ئێوارەی دوێنێ، پێنجشەممە 2025.7.31، بە ئامادەبوونی ڕێزدار “مەلا مستەفا مەسعود بارزانی” نوێنەری “سەرۆک بارزانی“ و د.پشتیوان سادق، بەرپرسى مەکتەبى ڕێکخستنى پارتى لە هەولێر و ڕێبەر ئەحمەد، وەزیرى ناوخۆ و ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر و چیا هەرکی و چنار سەعد عەبدوڵڵا، یاریدەرانی بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارتی لەهەولێر و د.زانا مەلاخالید، بەپرسى لقى2 و ئاری نانەکەلی، بەرپرسی لقى16 و ژمارەیەکی دیکەى لە هاونیشتمانیان و بنەماڵە و خانەوادەی سەربەرزی ئەنفال و شەهیدان، لە هۆڵى لە سەنتەری رۆشنبیری لە هەولێرى پایتەخت، مەڕاسیمی یادی 42 ساڵەی ئەنفال و جینۆسایدکردنی بارزانییەكان بەڕێوەچوو، کە لەلایەن لیژنەى ناوچەى زانکۆى سەربە لقى2ی پارتی بە هەماهەنگى زانکۆى سەڵاحەدین ڕێکخرابوو.
جێگەى باسە، ئەنفال و جینۆسایدکردنی بارزانییەکان، لە ساڵی 1983، دەستپێکی شاڵاوێکی ڕەگەزپەرستانەی رژێمی بەعس بوو دژ بە خەڵکی کوردستان، کە دواجار ئەنفالکردنی ناوچەی گەرمیان و بادینان و کیمیابارانکردنی هەڵەبجە و ناوچەکانی تری کوردستانی بەدواداهات، بەڵام سەرباری هەموو ئەو تاوان و زوڵم و ستەم و زۆردارییە، نەتوانراوە تێکۆشان و خۆڕاگری و بەرگری گەلى کوردستان کپ بکرێتەوە، دواجار خەبات و قوربانیی گەلەکەمان و تێکۆشانی دڵسۆزان و پێشمەرگە قارەمانەکان، دەسکەوت و ئەزموونی هەرێمی کوردستانی لێکەوتەوە و گەلەکەمان مایەوە و ئەنفالچییەکان لە ناوچوون.

