ڕائیب جادر – هەولێر
وەزارەتی بازرگانیی عێراق لە ڕاگەیێندراوێکدا وادەی خۆتۆمارکردنی لە فۆڕمی ئەلیکترۆنیی خۆراک درێژکردەوە، ئەمە لە کاتێکدایە تا ئێستا لە ھەرێمی کوردستان چوار ملیۆن و ٤٨٢ ھەزار و دوو کەس فۆرمەکانیان نوێکردووەتەوە.
لە ٢ی حوزەیرانی ٢٠٢٥ـەوە پڕکردنەوەی فۆرمی ئەلیکترۆنیی خۆراک دەستیپێکرد و بڕیارە کۆتایی مانگی ئاب دوایین ڕۆژ بێت، دوای ئەو وادەیە ھەر کەسێک ناوی تۆمار نەکات، بەشەخۆراکی دەبڕدرێت.
فۆڕمی ئێستای خۆراک دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٩٩٦، بۆیە حکوومەتی عێراق بڕیاری دا گۆڕانکاری تێدا بکات. گۆڕانکارییەکە لەڕێگەی ئەپلیکەیشنێکەوەیە کە زانیارییەکان بە زمانەکانی کوردی و عەرەبی تۆمار دەکات.
مانگانە لەڕێگەی فۆرمی خۆراکەوە لە سنووری سلێمانی و ھەڵەبجە دوو ملیۆن و ٧٤ ھەزار و ١٢٩ کەس، لە پارێزگای ھەولێر ملیۆنێک و ٩٨٤ ھەزار کەس و لە پارێزگای دھۆکیش زیاتر لە ملیۆنێک و ٣٢٠ ھەزار کەس بەشەخۆراک وەردەگرن.
وەزارەتی بازرگانی ڕایگەیاندووە، بڕیارماندا بە درێژکردنەوەی وادەی خۆتۆمارکردن لە فۆڕمی ئەلیکترۆنیی خۆراک تاوەکو ٢٥ی ئاب، داوا لە ھاووڵاتییان دەکات لە خۆتۆمارکردن پەلە بکەن و ئەمە کۆتا ھەلە و دوای ئەو وادەیە خۆتۆمارکردن بە تەواوی ڕادەگیرێت. محەممەد حەنوون، گوتەبێژی وەزارەتی بازرگانیی عێراق، ئاشکرای کرد: تاوەکو ٣١ـی تەممووز، لە ھەرێمی کوردستان چوار ملیۆن و ٤٨٢ ھەزار و دوو کەس فۆرمەکەیان نوێکردووەتەوە کە دەکاتە ٨٣٪ـی کۆی دانیشتووان، لە ھەولێر ملیۆنێک و ٦٩٠ ھەزار و ٩٤٧ کەس، بە رێژەی ٨٥٪، لە سلێمانی ملیۆنێک و ٦٥٣ ھەزار و ٨٧٩ کەس، بە رێژەی ٨٤٪ و لە دھۆک ملیۆنێک و ٣٦ ھەزار و ٣٨٨ کەس، بە رێژەی ٧٩٪، ھەروەھا لە ھەڵەبجە ١٠٠ ھەزار و ٧٨٨ کەس، بە رێژەی ٨٨٪.
سیامەند قادر نانەکەلی، بەڕێوەبەری پسووڵەی خۆراکی ھەولێر، لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ئاشکرای کرد: ئەو ژمارە کەسەی تاوەکو ئەمڕۆ فۆرمەکەیان پڕنەکردووەتەوە، بەشێکیان لە ژیاندا نەماون، بەشێکیان لە دەرەوەی وڵاتن، داوا لە ھاووڵاتییان دەکەم لەو ماوەی کە ماوە فۆرمەکە پڕبکەنەوە و دەرفەت لەدەست مەدەن ئەگەرنا بەشەخۆراکتان دەبڕدرێت.
بۆ نوێکردنەوە و تۆمارکردنی ھەموو خێزانەکان لە فۆرمی ئەلیکترۆنی، ئەپلیکەیشنێک ئامادەکراوە بە زمانەکانی کوردی و عەرەبی بەردەستە و زانیارییەکانی تێدا تۆمار دەکەیت.
تاوەکو ئەمڕۆ خزمەتگوزاری گواستنەوەی فۆرم و زیادکردنی ناوی منداڵ بۆ سیستمی ئەلیکترۆنی فۆرمی خۆراک زیادنەکراوە، بڕیارە دوای تەواوبوونی ماوەی پڕکردنەوەی فۆڕمەکە خزمەتگوزارییەکانی دیکە چالاکبکرێن.

