رۆژنامەی ھەولێر

ئەوانەی بندەستی و چەپۆكەسەرەیان لا خۆشترە!

عومەر چنگیانی
لە قورئاندا بە دەگمەن نەتەوەیەك هەبێت هێندەی “بەنو ئیسرائیل” درێژە درابێتە باسی قۆناغەكانی بەكوێلەكران و چەوسانەوە و سەرپێچی و بەلاڕێداچوونیان!
دیارە لەو بایەخە بێسنوورەی قورئان پێیان، داڕشتنی كەسایەتی مسوڵمان، لە هەرە ئارمانجە سەرەكییەكانە و فێركردنیانە تا لە هەمووكەس زۆرتر بۆ دەستەبەربوونی ئازادی مرۆڤ كار بكەن.
لێرەدا پەنجاوچوارەمین ئایەتی سورەتی”زوخروف”دێنمەوە بیر، كە وەكچۆن باس لە ئەقڵیەتی دیكتاتۆری و خۆسەپێنی “فیرعەون” دەكات، هاوكات باسی دەروونڕووخان و داخزان و خۆبەكەمزانی خەڵكەكە دەكا و پەردە لەسەر ڕوویان هەڵدەداتەوە و، دەفەرمێت: “فیرعەون بە چاوی سووك و بێ بەها، سەیری خەڵكەكەی كرد و ئەوانیش گوێ لە مشتی بوون؛ بە ڕاستی ئەوان نەتەوەیەكی لەكێشدەرچووگ و سنووربەزێن (فاسق) بوون.”
جا بۆیە فەیلەسووفی جەزائیری، مالیك نەبی (1905 – 1973) ناوی دەنێ: ”ئامادەیی بۆ ژێردەسەیی”(1).
خوێنەری بەڕێز! هەژدە ساڵ و دوو مانگ لەمەوبەر بە زمانی عەرەبی لە ژمارە 147 گۆڤاری “الصوت الاخر” لە 30ـی ئایاری 2007دا، بابەتێكی ئاوام بڵاوم كردۆتەوە و پێم خۆشە پوختەیەكی بە كوردی بخەمەوە بەر دیدی ئێوەی بەڕێز:
بەر لە هەر شت ئازادی!
“گەر دەپرسی بۆچی بەوەوە دەست پێ دەكەم؟ لە وەڵامتدا دەڵێم: چونكە ئێمەی گەلانی ڕۆژهەڵاتی، بە شێوەیەكی گشتی و، وڵاتانی بە ناو ئیسلامی، بە شێوەیەكی تایبەتی، هێندەی لە دەست نەبوونی ئازادی دەناڵێنین، لە دەست هیچ شتێكی تر بەو شێوەیە ناناڵێنین و “ئەو واقیعە سیاسیەی تیایدا دەژین بە هەموو كردار و پەرچەكردار و ڕەنگدانەوەكانیانەوە، بە هەموو دەرهاویشتە كۆمەڵایەتی و هزری و ئابوورییەكانیەوە، كلیلی بابەتەكە و ناوەرۆكە كەیەتی! ئەو واقیعە سیاسییەی مەبەستمانە بڕەخسێت ئەوەیە كە دەتوانین لە دوو وشەدا كۆی بكەینەوە، “ئازادی و دیموكراسی!” چونكە ئەو دووانە ئەو بنەمایەن كە دەتوانین بیانكەینە پێوەر بۆ هەڵسەنگاندنی هەر كۆڕ و كۆمەڵگایەك! داخۆ تا چەند پێشكەوت و یان داخزاو و لە خوارن!. پێم بڵێ هەر كۆمەڵگایەك، هەر نەتەوەیەك تا چەند ئازادی و دیموكراسی، لە ناویاندا بەرجەستەیە، منیش پێت دەڵێم تا چەند پێشكەوتوو، یان ژێردەستە و بێبەهان! گومان لەوەدا نییە كە لە نێو بیرمەندە مسوڵمانەكاندا خەڵكانێكمان هەن كە لە سۆنگەی ئەم دوو دەستەواژەیەوە، ژیان دەبینن و دەڵێن: سەری هەموو خراپەیەك ستەم و چەوساندنەوەیە. ماوەردی (974 – 1058 زایینی) كە یەكێك بوو لە دادوەر و گەورە زانای پەیڕەوانی شافیعی، لە كتێبی”أدب الدین والدنیا” دەڵێ: “ستەم دەبێتە هۆكاری تێكدانی باری ویژدان و ناخی خەڵك! هەر لایەكی ستەم، كاریگەری هەیە لەسەر لایەكی جەستە، تا دەبێتە ئەوەی جەستەكە دەبێتە ستەم”!. ئیبن‌خەلدونیش (1332 – 1406) لە “مقدمە”كەیدا بابەتێك تایبەت دەكات بە باسكردن لەوەی كە ستەم ڕێگاخۆشكەرە بۆ وێرانكاری و لە ناوچوونی هەر شارستانییەك و تێیدا دەڵێ: “ئەو حیكمەتەی كە خوا مەبەستێتی لەودیو داڕشتنی یاسای حەرامكردنی ستەمەوە، ڕێگرتنە لەو دەرەنجامەی كە تێكچوونی شارستانی و ئاوەدانیە لە بوونی ستەمدا، كە هەر ئەوەیە بۆخۆی سەردەكێشێ و زەنگی مەترسیەك لێ دەدات كە مرۆڤایەتی لەسەر زەوی نامێنێت!”