی دەكرێت، توێژەر باسەكەی تەنیا لە سنووری زمانی كوردیدا قەتیس نەكردووە، بەڵكو باسی وتار لای عەرەب، فارس و تورك دەكات، ئەوەیشی دەرخستووە كە كوردیش لەو هونەرە بێبەش نییە. ناكرێ باس لە ژانرێكی ئەدەبی بكەین ئەگەر نەگەڕێینەوە بۆ سەرچاوەكەی، سەرچاوەی وتار ئەدەبە، دواتریش پەڕیوەتەوە نێو ڕاگەیاندن، لە ڕاگەیاندنیشدا زێتر ڕۆژنامە كە هەر دەگەڵ سەرهەڵدانیدا وتاری پەلكێشی نێو دنیای خۆی كردوە.
وتار لە ڕۆژنامەگەریی كوردیدا
دەركەوتنی ئەو ژانرە ڕۆژنامەوانییە هەر لەگەڵ دەرچوونی یەكەمین ڕۆژنامەی كوردی لە قاهیرە جێگەی شانازییە و ئاماژەیە بۆ زیرەكی و ناسینی وتار، ڕۆڵ و كاریگەریی ئەو ژانرە لە لای میقداد مەدحەت بەدرخانی خاوەنی ڕۆژنامەكە. میقداد بەدرخان هەر لە یەكەم ژمارەیدا لە قاهیرە بە پیتی ئەلفبێی (عەرەبی- كوردی) لە 22ی نیسانی 1898 وتاری بڵاوكردووەتەوە و لە سەروتاری یەكەمین ژمارەشدا نووسیویەتی: (بەداخەوە كورد كە زۆر لە نەتەوە زیاتر خاوەنی بیروهۆشن، جوامێرن، لە ئایینی خۆیاندا ڕەوا و بەهێزن، بەڵام وەكوو نەتەوەكانی دیكە خوێندەوار و دەوڵەمەند نین، نازانن دراوسێكانیان چۆنن و چی ئەكەن و ئاگایان لێ نییە، بۆیە پشت بەخوا ئەم ڕۆژنامەیەمان نووسی و بە پشتیوانی خوای گەورە لەمەودوا هەر پانزە ڕۆژ جارێك بڵاوی دەكەمەوەن ناوی ڕۆژنامەكەشمان ناوە “كوردستان”.) سەرەتاكانی ڕۆژنامەگەری لە وڵاتانی عەرەبی و لەنێو كوردیشدا، لە سەر دەستی كەسانی ئەدیب، ئەدەب دۆست، شاعیر و ڕۆشنبیران دەستیپێكرد، بەشێوەیەكی گشتیی سەرەتا زۆرێك لەو كەسانەی لە ڕۆژنامەكان دەستیاندایە وتار نووسین، سەرچاوەی سەرەكیی تێگەیشتن و ڕۆشنبیریان ئەدەب بوو، شێوازی ئەدەبیش باشترین ڕێگە بوو بۆ دەبڕینی بۆچوونەكانیان، هێندێكیشیان ئایین سەرچاوەی وەرگرتنیان بوو، بۆیە بە ئاوێتەكردنی زانیاری ئایینی و شێوازی ئەدەبیی دەیاننووسی، شێخ سەعیدی نەورەسی، شێخ محەممەدی خاڵ لەنێو كوردا نموونەی لەو جۆرەن، هەربۆیە لە لەگەڵ دەستپێكردنی بزاوتی ڕۆژنامەوانی و ژانرەكانی هونەری نووسینی ڕۆژنامەوانی تێكەڵییەك لە نێوان وتاری ڕۆژنامەوانی و وتاری ئەدەبی هاتەكایەوە.
زمان و ئەركەكانی وتاریی ڕۆژنامەنووسی
وتاری ڕۆژنامەنووسی، جیا لە وتاری ئەدەبی و زانستی بۆ تەواوی خوێنەرانی ڕۆژنامە و گۆڤاری گشتی دەنووسرێت، نووسەری وتاری ڕۆژنامەوانی گەر ئامانجێك یا بیرۆكەیەكی هەبێت دەبێت بە سانایی و ڕوونی بیگەیەنێتە خوێنەر، لەم پێناوەشدا پێویست دەكات وێڕای هەڵبژاردنێكی شێوازێكی گونجاو بۆ دارشتنی وتارەكەی، بە زمانێكی ڕوون، سادە و ئاسان بنووسێت، چونكە وتار بۆ خوێنەری گشتیی دەنووسرێت بۆیە پێویستە: بە زمانێكی جوان، سادە و ڕوون، بەڵام بە جددی بنووسرێت. ئەو وشە و زاراوانەی كە باو نین و ڕەنگە خوێنەر لێیان حاڵی نەبێت لە نێوان دوو كەوانەدا ڕوون بكرێنەوە. پێویستە نووسەری وتار هەوڵبدات، ڕستەی كورت و مانادار بەكار بێنێت لەباتی درێژدادری.
جۆرەكانی وتار
زۆربەی توێژەرانی بواری ڕۆژنامەوانی، وتاری ڕۆژنامەوانی بۆ چوار جۆر پۆڵین دەكەن ئەوانیش: (سەروتار، ستوونی ڕۆژنامەوانی، وتاری شیكاری، وتاری ڕەخنەیی) وەك هەر توێژینەوەیەكی زانستیی نامەكەی سالار عوسمان بە چەند ئەنجامێك كۆتایی هاتووە. لیستی ناوی سەرچاوەكانیشی بە پیتی هیجائی ڕیزكراوە كە كۆی گشتی سەرچاوەكان بریتییە لە حەفتا و شەش سەرچاوە، دواتریش بە پاشكۆیەك بژاردەیەك لە جۆری وتاری كوردیمان بۆ كۆ دەكاتەوە و پاشانیش پوختەی باسەكە جگە لە كوردی، بە زمانی عەرەبی و ئینگلیزیی خراوەتە ڕوو.
