بەهادین جەلال مستەفا
ئەدەبی بەراوردکاری و ئەدەبی جیهانی دوو بواری لێکۆڵینەوەی تێکەڵن، کە هەوڵ دەدەن بۆ تێگەیشتن لە دیاردەی ئەدەبی لە چوارچێوە مرۆییە گشتگیرەکەیدا، بە تێپەڕاندنی سنوورەكانی جوگرافیا و زمان، سەرەڕای بوونی پەیوەندییەکی نزیک و تێکەڵییەکی زۆر لەنێوانیاندا، بەڵام هەریەکەیان چەمک و میتۆدۆلۆجیای تایبەت بە خۆی هەیە کە لەوی دیكەیان جیای دەکاتەوە.
ئەدەبی بەراوردکاری، لقێکە لە لقەکانی لێکۆڵینەوە ئەدەبییەکان کە گرنگی بە لێکۆڵینەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ئەدەبی نەتەوەیی جیاواز دەدات، جەخت لەسەر شیکردنەوەی لایەنە لێکچووەکان و جیاوازەکان و دیاردەکانی کاریگەری و کارتێکردن لە نێوان دوو دەقی ئەدەبی یان زیاتر دەکاتەوە، کە سەر بە زمان و کولتووری جیاوازن. ئەدەبی بەراوردکاری تەنها بە لێکۆڵینەوەی دەقە ئەدەبییەکان سنووردار نییە، بەڵکو پەل دەهاوێت بۆ لێکۆڵینەوەی پەیوەندیی ئەدەب بە بوارە مەعریفییەکانی دیکەوە، وەک هونەرەکان (نیگارکێشی، میوزیك، فەلسەفە، مێژوو و زانستە کۆمەڵایەتییەکان).
هەرچی ئەدەبی جیهانییە، ئەم زاراوەیە ئاماژەیە بۆ کۆمەڵێک بەرهەمی ئەدەبی کە سنوورە نەتەوەییەکانی خۆیان تێپەڕاندووە و، ناوبانگێکی بەرفراوانیان لەسەر ئاستی جیهان بەدەستهێناوە. ئەم بەرهەمانە زۆرجار بەهای فیکری و هونەریی بەرزیان هەیە و گوزارشت لە پرسە مرۆییە هاوبەشەکان دەکەن، ئەمەش وایان لێدەکات کە بتوانن قسە لەگەڵ جەماوەرێکی جیهانی هەمەچەشن بکەن، نووسەری ئەڵمانی، یۆهان ڤۆڵفگانگ فۆن گۆتە، ئەم زاراوەیەی لە سەرەتای سەدەی نۆزدەهەمدا داڕشت بۆ وەسفکردنی بڵاوبوونەوەی جیهانیی بەرهەمە ئەدەبییەكانی ئەوروپا، بەڵام ئەمڕۆ چەمکەکەی فراوان بووە و ئەدەبی هەموو جیهان دەگرێتەوە.
پەیوەندیی نێوان هەردوو بوارەکە لەوەدا ڕوون دەبێتەوە، کە ئەدەبی جیهانی زۆرجار بابەتی لێکۆڵینەوەیە لە ئەدەبی بەراوردکاریدا، ئەو بەرهەمانەی کە سەر بە ئەدەبی جیهانین، بە حوکمی سروشتە کولتوور بڕەکەیان، ماددەیەکی دەوڵەمەند بۆ لێکۆڵینەوە بەراوردکارییەکان دابین دەکەن، کە لە چۆنیەتیی کارلێکی بیرۆکەکان و بابەتەکان و فۆرمە ئەدەبییەکان لەودیو سنوورەکانەوە دەکۆڵنەوە.