.“ئەحمەدی كوڕی بابی زەیاف، سیاسی و فیقهزان و مێژوونووسی توونسی، دەڵێ: “بەڕاستی ستەمكردن بەهێزترین هۆكارە بۆ وێرانكردن و كاولكردنی وڵات و نەهێشتنەوەی دەسەڵات و كیانەكان”(2). “محەممەد عەبدەیش دەڵێ: “بابەتی ئازادی، بابەتێكی گشتگیرە و پەرت ناكرێت و، دۆشدامان و چەقین لە ڕووی هزرەوە، خواستی دەسەڵاتە ستەمكارەكانە و، هەمووكارێكیان بۆ ئەوەیە خەڵك لە لاساییدا بهێڵنەوە، تا ئەو ستەمەی دەیانەوێت بۆ خۆیان بەردەوام بن لەسەری” (3). عەبدولڕەحمان كەواكیبی لە كتێبی «طبائع الاستبداد ومصارع الاستعباد» دا، دەڵێ: “دوای سی ساڵ خۆماندووكردن و توێژینەوە، ئەوەم لا گەڵاڵە بوو كە بنەمای ئەم داڕمانە، ستەمی دیكتاتۆری سەپاندنە و نەمانەكەیشی لە ڕێگای شورا و سەروەرکردنی یاسایە و، ئەو هەموو خورافات و بیدعانەی ڕووی جوانی ئایین و شەریعەتەكانیان ناشیرین كردووە، هەرهەموویان زنجیرەیەكی یەكتری تەواوكەرن و، دەرەنجامەكەیشی بە كوێلەكردنی خەڵكییە، كە جاری وا دەبێت كاری چەوسێنەر و دیكتاتۆرەكان دەگاتە ئەو سنوورەی نەتەوەیەك، لە بریتی هەوڵدان بۆ ئازادی و دەرباز بوون بێت لە ژێر دەستەیی و، بۆ بە دەستهێنانی سەربەخۆیی و پێشكەوتن بێت، هەرهەمووی تووشی ئەوشكستە هزرییە ببێ ئارەزوو و هەست و هەوڵ و خەباتی، بۆ ئەوە دەبێت چۆن بۆ دواوە بگەڕێتەوە و، چۆن ببێتە ژێردەستە و ژێرچەپۆك! بە شێوەیەكی وا تووشی داخزان دەبێت، ئەگەر بەزۆریش بەرەو سەربەخۆیی ببەیت، ئەو شەمشەمەكوێرانە هەست بە ئازار دەكات و، وەك ئەو كەسەی لێ دێت كە بە بینینی تیشك چاوی بیەشێ. هەربۆیە ئەگەر فەقیهەكانمان بە ئازادانە تر بیریان بكردایەتەوە، دەبوو لە بریتی ئەوەی كە لە پێناسەكردنی وشەی “مەساكین”دا كە بەشێك لە زەكاتیان پێدەدرێت، فرە ڕایەتییان تووش بێت، دەیان گوت: مەساكین، ئەو خەڵكە بە كۆیلەكراوەن، كە لە ژێر دەستی داگیر كەردا دەژین و دەبوو لە كەفارەتەكاندا دەربازكردنی ئەوانە بوایە بە حوكم! سابەڵكوتا خەڵكی لەوكوێلایەتییە ڕزگاریان ببوایە. جا لەكاتێكدا كە ئێمە دەزانین بڕوای تاك دانامەزرێ و پێی ناگوترێت مسوڵمان، تا وشەی “لااله الاالله” نەڵێت! كە وتنی ئەو وشەیەیش مانای داڕننی كۆیلەیەتی و بەندە بوون لە خۆیە بۆ بوون بە بەندەی خوای بەندە و بەس، بۆ ڕزگاربوونی لە بەندایەتی هەر بتێكە بەرد وداربێت، یان مرۆڤ، كە هەر ئەو گوتنە سەرەتای ڕزگاربوون و داماڵینی هەموو كۆت و زنجیرێكە”4 و 5و6”.

پەڕاوێزەكان:
“1”ویكیبیدیا” بەشی عەرەبی”.
“2”اتحاف أهل الزمان بأخبار ملوك تونس وعهد الأمان ج1”.
“3”الأعمال الكاملة ج3”.
“4و5”مقدمة كتاب”طبائع الاستبداد و مصارع الاستعباد، عبدالرحمن الكواكبي” والقرآن والسلطان، فهمي هويدى” لاپەڕە 20 – 23. ).
“6” ئەم بابەتەم لە لاپەڕە “11” ی ڕۆژنامەی هەولێر ژمارە 2647 سێ شەممە (0) ی تەمووزی 2017 بڵاو كراوەتەوە”.