نووسینی: ڕەزا ڕێزڤانی
فەرهاد شاکەلی: ژێیەکانی دووری، وەرگێڕ بۆ زمانی سوێدی و پێشەکی [Bo Gustavsson]، پاشەکی [Bo Utas]، پەخشخانە: Lindelöws Bokförlag، 2015، ١٢٣ لاپەڕە.
گەلێک ئاڵوگۆڕی سەرنجڕاکێش لە دەوروبەرمان دێنە گۆڕێ کە زۆربەمان لێیان بێخەبەرین، چونکە ئەم ئاڵوگۆڕانە بە زمانە بیانییەکان ڕوو دەدەن کە ئێمە نایانزانین. هەڵبەت ئاڵوگۆڕەکان، تاکوتەرا، لە بەرگی زمانی سوێدیدا ڕەنگ دەدەنەوە. بێگومان شەپۆلی تازەی پەنابەران، گوڕوتینی زیاتر بەم ئاڵوگۆڕانە دەبەخشێت، ئەمەیش وا دەکات ئێمە شێلگرانەتر ئاوڕیان لێ بدەینەوە.
“ژێیەکانی دووری” هەڵبژاردەیەکە لە شیعرەکانی شاعیری کورد فەرهاد شاکەلی کە بوو گوستاڤسۆن کردوونی بە سوێدی و ماوەیەک بەر لە ئێستا وەشانخانەی لیندەلوێڤ چاپ و بڵاوی کردووەتەوە.
لە قەسیدەی “ژێ”ـدا، کە بووەتە بەشێک لە ناوونیشانی کتێبەکەیش، فەرهاد شاکەلی جێناوی تۆ-ی بە شێوەیەک بە کار هێناوە کە خۆی بە دەستەوە نادات.
یەکەمین جار کە شیعری شاکەلی وەرگێڕدرایە سەر زمانی سوێدی، ساڵی ١٩٩٨ بوو؛ لاش بێکستروێمی کۆچکردوو لەگەڵ کەسانێکی تردا هەڵبژاردەیەکی شیعرەکانیان کرد بە سوێدی و بە ناوی “مروارییەک لە گۆمی لێڵی خەوندا” لە لایەن پەخشخانەی ئاپێکەوە چاپ و بڵاو کرایەوە. هەر ئەوکاتیش تۆ-یەک لە شیعری شاکەلیدا هەبوو کە سووک و ئاسان دەخزا و لە خوێنەر دوور دەکەوتەوە. جارێک کوردستان بوو شاکەلی ڕازونیازی لەگەڵدا دەکرد، جارێکی تر ژنێکی دڵبەر و ئەمجاریش، خودا.
“ژێ”، بۆ خۆی کۆمەڵەشیعرێکی سەربەخۆیە کە چەندان شیعری کورتیشی گرتووەتە خۆ. لە هەناوی قەسـیدەی “ژێ”ـدا، کە بە درێژاییی سـاڵان گەشـەی کردووە و زیاتر لە سی لاپەڕەی گرتووەتەوە، قۆناغە جیاوازەکانی ژیانی شاکەلی، بەرهەم و داهێنانەکانی، لە بەر ڕووناکیی باوەڕە عیرفانییەکەیدا ڕەنگیان داوەتەوە.
شاکەلی لە سەردەمی ڕێژیمی سەددامدا لە عێراقەوە کۆچی بۆ سووریا، لوبنان و ئەڵمانیا کرد و دواجار لە سوێد گیرسایەوە. بە تەنیشت سەفەری دەرەکییەوە، بەردەوام سەفەری دەروونییش هەبووە، کە شاکەلی لەمەیاندا ڕەگ و ڕیشەی خۆی دۆزیونەتەوە. باوکی شاکەلی سۆفی بووە و لە خەڵوەتی خۆیدا عەوداڵی ڕووناکبیری و سامانی مەعنەوی بووە، نەک مڵک و ماڵی دونیا. فەرهاد شاکەلی بە درێژاییی سەفەرە دەرەکی و دەروونییەکانی خۆی، لەم ڕێڕەو و ئاراستەیە نزیک بووەتەوە کە بە عیشقی بەرین و گشتگر دەناسرێتەوە.
