هه‌ینی, تشرینی دووه‌م 29, 2024

ونبوون

ئه‌رخه‌وان ره‌سووڵ

زۆر له‌ خۆم دوور كه‌وتوومه‌ته‌وه‌
رێگه‌كه‌م ون كردوه‌
ناتوانم بگه‌ڕێمه‌وه‌ و له‌ ناخی خۆما
ئۆقره‌ بگرم
رقم له‌م وێرانه‌یه‌ی رۆحمه‌
زۆر تاریكه‌، زۆر سارده‌، زۆر چۆڵه‌
چرام نییه‌، ئاگرم نییه‌، كه‌سیش لێره‌نییه‌
ئه‌زانم هه‌موو به‌ رۆحی خۆیانه‌وه‌ سه‌رقاڵن
گوڵ ئه‌ڕوێنن، چرا دائه‌گیرسێنن
ئایه‌ته‌كانی عیشق له‌به‌رئه‌كه‌ن
ئه‌وان زۆر سه‌رقاڵن
من له‌ پشت شووشه‌ی په‌نجه‌ره‌یه‌كه‌وه‌
ته‌ماشایان ئه‌كه‌م
ئه‌وان من نابینن
بانگیان ئه‌كه‌م وه‌ڵام ناده‌نه‌وه‌
قسه‌یان بۆ ئه‌كه‌م گوێیان لێ نییه‌
من لێره‌ قه‌تیس ماوم،
وه‌كو فرمێسكه‌كانی چاوم
سه‌رئه‌نێمه‌ سه‌ر شانی شیعرو
هه‌ردووكمان ئه‌گرین
نازانم كاممان بۆ كاممان ئه‌گرین!
هیچ خۆشیه‌ك ناگاته‌ خۆشی
سووتانی رۆح به‌ عیشقی ژیان
هیچ ئازارێكیش ناگاته‌ ئازاری
به‌ خۆڵه‌مێش بوونی رۆح!
به‌م رۆحه‌ خۆڵه‌مێشه‌وه‌ رووبكه‌مه‌وه‌ كوێ
له‌م وێرانه‌یه‌ی رۆحما
چاوه‌كانم هه‌ڵئه‌وه‌رن
په‌نجه‌كانم ته‌زیون
ژێرپێكانم پڕن له‌ دڕك
ره‌شه‌بایه‌كی سارد
گوڵی قسه‌شینه‌كانی هه‌ڵوه‌ران
به‌فر ده‌رگاو په‌نجه‌ره‌كانی دلی داخستووه‌
رێبوارێك له‌وێوه‌ تێناپه‌ڕێ
میوانێك له‌ ده‌رگا نادا
كونه‌په‌پوویه‌ك ژیانی فڕاند
بۆ نێو تاریكی…

2020 سلێمانی