كارزان گلی – ههولێر
پەرلەمانی توركیا و ئەو لیژنەیەی تایبەت بۆ پرسی چارەسەریی كورد دروست بووە، ئامادەكاری دەكەن تا یاسایەكی تایبەت بە چەكدانانی پەكەكە دەربكەن و هەموو ئەو تاوان و تۆمەتانەی دراوەتە پاڵ گەریلا هەڵبوەشێتەوە.
بەگوێرەی راپۆرتێكی ئاژانسی (T24)ی توركی، لەناو پەرلەمانی توركیا پڕۆژە یاسایەكی تایبەت بە چەكدانانی پەكەكە ئامادە دەكرێت، كە لەوێدا هەموو تۆمەت و ئەو سزایانەی بەسەر گەریلادا سەپاوە هەڵدەگیرێت، هەروەها لێبوردنیشیان بۆ دەردەچێت تا بتوانن بگەڕێنەوە ناو كەسوكاریان و هەروەها بەشێوەیەكی مەدەنی ژیانی خۆیان بكەن.
ئەو پرۆژەیاسایە لەلایەن ئەو لیژنەیەوە ئامادە دەكرێت كە ٥٠ ئەندامە و بۆ پرسی چارەسەریی كورد پێك هێنراوە و هەموو پارتە سیاسییەكانیش ئەندامیان تێیدا هەیە و ناوەكانیشیان ناردووە بۆ دیوانی پەرلەمان، بەڵام لەكاتی نووسینەوەی ئەو پڕۆژە یاسایەدا، دەبێت هەفتانە سەرۆكی دەزگای هەواڵگری توركیای لێ ئاگادار بكەنەوە و تێبینییەكانی پێ بڵێن.
بەرپرسێكی ئاكەپە كە نەیویست ناوی خۆی ئاشكرا بكات، قسەی بۆ (T24) كردووە و دەڵێت: ”ئەو پرۆژەیاسایەی ئامادە دەكرێت ناوی لێ دەنرێت (پرۆژەیاسای تایبەت بە چەكدانانی پەكەكە)، لەو پڕۆژەیەدا باس لە چۆنییەتی چەكدانانی پەكەكە دەكرێت و چارەنووسی ئەو گەریلایانەی تێدا جێگیر دەبێت و هەروەها دوای چەكدانان پێویستە ئەو گەریلایانە بچنە كوێ و لە كوێی توركیادا ژیان بكەن؟ ئەمانە چەندین بابەتی تری گرنگ یەكلایی دەبێتەوە.“
بابەتێكی تر هەیە گرنگ لەو پرۆژەیاسایەدا یەكلایی دەبێتەوە، ئەویش ئایە گەریلا كاتێك دێتەوە ناو ژیانی ئاسایی، وەكوو هەر تاكێكی توركیا یاسای سەربازی زۆرەملێی بەسەردا دەسەپێنرێت؟ بۆ وەڵامی ئەو پرسیارە، تاوەكوو ئێستا هیچ هەنگاوێكی كرداریی فەرمی نییە، بەڵام وەكوو ئەوەی باس دەكرێت، ئەو لیژنەیەی پێكهێنراوە و پڕۆژەیاسایەك ئامادە دەكەن، بەدڵنیاییەوە ئەو بابەتەی تێدا یەكلایی دەبێتەوە، چونكە بەشێكی لە گەریلاكان، تەمەنیان بچووكە و كاتێك بگەڕێنەوە ژیانی ئاسایی، یاسای سەربازییان بەسەردا دەسەپێنرێت، بەڵام لەو پرۆژەیاسایەی بڕیاڕە ئامادە بكرێت، ئەو پرسە یەكلایی دەبێتەوە و بڕیاری لەبارەوە دەدرێت.
چەمكی (تورك و توركیا)، بابەتێكی تر و گفتوگۆیەكی تری لە توركیا دروست كردووە، بەشێك لە رۆشنبیر و سیاسییەكانی سەر بە كورد و دەم پارتی، پێیان وایە دەبێت چەمكی (تورك) لە دەستووریی توركیا نەمێنێت، لە بری ئەوە، وشەی (توركیا) بوونی هەبێت، چونكە كاتێك وتت تورك، كەواتە توركیا هیچ نەتەوەیەكی تری لێ نییە تەنیا توركی لێ هەیە، بەڵام كە دەڵێیت توركیا، واتە توركیا چەندین نەتەوەی تریشی لێ هەیە.
ئیلبەر ئاڵتایلی، لێكۆڵەر و مێژونووسی بەناوبانگی توركیا، لەگەڵ ئەوەدایە لە بری وشەی تورك، وشەی توركیا لە دەستووردا جێگیر بكرێت، چونكە توركیا هەر توركی لێ نییە، بەڵام ئەگەر بڵێیت توركیا، ئاساییە و، توركیا، تورك و كورد و ئەرمەن و عەرەبیشی لێ هەیە.
تەنانەت لە سەردەمی عوسمانییەكانیشدا شتێك نەبووە بەناو چەمكی تورك، چونكە لە سەردەمی ئیپمراتۆڕیەتی عوسمانیدا، زۆربەی بەرپرس و والییەكان تورك نەبوون و سەر بە نەتەوەی تر بوونە، بۆیە بەشێكی زۆری رۆشنبیرانی توركیا، لەگەڵ ئەوەدان كە لە هەمواركردنەوەی دەستووری توركیا، گرنگە وشەی توركیا لە بری وشەی تورك بنووسرێت، كە ئەمەش خواستی كوردە.

