ڤیان دەخیل، وتەبێژی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق، لە ڕاگەیەیەندراوێکدا لە یادی جینۆسایدی کوردانی ئێزدی ڕایگەیاند؛ سەرەڕای تێپەڕبوونی زیاتر لە دەیەیەک بەسەر هێرشە قێزەونەکەی تیرۆرستانی داعش بۆ سەر شنگال، حکوومەتی عێراق بەردەوامە لە فەرامۆشکردنی دۆسیەکە و داواکارییەکان بۆ بەدیهێنانی دادپەروەری و ئاوەدانکردنەوە، بە هەڵواسراوی ماونەتەوە.
باسی لەوە کرد کە جینۆساید کۆتایی نەهاتووە و وەک بەڵگە ئاماژەی بە مانەوەی زیاتر لە 280 هەزار ئاوارەی ئێزدی لە کەمپەکاندا کرد، لەگەڵ هەزاران خانووی وێرانکراو و دەیان گۆڕی بەکۆمەڵ کە تا ئێستا هەڵنەدراونەتەوە.
بەپێی ئەو ئامارانەی ڤیان دەخیل خستوویەتییە ڕوو، لە کۆی 6,417 هاووڵاتیی ئێزدیی ڕفێندراو، تا ئێستا چارەنووسی 2,827 کەسیان نادیارە. هەروەها کارەساتەکە بووەتە هۆی بێ باوک و دایک بوونی 2,745 منداڵ، لە کاتێکدا نزیکەی 400 هەزار کەس ئاوارە بوون و زۆرینەیان نەگەڕاونەتەوە.
دەشڵێت؛ شنگال تا ئێستاش بە بێدەنگی خوێنی لێ دەچۆڕێت و بەدەست نەبوونی ژێرخان، خزمەتگوزاری، پەروەردە و کەرتی تەندروستییەوە دەناڵێنێت و داوای کرد حکوومەتی فیدراڵ چیتر ئەم دۆخە نادیدە نەگرێت.