بۆ نموونە، لێکۆڵینەوەیەکی بەراوردکاری دەکرێت کاریگەریی “هەزار و یەک شەوە” (کە بەرهەمێکە سەر بە ئەدەبی جیهانییە) لەسەر ئەدەبی ئەوروپی تاوتوێ بکات، یان بەراوردی نێوان شێوازی باسکردنی بابەتێکی دیاریکراو لە ڕۆمانێکی نووسەرێکی ڕووسی وەک تۆلستۆی و ڕۆمانێکی نووسەرێکی لاتینی وەک گابرێل گارسیا مارکیز بکات (کە هەردووکیان بە نووسەری ئەدەبی جیهانی دادەنرێن).
سەرەڕای ئەم تێکەڵییە، دەتوانرێت هەندێک جیاوازیی بنەڕەتی لە نێوان هەردوو بوارەکەدا دیاری بکرێت:
1- جەختکردنەوە و میتۆد: ئەدەبی بەراوردکاری بە شێوەیەکی سەرەکی جەخت لەسەر پەیوەندییەکانی نێوان ئەدەبەکان دەکاتەوە، بە بەکارهێنانی میتۆدێکی شیکاری- بەراوردکاری بۆ دیاریکردنی خاڵە هاوبەش و جیاوازەکان، بەڵام ئەدەبی جیهانی، گرنگی بە بڵاوبوونەوە و وەرگرتنی بەرهەمە ئەدەبییەکان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی دەدات، لەگەڵ چۆنیەتیی گەیشتنیان بەم پێگەیە جیهانییە.
2- مەودای لێکۆڵینەوە: ئەدەبی بەراوردکاری دەتوانێت ئەو بەرهەمانە بگرێتەوە کە مەرج نییە بەشێک بن لە ئەدەبی جیهانی، ڕەنگە لێکۆڵینەوەیەکی بەراوردکاری تەنها لەسەر شیکردنەوەی کاریگەریی دوولایەنەی نێوان دوو شاعیری دوو وڵاتی جیاواز بێت، بەبێ ئەوەی هیچ کامیان ناوبانگێکی جیهانی بەرفراوانیان هەبێت.
سەبارەت بە سەرهەڵدانیان، ئەدەبی بەراوردکاری لە فەرەنسا لە سەرەتای سەدەی نۆزدەهەمدا لە چوارچێوەی سەرهەڵدانی ناسیۆنالیزم و گرنگیدان بە کەلەپووری میللی سەریهەڵدا، لە کاتێکدا زاراوەی ئەدەبی جیهانی لەسەر دەستی گۆتە لە ئەڵمانیا دەرکەوت، کە پاڵنەرەکەی بیرۆکەی بوونی ئەزموونێکی مرۆیی هاوبەش بوو کە لە ئەدەبە جیاوازەکاندا بەرجەستە دەبێت.
لە كۆتایی ئەم باسە كورتەدا، دەتوانین بڵێین کە ئەدەبی بەراوردکاری میتۆدێکی لێکۆڵینەوەیە کە ئامانجی تێگەیشتنە لە دیاردە ئەدەبییەکان لە ڕێگەی بەراوردکارییەوە، لە کاتێکدا ئەدەبی جیهانی کۆمەڵێک بەرهەمی ئەدەبییە کە پێگەیەکی جیهانییان بەدەست هێناوە، ئەوان دوو بواری ڕکابەر نین، بەڵکو تەواوکەری یەکترن، ئەدەبی جیهانی ماددەی خاو بۆ لێکۆڵینەوە بەراوردکارییەکان دابین دەکات و، لە بەرانبەردا ئەدەبی بەراوردکاری بەشدارە لە قووڵکردنەوەی تێگەیشتنمان بۆ ئەدەبی جیهانی، لە ڕێگەی ئاشکراکردنی پەیوەندییە شاراوەکان و کاریگەرییە دوولایەنەکان، کە ئەم بەرهەمە نەمرانەیان پێکهێناوە. بۆیە هەردوو بوارەکە هەوڵ بۆ گەیشتن بە ئامانجێکی هاوبەش دەدەن، کە پتەوکردنی دیالۆگی نێوان کولتوورەکان و جەختکردنەوەیە لەسەر یەکێتیی ئەزموونی مرۆیی لە ڕێگەی ئەدەبەوە.

