ماكوان عيززهت – هەولێر
چەورییەكانی ناو خوێن دوو جۆرن؛ یەكەمیان چەورییەکە پێی دەڵێن (HDL) كە بە كۆلیسترۆڵی باش ناسراوە و كارەكەی بریتییە لە پاراستنی بۆرییەكانی خوێن لەكەڵەكەبوون و نیشتنی چەوری زیادە.
جۆری دووەمیان بریتییە لە جۆری (LDL)، کە بە كۆلیسترۆڵی خراپ ناسراوە چونكە لەناو شانە و ئۆرگانەكانی لەشدا دەنیشێت و زیانی گەورەی تەندروستی دەبێت. بۆ زانینی ڕێژەكانیشیان لە كاتی ئەنجامدانی شیكاری كۆلیسترۆڵی خوێندا هەردوو جۆرەكەی چەوریی خوێن دەردەكەوێت.
مانەوەی كۆلیسترۆڵ لە خوێندا بە رێژەیەكی دیاریكراو گرنگە بۆ تەندروستی مرۆڤ، ئەمە لە كاتێكدا كە لەش بە پێی پێویستی خۆی كۆلیسترۆڵ دروست دەكات، بەڵام ئەو كۆلیسترۆڵەی لە رێگەی خواردنەوە وەردەگیرێت هەندێك جار دەبێتە هۆی نیشتنی لە ناو بۆرییەكانی خوێن و لە ئەنجامدا زۆر جار نەخۆشیی دڵ و رەقداگەڕانی خوێنبەرەكان و جەڵتەی بەدوادا دێت.
د. بەنان قاسم لە بارەی ھەڵەتێگەیشتن لە ڕێژەی چەوریی خوێن، چەند زانیارییەكی گرنگ دەخاتە ڕوو بۆ ئەوەی لە بارەی زانیاری ورد لەسەر چەوریی خوێن هەبێت.
کە ھیچ نیشانەیەک نەبوو، شکنینی ڕێژەی چەورییەکانی خوێن پێویستە؟
د. بەنان قاسم: کەڵەکەبوون و زیادبوونی ڕێژەی چەوری بە ھەموو جۆرەکانیەوە پرۆسەیەکی لەسەرخۆیە و ڕەنگە کەسەکە ھەست بە نیشانەیەکی دیار و بەرچاوی جەستەیی نەکات؛ کۆمەڵەی دڵی ئەمریکا ڕایگەیاندووە کە باشترە لە تەمەنی ٩-١١ ساڵاندا جارێک پشکنین بکرێت، دواتر لە تەمەنی ١٧-٢١ ساڵان و دوای ٢٥ ساڵان بە گوێرەی باری تەندروستیی کەسەکە و ئەگەر ھیچ کێشەیەکی نەبوو ئەوا دەکرێ تەنھا بۆ چاودێری، چوار ساڵ جارێک پشکنین بکات.
یانی لە منداڵانیشدا لەوانەیە ڕێژەی چەوری بەرز ببێتەوە؟
د. بەنان قاسم: ھەندێ حاڵەت ھەیە لە منداڵییەوە دەستنیشان دەکرێ و ڕێژەی چەوریی خوێن بەرزە (بۆماوەیی و کاریگەریی جینەکان) و پێویستە چارەسەری پێویست بەکار بهێنرێ بۆیان.
ئایا تەنھا ئەوانەی قەڵەون، دەکرێ ڕێژەی چەورییان بەرز بێت؟
د. بەنان قاسم: بەرزیی ڕێژەی چەورییەکان تەنها تایبەت نییە بەوانەی کێشی لەشیان زۆرە، دەکرێ قەڵەوی و کێشی زیادە ھۆکارێک بن بۆ زیاد بوون بەڵام دەبێ ئەوەشمان لەیاد بێ کە کێشی کەم مانای ئەوە نییە کەسەکە دڵنیا بێت ڕێژەی چەورییەکەی بەرز نییە. چونکە دەکرێ کەسەکە بە ھۆی بۆماوەییەوە ھەڵگری ئەو جینە بێت کە دەبێتە ھۆی بەرزهەڵکشانی ڕێژەی چەوری.
ئایا بەرزیی کۆڵسترۆڵ و جۆرەکانی تری، تەنها لە ئەنجامی خواردنی ڕۆژانەوە دروست دەبێ؟
د. بەنان قاسم: خواردنی ناتەندروستانە پاڵنەرە بۆ بەرزهەڵکشانی ڕێژەی چەورییەکان، بەڵام تەنها ھۆکاریش نییە، ئەوانەی بەهۆی لایەنی بۆماوەییەوە ھەڵگری ئەم نەخۆشییەن، لە هەموو بارێکدا ئەگەری هەیە چەورییان بەرز بێت.
ئایا کاتێ کە دەرمانی دابەزێنەری چەوری بەکار دێنین، ئاساییە ھەموو جۆرە خواردنێک بخۆین؟
د. بەنان قاسم: دەرمان خواردن بەتەنھا کاریگەری نابێ، ئەگەر شێوازی ژیان و ژەم و خواردنەکانیش گۆڕانکارییان تێدا نەکرێت.

