رۆژنامەی ھەولێر

ئایا تەلارسازیی کوردیمان هەیە؟

خوسرەو جاف
ئێمەی کورد لەعنەتێک ھەروەک گەردنبەندێکی ئاسەواری لە ملماندایە، کاتەکەشی نە ساڵێکەو نە سەد و نە ھەزار. ئیتر ئەو میراتە خوێناوییە لە قووڵایی مێژووەوە دووچاری ئێمەی کوردە. زۆرتر لە لەعنەتێکی ئاسمانی دەچێت. ڕاستە ئێمەی کورد میللەتێکی سەیرین، ھێندە باوشمان بۆ بێگانە کراوەیە، ئەگەر سەدا ١٠ـی بۆ یەکتر ئاواڵە بووایە، گرفتی ئێمەی کورد نەدەگەیشتە چارەکی یەکەمی سەدەی بیستویەکەم.
ئەم قوفڵە جادووەی وا لە کۆنەوە لە گەردەنماندایە (بەرانبەر یەک) کلیلەکەشی بەلای خۆمانەوە نییە ئەگەر وا نەبووینایە بەرانبەر یەک گەلانی دەرو دراوسێمان لەو ماوە درێژەیدا خۆیان بە ئاغای ئێمە نەدەزانی و شاکلیلی قوفڵەکانی گەردەنمانیان رانەدەوەشاند! ئەمەی من دەیڵێم و پەنجەم خستووەتە سەری، گرفتی نێوخۆیی خۆمانە وا دووچاری رموزنەکانی دراوسێمانین.
بەندە کابرایەکی تەلارسازم و ئاگاداری مێژووی تەلارسازی بەشەریەتم و لەو ڕووەشەوە چەندین کتاو و کۆڕ و کتاوچەو باسیشم نووسیوە. باشە ئەوەش روونبووه‌تەوە، کە ئێمەی کورد رەگەزمان دەگەڕێنینەوە سەر (ماد) با نەختەکێک بگەڕێینەوە بۆ قوڵایی مێژوو، گوێ ھەڵەخەین بۆ مێژوونووسی گەورەی یۆنانی:(ھیرودوت) نووسیوەو دەربارەی کە لە ٢٥٠٠ ساڵ لەمەوبەرەوە چی نووسیوە و دەربارەی (ئەگباتانا)ـی پایتەختی دەسەڵاتی ماد، چی دەڵێت: ئەو شارە حەوت شوورەی بە دەوردا بۆ کراوە، ھەر شوورەیەکی بە ڕەنگێک، بەرینییەکەی نێوان شوورەکان چەندین گالیسکەی پڕتاوی جەنگی دەیتوانی لە مابەینی دوو شوورەیدا ھاتوچۆ بکەن، کۆشکە مەزنەکەی شای دەسەڵاتدار لە چەقی شاردایە و کۆشکی دەسەڵاتدارانی فەرمانڕەوایی بە دەوری کۆشکی شادا بە شێوەیەکی رازاوە و ئەندازەگیری تایبەت بینا کراون.
خۆ کۆشکە مەزنەکەی شای (ماد) ئەو رازاوەیەی من لەوێوە دیومە تا بە ئەمڕۆ لە جێگەی کە بەرچاوم نەکەوتووە (ھیرودوت) باس لەوە دەکا کە میللەتی ماد بە درێژای ٥٠٠ ساڵ ژێردەستەی دەسەڵاتی (ئاشوور) بوونە و بە ئەوپەڕی توندوتیژییەوە مامەڵەیان لەگەڵ مادا کردووە.
ھەر لە رووی شوورەی دەرەوە دەدوێ و دەڵێت: شوورەی دەرەوە بڵندترین شوورەکانە، ھەر سەد مەتر کۆنگرەیەکی چاودێری تێدایە و دوو دەروازەی گەورە لە ڕۆژھەڵات و ڕۆژئاوای شوورە سەرەکیەکەوەیە. ئەو پێشکەوتنەی ھیرودوت باسی لێ کردووە برادەرانی فارسمان بە ھەزارویەک جۆر کۆشاون و تا بە ئێستاش بیشارنەوە. ئەم پێشکەوتن و ئاسەوارە بۆ خوا ئێستاکە بەردێکی بە نموونە وەبەر چاو ناکەوێت ئاسەوارەکان بەرد بەردی ھەڵکەنراوە، زۆربەی لادێیەکانی ئەو دەوروبەرە خانووەکانیان لە بەردی ئاسەورای (ئاگباتانا)ی پایتەختی (ماد)ی لە رووی ڕێکەوتەوە پەرستگای [ئه‌ناھیتا] کە جێگەیەکی ئایینی مادەکان بوو. شارەدێیەک لەبن دەستی ئەو پەرستگایەدایە تەواوی دەورو دیوارو شەقامەکانی لە بەردی ئەو پەرستگایە دروستیان کردووە ھەتاوەکو موحەمەد رەزا شای پەھلەوی کە چەژنی دوو ھەزار و پێنچ سەد ساڵەی لە ڕێوڕەسمێکی جیهانیدا ئەنجام دا و ٢٠٠ ساڵ فەرمانڕەوایی (ماد)یان لەسەر قووڵایی مێژووی ئێران نەژمارد و لایان دا و باسیان لێ نەکرد.