خەسڵەتەكانی وتار
یەكەم: جێی بایەخی خوێنەر بێت و باس لەو ڕووداو و باسانە بكات، كە بە لای خوێنەرەوە گرنگن.
دووەم: نووسەر ڕەگەزیی هەنووكەیی لە وتارەكەیدا فەرامۆش نەكات.
سێیەم: نووسەر كاتێك لە ڕێگەی وتارێكەوە خوێنەر دەدوێنێ، پێویستە ڕەچاوی ئاستی تێگەیشتنی گشتیی خوێنەران بكات، بابەتەكە لە چوارچێوەیەكی دیاریكراودا واتە نە زۆر درێژ، نە زۆر كورت بگەیەنێتە خوێنەر.
چوارەم: دەبێت نووسەر ڕەچاوی زیندوویەتی بكات لە داڕشتنی وتارەكەیدا.
پێنجەم: وتار بە شێوەیەكی ڕاستەوخۆ گوزارشت لە ڕای نووسەرەكەی دەكات.
شەشەم: وتار تەنیا لە بۆچوونی نووسەرەكە خۆی نابینێتەوە، بەڵكو بەڵگە، شاهێد و داتا و زانیاری لەخۆ گرتووە، نووسەر بۆ پشتیوانی لە بۆچوونەكەی پەنایان بۆ دەبات.
حەفتەم: ئامانج لە وتار گەیاندنی پەیامە، بە شێوەیەكی لۆژیكیانە و چەندە نووسەر بەهرەمەند بێت لە زمان، شێوازی داڕشتن و دواندنی عەقڵی خوێنەر، ئەوەندە لە قەناعەت پێهێنانی خوێنەر نزیكبووەتەوە.
جیاوازی نێوان وتاری ئەدەبیی و وتاری ڕۆژنامەنووسی
دائیرەی مەعریفی بەریتانی لە بارەی وتاری ئەدەبیەوە نووسیویەتی: (پەرەگرافێكی نووسراوە و لە درێژیدا مامناوەندە، بە شێوازێكی سادە و هەندێك جار درێژدادڕی بابەتێك تاوتوێ دەكات بە تایبەتی لەو ڕووەوە كە كاریگەری لە سەر نووسەرەكە هەبێت.) وتاری ئەدەبی نووسینێك یاخود دەربڕینێكە نووسەر دەیخوڵقێنێت، خەسڵەتی دیاری ئەوەیە، كە هەست و سۆزی نووسەرەكەی تێدا ڕەنگیداوەتەوە، بە دەستەواژە ودەربڕینی جوان و پاراو نووسراوە.
یەكەم: لە ڕووی مێژووییەوە:
وتاری ئەدەبی خاوەنی مێژوویەكی كۆنترە و سەرەتاكەی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی ڕێنیسانس لە ئەورووپا، بەڵام وتاری ڕۆژنامەوانی سەرەتای دەركەوتنی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی پێشكەوتنی زانست، ڕۆشنگەری و فراوانبوونی كایەكانی ژیان.
دووەم: لە ڕووی ماناوە:
دەكرێت بگوترێت، وتاری ئەدەبی بە زمانێكی باڵا و نموونەیی داڕێژراوە، نووسەر بەپشت بەستن بە توانستی زمانەوانی، ڕۆشنبیری و باكگراوندی فراوانی لە كایەی ئەدەبدا، دەینووسێت و مەرج نییە هەموو كەسێك لەو زمانە ئەدەبییە، كە زمانێكی ڕەونەقدار و ڕازاوەیە سەر دەركات.
سێیەم: لە ڕووی شێوازەوە:
وتاری ئەدەبی، ئامانجی گەیشتنە بە مەبەستەكانی جوانی و تا ئەوپەری ڕادە پشت بە ڕازاندنەوەی وشە و دەستەواژەی ناوازە دەبەستێت، نووسەر دەیەوێت لەو ڕێگەیەوە بگاتە لووتكەی جوانی و هێنانەدی ئەو مەبەستەی دەیخوازێت، بەڵام وتاری ڕۆژنامەوانی لە بنەڕەتدا، دەبڕینێكە دەربارەی كاروباری كۆمەڵایەتی و بۆچوونی پراكتیكی بە ئامانجی ڕەخنە لێگرتنی یاخود كەمكردنەوەی بایەخی، یاخود بۆ بەرگری و پشتیوانیكردن لە بۆچوونێك دەنووسرێت، هەموو ئەوانەش بە شێوازێكی سادە و ساكار دەبێت، نووسەر دەیەوێت بە كورتترین ڕێگە بگاتە خوێنەر و پەیامەكەی جێگەی پەسندی خوێنەر بێت.
چوارەم: لە ڕووی ئەركەوە:
هەریەك لە وتاری ئەدەبی و ڕۆژنامەوانی ئەركی تایبەت بە خۆیان هەیە، دەشێت وتارێكی ئەدەبی، ئەركی ڕەخنە، شیكار، لێكدانەوە، ناساندنی كایەیەكی دیاریكراوی ئەدەب بێت، بەڵام وتاری ڕۆژنامەوانی زۆرتر كار لە سەر دروستبوونی ڕای گشتی، ئاراستەكردن و ڕێنمایی كردنی خوێنەر دەكات.