رۆژنامەی ھەولێر

هێشتا نزیکەی سێسەد هەزار ئێزدی ئاوارەن و نەیانتوانیوە بگەڕێنەوە شوێنەکانیان

سلێمان تاشان – هه‌‌ولێر

 

بەپێی دواین ئامار کە ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکانی هەرێمی کوردستان ئاشکرای کردووە نزیکەی سێسەد هەزار ئێزدی لە هەرێمی کوردستان دوای یازدە ساڵ لە ئاوارەبوونیان هێشتا نەیانتوانیوە بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان، نەبوونی ئاسایش و ئاوەدانی و بۆشایی خزمەتگوزاری بە گرنگترین هۆکار دادەنرێت

دیندار زێباری ڕێكخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەكان ڕای گەیاند دوای هێرشی تیرۆریستانی داعش، هەرێمی كوردستان میوانداریی زیاتر لە دوو ملیۆن پەنابەر و ئاوارەی ناوخۆیی كرد كە بەشێكی بەرچاو لەو ئاوارانە لە كوردانی ئێزیدی بوون، بەگوێرەی ئامارەكان زیاتر لە دووسەد و نەوەد هەزار ئێزیدی لە هەرێمی كوردستان ئاوارەن و لەو ژمارەیە سەد و بیست هەزار کەسیان لە ناو كەمپەكان و سەد و حەفتا هەزاریان لە دەرەوەی كەمپەكان و لە شار و شارۆچکە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان دەژین.
بەپێویست زانراوە بارودۆخی ئاسایشی ئەو ناوچانە سەقامگیر بێت و خزمەتگوزارییە سەرەكییەكانیان بۆ دابین بکرێت. زێباری ئاماژەی بە پڕۆژەیەکی پاڵپشتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کردووە کە ساڵێکە پاڵپشتیی دارایی بۆ ڕزگاربووانی دەستی داعش ڕاگەیاندووە و بەپێی پڕۆژەکە مانگانە بڕێک یارمەتییان پێشکەش دەکرێت و یارمەتییەکەیش تەواوی ئەندامانی خێزانە ڕزگاربووەکان دەگرێتەوە و تەنانەت ئەوانەش کە لە دەرەوەی وڵاتن یارمەتییان پێ دەگات و ئەمەش دەیسەلمێنێت یار و پاڵپشتیکاری سەرەکیی ئێزدییەکان هەرێمی کوردستان و حکوومەتەکەی بووە.
دوێنێ وەک هەموو ساڵێک یادی ئەو کارەساتە کرایەوە کە بەسەر ئێزدییەکاندا هات و دوای یازدە ساڵ لە جینۆسایدی ئێزدییەکان دیاریی حکوومەتی عێراق ئەوە بوو ڕۆژێک بۆ ئیزدییەکان بکرێتە پشووی فەرمی. ئەمە لە کاتێکدایە کە ئەو چاوەڕوانییە لە حکوومەتی عێراق هەیە ناوچەکانیان بە خێرایی بۆ ئاوەدان بکاتەوە، ئاسایش و سەقامگیری بگەڕێنێتەوە ناوچەکە و بەو توانا و بودجەیەی هەیەتی خانوو و شوێنی نیشتەجێبوون بۆ ئێزدییەکان بنیات بنێت و خزمەتگوزارییەکانیان بۆ دابین بکات و بە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی شنگال کۆتایی بەو دۆخە ناهەموارەی ئاسایشی ناوچەکە بهێنێت.
راگەیاندنی ڕۆژێک پشوو دوای یازدە ساڵ لەو ڕووداوە لە لایەن سەرۆک وەزیرانی عێراق برینی قووڵی ئێزدییەکان ساڕێژ ناکات و ئەو پێکهاتە گرینگەی کوردییە چاویان لەوەیە دۆسیەکەیان بە جینۆساید بناسێنرێت و لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ئاوڕی ڕژدیان لێ بدرێتەوە.
یەکێک لە کێشە هەرە سەرەکییەکان و لەمپەری بەردەم جینۆسایدی ئێزدییەکان و تەنانەت هەموو ئەو کۆمەڵکوژییانەی لە ماوەی ئەم سەدەیە و دوو دەیەی کۆتایی سەدەی ڕابردوو بەسەر کورددا هاتووە ئەوە بووە کە عێراق هێشتا لە دادگای نێودەوڵەتیی لاهای ئەندام نییە و ئەگەر ئەو ئەندامێتییەی هەبوایە ئەوا دەکرا دۆسیەکان خێراتر بجووڵێنرێن و دەوڵەتی عێراق بەرپرسیاری سەرەکییە بۆ ئەوەی لەم ڕووەوە هەنگاو بنێت.
دوێنێ یەکشەممە وەزارەتی دەرەوەی عێراق جارێکی تر داوای بە جینۆساید ناساندنی ئەو تاوانەی کردووە و پێداگری کردووە کە پێویستە وێڕای بە جینۆسایدناساندنی تاوانەکە هەموو هەوڵێکی جیهانی بەگەڕ بخرێت تا ئەو ئێزدییانە ڕزگار بکەن کە هێشتا بێسەروشوێنن و لە ژێر دەستی چەکدارانی داعشدا ماونەتەوە.
وەزیر دەرەوەی عێراق یاسای ژمارە هەشتی ساڵی ٢٠٢١ی بیر خستووەتەوە کە بریتییە لە یاسای پاڵپشتی لەو ئێزدییانەی کە ڕزگاریان بووە و داوای پاراستنی مافەکانیانی کردووە.
جێی باسە جگە لە وڵاتانی ئەڵمانیا و بەریتانیا، کە بە فەرمی جینۆسایدی ئێزیدییەکانیان ناساندوە، وڵاتانی تر و نەتەوە یەکگرتوەکان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتیەکان ئەم تاوانە گەورەیەیان پشتگوێ خستووە.
بەپێی دواین ئامارەکان بەهۆی هێرشی داعش بۆ سەر ئێزدییەکان نزیکەی پێنج هەزار کەس کوژراون و دوو هەزار و حەوتسەد و چل و پێنج منداڵ بێ دایک و باوک بوون. هەروەها شەش هەزار و چوارسەد و حەڤدە ئێزدی ڕفێندران.
خەمخۆری سەرەکیی ئێزدییەکان کوردە و ئەگەر لە لایەن حکوومەتی عێراقیش هەوڵێک بۆ ئەو مەبەستە درابێت یان لە لایەن بەرپرسێکی کورد و یان لە ژێر گوشاری کورددا بووە.