شیڤان شێرزاد – هەولێر
دوای بڵاوبوونەوەی گۆرانی “پیری”، هونەرمەند “سامان عومەر” لە ئاخاوتنێکی دا ڕایدەگەیەنێت، کە ئێستا سەرقاڵی چەند بەرهەمێکی نوێیە و بەنیازە لە داهاتووێکی نزیکدا لە کەناڵی تایبەتی خۆیدا بڵاوی بکاتەوە.
“سامان عومەر” لەم لێدوانەی دا پەردە لەسەر چەند ڕاستیەک لادەدات، کە ئەویش نەبوونی پاڵپشتیه بۆ بەرهەمی هونەرمەندان، بەتایبەت هونەری گۆرانیی و نەبوونی سپۆنسەری کارەکان، بۆیە ئەو ماوەیە بێدەنگیم هەڵبژاردووە، گۆرانی “پیری”ـش یەکێک بوو لەو کارانەی بە عەشقەوە کارم بۆی کرد و تەنانەت وشەکانی هۆنراوەکەی لە ڕوحم دەرچوون و ئەوەی گوێی بۆ دەگرێت دەیباتەوە زەمەنێکی پڕ لە یادگاری ڕابردوو، تێنوویەتی لە بەرهەمی ڕەسەندا دەشکێنێت.
بۆیە نامەوێت هیچ بەرهەمێکی کرچ و کاڵ بڵاوبکەمەوە، کە کاریگەریی بکاتە سەر ڕابردووی ئەزموونی هونەریم وەک هونەرمەندێک و دەمەوێت بە وردی کار بۆ ئەو بەرهەمانە بکەم، کە ئێستا تێکست و میلۆدییەکانم ئامادە کردوون و لە ئاییندەیەکی نزیکدا تۆمار و بڵاویان دەکەمەوە.