عیرفان لە تۆ-ی ئەفسووناویی نێو قەسیدەی “ژێ”ـدا، سەیر جلوەبەخشە.
به زمانێکی نائاشنا قسهت بۆ دهکهن،
تۆش به زمانی ئهڤین بهرسیڤ دهدهی.
دهتهوێ سهرلهنوێ
سنووری وڵاتی زمان بکێشن،
ئهودهم
له ههرێمی وشهی ڕووت دهردهچوویت و
ڕووت دهکرده باژێڕی وشهیهک
ههستی شهشهمی ههبێت.
لێرەدا تۆ، بە مەعنای من دێت. شاکەلی دەیتوانی بەپێی ڕێسا و بنەمای تەسەووف، خۆی لە وشەی من ببوێرێت. خۆی نابوێرێت، بەڵام جاروبار تۆ-یەک لە جێی دادەنێت کە مەودا و بەرینایییەکەی لە من مەزنترن. بێجگە لەوە، کارێک دەکات نەتوانین ئەم تۆ-یە بە خودی خۆیەوە ببەستینەوە و سنوورداری بکەین.
هێندێک جار کوردستان لەم تۆ-یەدا بە ڕوونی دەدرەوشێتەوە:
خۆتم لێ مهشێرهوه!
بهسهر بهندهن و زهریا و وشکانیدا
نووزهت دهگاته گوێم،
برینهکانت دهژمێری،
لاشهت شهڵاڵی خوێنه، دهلاڵێیتهوه.
گهڵاڕێزانه و گهڵا دهڕژێن…
بەڵام هەر کە گوێگر یان خوێنەر دەبنە بەردەنگ، ڕەنگ و ڕووی تۆ-یەکە دەگۆڕێت:
چی بکهم، چۆنت تێگهیێنم
که خۆر گیراوه…؟
سەرنجی چەند دێڕی دواتریش بدەین:
گهڵا و لکوپۆپی بیرهوهریت
به دهم زریانهوه ههڵدهلهرزین،
ڕیشهت له ناخی ئاخ گیر دهکرد و
ههر ڕۆ دهچوویت.
تارایهکت دابوو به سهرتا، مژ بوو، مژی بهربهیان،
له دووت دههاتن، ورووژابوون،
شۆپی سترانێکی تۆیان ههڵگرتبوو…
لێرەدا ڕوونە، شاعیر بۆ خۆی ڕاو دەنرێت.
لە شوێنێکدا گومانت لە لا دروست دەبێت، ئەوە باوکی شاکەلییە کە ئاماژەی پێ دەکرێت:
پشتت بهر نهدام، دهستت به باڵمهوه گرت،
فێرت کردم چۆن نوێژ بکهم و
ڕووم له کامه ڕووگه بێت.
لهم تاریکستانهدا چیا ههموو (توور)ن،
کە شاکەلیی شاعیر لە تۆ-وە دەگەڕێتەوە بۆ من، دەمهێنێتە سەر ئەو باوەڕە کە ئەمە دیناو [وەحی]ـی عیرفانی بێت:
برووسکهی تیشکێکم تێ گره و بمکه به قهقنهس،
ژینم دوودڵی و گومانه و
مردنیشم دڵنیایی و لێبوونهوه.
دوور نییە شاعیر مەبەستی ئەوە بێت “مەرگی من واتە کۆتایییەک کە هەڵناوەشێتەوە”، چونکە سەرەنجام لە دەست هەموو گومانەکانی خۆی ڕزگاری دەبێت.
بەڵام تۆ-یەکە دەتوانێت ڕەنگ بگۆڕێت و سیمای تر وەربگرێت:
له دوورهوه هاتووی
ڕهنگ و ڕووی ههژارانت لێ نیشتووه و
به ڕێگهی دهستهڵاتداراندا دهڕۆی.
