رۆژنامەی ھەولێر

وەزارەتی کارەبا ڕێنمایی نوێی دەرکرد

وەزارەتی کارەبای حکوومەتی هەرێمی کوردستان، کۆمەڵێک ڕێنمایی نوێی بۆ ڕێکخستنی پێدانی کارەبا بە هاوبەشان بڵاوکردەوە. بەپێی ڕێنماییە نوێیەکان، زۆربەی تێچووی ڕاکێشانی هێڵی نوێ و کەلوپەلەکان دەکەوێتە ئەستۆی هاوبەشان و خاوەن پڕۆژەکان، هاوکات چەندین مەرجی نوێ بۆ بەکارهێنانی کارەبا دانراوە.

لە نوێترین ژمارەی ڕۆژنامەی فەرمیی “وەقایعی کوردستان” بە ژمارە (335)، وەزارەتی کارەبا کۆمەڵێک ڕێنمایی نوێی بڵاوکردەوە کە چۆنیەتیی پێدانی کارەبا بە هاوڵاتیان، پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون و پڕۆژە بازرگانی و پیشەسازییەکان ڕێکدەخاتەوە.

گرنگترین خاڵەکانی ڕێنماییە نوێیەکان ئەمانەن:

تێچووی ڕاکێشانی کارەبا: بەپێی ماددەی (33)، تێچووی کڕینی پێوەر (میزان)، کێبڵ، سێرکت برێکەر و کەلوپەلەکانی دیکە بۆ هەر هاوبەشێکی نوێ، دەکەوێتە ئەستۆی هاوبەشەکە خۆی.

پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون و وەبەرهێنان: بەپێی ماددەی (39)، بۆ هەر پڕۆژەیەکی نیشتەجێبوون یان باڵەخانەیەکی نوێ، خاوەن پڕۆژە یان وەبەرهێنەر بەرپرسە لە تەواوی تێچووی دامەزراندنی تۆڕی کارەبای پڕۆژەکە، وەک دانانی محاویلە و ڕاکێشانی کێبڵەکان.

مەرجی تەکنیکیی نوێ: مەرجی نوێ بۆ بەکارهێنانی ئامێری کارەبایی دانراوە. بەپێی ماددەی (34)، ئەو مۆتۆڕانەی هێزەکەیان لە (3) کیلۆوات زیاترە، پێویستە کارەبای سێ فەیس (Three Phase) بەکاربهێنن نەک یەک فەیس.

گۆڕینی خاوەندارێتی: بەپێی ماددەی (43)، پێش فرۆشتنی هەر موڵکێک، پێویستە خاوەنی موڵکەکە تەواوی قەرزەکانی کارەبا پاکتاو بکات، ئەگەرنا خاوەنی نوێ بەرپرسیار دەبێت.

کارەبا و یاساییبوونی موڵک: ماددەی (54) جەختدەکاتەوە کە پێدانی کارەبا بە هیچ موڵک و پڕۆژەیەک، شەرعیەت بە خاوەندارێتییەکەی نادات و تەنها بۆ گەیاندنی خزمەتگوزارییە.

ئەم ڕێنماییانە لە ڕۆژی بڵاوکردنەوەی لە ڕۆژنامەی فەرمی کاری پێ دەکرێت و هەموو ڕێنماییەکی پێشووتر کە ناکۆک بێت لەگەڵیدا، هەڵدەوەشێتەوە.

بەستەری رێنماییەکان
ڕێنماییە نوێیەکانی وەزارەتی کارەبا بۆ بەرەنگاربوونەوەی سەرپێچیکردن لە تۆڕی کارەبا