من وەک تەلارسازێک ئەوەم لا ئاشکرایە کەوا مێژووەکەی بە گوێرەی دەسەڵاتە زلزەلامەکانە واتە ئەو وڵاتانەی لەمێژدا دەسەڵاتیان گەیشتووەتە ئاستی ئیمپراتۆریەت، ئەوڕۆکە خێزانە تەلارسازییە سەرەکییەکان بە گوێرەی دەستنیشانکردنی چاوساقانی ئێستا ئەمانەی خوارەوەن:
1. خێزانی تەلارسازی (دۆڵی دوو رووبار) ئەم خێزانە بنبڕ بووە و ئەوڕۆکە چاولێکەرانی لە جیهانی تەلارسازیدا بەدی ناکرێت، کە ئەوسا ناسراو بووە بە سیستەمی زیکورات.
2. تەلارسازیی دەسەڵاتی فه‌راعینه‌، کە لە وڵاتی میسری ئێستادایە نیشانەی دیاری و بەناوبانگی (ئەھرام)ی میسرن و ئەو ساختمانانەی لەوان بەجێ ماون.
3. بنەماڵەی تەلارسازیی یۆنان، کە بە یەکێک دایکانەکان دەژمێردرێن چ لە رووی تەلارسازییەوە یان پەیکەرتاشین.
4. بنەماڵەی تەلارسازیی دەسەڵاتی ڕۆمان کە ئەو دەسەڵاتە بە زۆر و بە رەزا بوونە خاوەنی فەرھەنگی تەلارسازیی یۆنان لەبەر ئەوەی دەسەڵات و ئیمپراتۆریەتەکەیان دورودرێژ و تێکەڵاوی کاروکردەوەی میللەتانی تر بوون تۆزەکێک شێوەی کاریان گۆڕاوە بۆ خۆیان بوونەتە خاوەنی شێوەیەکی تایبەت بە خۆ.
5. شێوەی تەلارسازیی ئێرانی، کە سەرەتاکەی ئەم قوتابخانەیە لە سەردەمی دەسەڵاتی مادەوەیە دەستیان ھێناوە وە دوای پەلاماری سوپای ئیسلام و (مزگەوت) دروستکردن ئەوڕۆکە سیستەمی تەلارسازی مزگەوتی ئێرانی جیاوازە لەوانی دی.
6. شێوەی تەلارسازیی مزگەوتەکانی ھندوستان ئەوانەش جیاوازیی زۆریان ھەیە لەگەڵ مزگەوتی وڵاتە ئیسلامییەکانی تردا زۆرتر ھەر لە بەردی بڕاویان تەراشا و مزگەوتی ھندی بەکاری بردووە و دەیبا.
7. شێوەی مزگەوتەکانی عوسمانی، یان تورکی ئەوانیش تایبەتمەندیی خۆیان ھەیە بە تایبەت لە دوای سەردەمی (سینان)ـی تەلارساز، کە بۆ خۆی تەنها قوتابخانەیەکی تایبەت بووە.
8. تا ڕادەیەک مزگەوتەکانی وڵاتی میسر لە مزگەوتەکانی عێراق و سوریاو ئوردن و سعودیا جیاوازن .
9. تەلارسازیی شێوەی چین لە تەواوی ئەو شێوانەی وا باسم کرد جیاوازە و تایبەتمەندیی خۆیان ھەیە لە بنەماوە لە تەواوی تەلارسازییەکانی دنیا جیاوازە .
من دەربارەی میعماری مزگەوتەکانم کردە دیاردە و شێوەی قوتابخانەی ئیسلامی کە سەرجەم شێوەی مزگەوتەکان و تەواوی ئەوانە بە بنەماڵەی میعماری ئیسلامی ناسراون. ئەوە حاشاھەڵنەگرە گەشەکردنی تەلارسازی ھەمیشە لە چەند مەرجێکدا گەشە دەکا (دەسەڵات _ دارایی _ ئەکادیمی) ئەو سێ خاڵە لە ھەر وڵاتێکدا کۆ بوونەوە، تەلارسازی گەشەی لێدا دەکا.