لێرەدا حەقوحیسابێک دێتە گۆڕێ. حەقوحیساب لەگەڵ مارکسیسم و ئەو ڕێکخراوەدا کە بانگەشە دەکات گوایە بە ڕێگەی هەژاراندا دەڕوات، بەڵام ملی ڕێگەی دەستەڵاتیان گرتووە. لەم پێوەندییەدا ڕۆڵی ڕێبەری کورد مەلا مستەفای بارزانی دەخرێتە بەر چاو:
فهرمانی کام خونکاره
وا دهنگی تۆی له پشت تهلبهند و دهروازهوه قایم کرد؟
لە شیعرەکەدا کات و ساتێک لە غەم و بێهیوایی هەن، هەستی قارەمانانەیش هەروەتر – لێرەیشدا شاکەلی لە من ناپرینگێتەوە:
منێ، چهشنی ههڵۆ، چهشی لووتکهم و سهربهرزم
چیم داوه له ژینێکی پهست و نهوی.
قەسیدەی ژێ، بە تەنیا بەرەوپێشەوەچوونی داهێنەرانەی شاکەلی پێشان نادات، بەڵکو هەڵگری تەواوی ئەزموونە تاڵ و شیرینەکانی کوردستانیشە؛ بۆیە دەتوانین وەکو پوختەیەک لە هەوراز و نشێوەکانی کوردستان لە نیو سەدەی ڕابوردوودا چاوی لێ بکەین.
بێجگە لەوە، قەسیدەکە دەربڕی جۆرێک دوورەپەرێزیی عیرفانییە لە هەموو گرفتاری و دەردیسەرەکانی دنیا، هەروەها ئاراستەکردنە بەرەو توانەوە، کە شاکەلی پێی دەڵێت: گیانی گیانان:
ملی کامه ڕێگه و شاڕێگهیێ دهگرم
ههر تۆم مهنزڵیت و ههر تۆم ناونیشانی.
سەرچاوە: Uppsala nya tidning، 21 FEBRUARI 2016
ڕەزا ڕێزڤانی (١٩٤٦-٢٠١٨)
شاعیر، نووسەر و وەرگێڕێکی سوێدی- ئێرانی بوو. لە تەمەنی دوازدە ساڵاندا یەکەمین کتێبی خۆی نووسی و چاپ و بڵاوی کردەوە. کتێبەکە ژیاننامەی موحەممەدی پەیامبەر بوو.
کە تەمەنی بوو بە ١٨ ساڵ، چووە ئەڵمانیا. لەوێ بە درێژاییی پازدە ساڵ دەیخوێند و کاری دەکرد. هاوکات نووسینی جۆراوجۆری لە فارسییەوە بۆ ئاڵمانی و لە ئاڵمانییەوە بۆ فارسی وەردەگێڕا، وەک وەرگێڕی باوەڕپێکراویش کاری کرد. هەر لەو ساڵانەدا تێکەڵی کاری سیاسی بوو، لەگەڵ ڕێکخراوە چەپەکاندا کاری دەکرد.
ساڵی ١٩٧٩، دوای شۆڕشی ئیسلامی، گەڕایە بۆ ئێران. لەوێ چالاکیی چەپگەرایانەی خۆی درێژە پێ دا. ساڵی ١٩٨١ دەستگیر کرا و کەوتە بەندیخانە، دوای پێنج ساڵ کە لە زیندان ئازاد کرا، سەری خۆی بەرەو وڵاتی سوێد هەڵگرت. لە زانستگەی ئوپسالا زانستی زمانی خوێند، بوو بە مامۆستای زمانی ئینگلیزی و ئاڵمانی. تا لە ژیاندا بوو بە خۆشەویستییەوە دەینووسی و تەرجەمەی دەکرد.
ڕێزڤانی لەبارەی نووسین و نووسەرانەوە دەڵێت: “حافز و سەعدی جوانیی زمانی فارسییان پێشان دام، فێردەوسی و هۆمیرۆس هێزی پاڵەوانەتییان پێ بەخشیم، مەولانا و ترانستروێمەر فێریان کردم عیرفان بە شێوەیەکی سەرسووڕهێن قووڵە، کامۆ و سارتەر و کافکا تێکەڵەیەکیان لە هیچوپووچی و مەعنا پێ دام، تۆڵستۆی و گاندی-یش بەر چاومیان ڕووناک کردەوە.”
ڕۆژی ٣٠-١١-٢٠١٨ لە شاری ئوپسالا کۆچی دواییی کرد.