ڕەنگە یەکێک بپرسێت باشە ئێمەی کورد لەو ڕووەوە لە چ قۆناغێکداین؟
وەڵامەکەی ئەوەیە لە ھیچ قۆناغێکدا نین، ئێمە شێوەیەکی تایبەتی تەلارسازیمان نییە بەڵام ئەوە ناگەیەنێت کە نەکۆشین بۆی. بەندە بیست ساڵ لەمەوبەر بانگەوازێکم بڵاو کردەوە با ئێمەش وەک گەلانی تر بکۆشین ببین بە خاوەنی ھەنگاوی یەکەمی تەلارسازی کوردی با یەکێک لە شەقامەکانی ھەولێر یان دھۆک یان سلێمانی تەرخان بکەین بۆ ئەو بیرۆکەیە ھەرکەس لەو شەقامەدا ساختمان دروست دەکا دەبینین بە چەندین مەرج کە تەرخان کراوە، میللەتانی تریش بەو شێوەیە بوونه‌ته‌ خاوەنی شێوەیەک لە شێوەکانی تەلارسازی. ئێمەی کورد ماومانە بیر لەو زەرافەتکاریانەدا بکەینەوە چونکە ئاماژەم بۆ ھۆکارەکانی کردووە (دەسەڵات و دارایی و ئەکادیمی) ئاسایش بەڵام لە ڕوویەکی ترەوە، خاوەنی خانووبەرەی ژینگەیین، وەک دیواری ئەستووری لە شەست (٦٠) سانتیمەتر ئەستوور و پەنجەرەی باریکی ١مەتری درێژ بە مەرجێک لە لێواری دیوی ژوورەوەی دیوار دابنرێت تا ھەتاوی بەرنەکەوێ.
ئێستا ژیان گۆڕاوە و تەکنەلۆژیا فەرمانڕەوایە وە لەوانەش گوزەشتە بڕێك لە دیزاینەری تەلارسازی ھەتاوەکو پابەندی مەرجەکانی تەکنەلۆژیاش نابێت و فورم و شکلی ھەندەسی وا دەخوڵقێنێ کە لە مێژدا نەبینراوە، بە نموونە تەلارسازی بەناوبانگی جیهانی (زوھا حەدید) بەڵام بە شێوەیەکی تێکڕا یەشتا ژینگە و فەرمانڕەوایەکەی بەردەوامە بۆ نموونە ئەگەر داوای دیزاینێک لە بەندە بکرێت لە پێش ھەموو ھۆکارێکدا دەپرسم زەویەکەت لە چ ژینگەیەکدایە لەناو ژینگەیەکی شاخاویە یان سەحراییە یان کەناری دەریایە یان لێواری رووبارە یان سەوزەڵانی و جەنگەڵیە؟
ڕەنگە یەکێک لای وابێت ئێمەی کوردیش میعماریمان ھەیە ئەوە نیە لە قەڵای ھەولێردا یان قەڵای کەرکووکدا خانووی کۆنمان ھەیە و لە جێگەی تردا نییە .
ئەم جۆرە خانووانە ھەروەک چێشتی مجێور وان ڕاستە کۆنن سەد ساڵ یان دووسەد ساڵ تەمەنیانە وا چاکە بیانپارێزین، بەڵام ئەو ساختمانانە لەسەر شێوەی تەلارسازی نەک کوردی بەڵکو نە عوسمانی و نە ئێرانی و نە ئیسلامی دادەندرێت، تێکەڵه‌یەکە لەو سێ فۆرم و شکڵ و شەمایلانە. یان ئەو خانووبەرانەی لە کوردستانی باکووردا لە مێژەوە بەجێ ماون ئەوانە پاشماوەی تەلارسازی ڕۆمانیە یان خانووبەرەی خەسراوا (خسرەوئاوای) شاری سنە له‌وێڕا ئەگەرچی بنەمای سەرەکیی دیزاینی خەسراوا زۆرتر ھی سەردەمی دەسەڵاتی (قاجاریە) بەڵام نەختەکێک ھەوا و ھەوەسی کوردەواری پێوە دیارە، ھەروەھا چەند خانووبەرەیەکی ناو شاری سنەیش ھەمان شێوەن ماوەتەوە سەر بیروبۆچوونێک ئەویش ئەوەیە بەدەستهێنانی تەلارسازیی تایبەت، بە خۆ نەک ھەر بۆ ئێمەی کورد کە ژیانێکی دامەزراوەی دوور لە ئاڵۆزیی سیاسیمان نییە و ھەمیشە مەترسی پەلاماری دراوسێ ناقۆڵاکانمان لە خولیاماندایە، بەڵام ئەوەیە ناگەیەنێت تەماحگیری بەدەستهێنانی شێوەی تایبەتی تەلارسازی خۆمان نەبین، یا ئەمەش وەک زۆر شتی تر توانیمانە بیکەین و نەمانکردووە ئاخر لەبیرت نەچێت ئێمەی کورد خاوەنی قفڵێکی مێژوویین، ھەرنەبێ لەگەڵ یەکدا، چەندھەزار ساڵە چاوەڕوانی شاکلیل‌بەدەستێکین تا قوفڵەکانی بکاتەوە، کەیە؟
نازانم و خەریکم دەستبەرداری شاکلیلەکم دەبم و خۆم دەدەمە دەستی ھەروەھابوونەوە!