كارزان گلی – ههولێر
ئیمانوێل ماكرۆن، سەرۆكی فەرەنسا، لە ٢٤ی تەمووزی ٢٠٢٥، لە وتارێكدا گوتی ”دوو مانگی تر فەلەستین وەكوو دەوڵەت دەناسێنین“؛ پارساڵ، وڵاتانی (ئیسپانسا، نەرویج، ئێرلەندا، سلۆڤینیا و ئەرمەنستان)، بە فەرمی فەلەستینیان وەكوو دەوڵەتێكی سەربەخۆ ناساند.
لە كۆی ١٩٣ وڵاتی ئەندام لە نەتەوە یەكگرتوەكان، ١٤٩ وڵات بە فەرەنساشەوە فەلەستینیان وەكوو دەوڵەت ناساندووە، بەڵام ئەو رێژە زۆرەی وڵاتان نەبووەتە هۆی ئەوەی فەلەستین بە فەرمی وەكوو دەوڵەتێكی سەربەخۆ بناسرێت.
بەشێكی زۆری ئەو وڵاتانەی فەلەستینیان وەكوو دەوڵەت نەناساندووە، هۆكارەكەی تەنیا ئەوەیە، دەیانەوێت ئاشتی لە نێوان ئیسرائیل و فەلەستین بێتە ئاراوە و لە كەشێكی ئارامدا گفتوگۆ بكەن و سنوورەكانی خۆیان دیاری بكەن. ئەگەرچی ئیسرائیل، دانپێدانانی فەلەستین وەكوو دەوڵەت بە مەترسی بۆ سەر ئاسایشی ئیسرائیل لێك دەداتەوە، بەڵام ئەگەر ئەو دوو وڵاتە بگەنە رێككەوتن، ئەو وڵاتانەی لەم كاتەدا دەنگ بۆ سەربەخۆیی فەلەستین نادەن، بۆچوونیان دەگۆڕێت و بە بەڵی دەنگ بۆ سەربەخۆیی دەدەن.
ئەوەی بووەتە كێشەیەكی گەورە لە نێوان ئیسرائیل و فەلەستین، شاری قودسە، كە هەردوو لا بە خاكی خۆیانی دەزانن و هەردوولا وەكوو پایتەختی وڵاتی خۆیان وێنای دەكەن و لە ڕووی ئاینییەوە لایان پیرۆزە، بۆیە تا لەسەر قودس نەگەنە رێككەوتنی كۆتایی، ئەستەمە فەلەستین ببێت بە دەوڵەت، ئەمەش بۆچوونی بەشێكی زۆری شرۆڤەكارانە.
توركیا یەكێكە لەو وڵاتانەی لە ١٥ی ١١ی ١٩٨٨، بە فەرمی فەلەستینی وەكوو دەوڵەت ناساندووە، بەڵام (ئەمریكا، ئینگلتەرا، ئەڵمانیا، فەرەنسا، كەنەدا، نەمسا، هۆڵەندا، ئیتاڵیا، پورتوگال، فینلەندا، دانیمارك، بەلجیكا، یۆنان، كۆریای باشوور، میانمار، تایوان، نیوزلەندا، پاناما و كامیرۆن)، فەلەستینیان وەكوو دەوڵەت نەناساندووە. نەمسا، لە ٢٠٢٤ رایگەیاند، ئەگەر ئەو دوو وڵاتە بتوانن كێشەكانیان چارەسەر بكەن، ئەوكات ئێمەش دەنگ بە سەربەخۆیی فەلەستین دەدەین.
لە تەواوی وڵاتانی ئەورووپا، تەنیا حەوت وڵات فەلەستین وەكوو دەوڵەت دەناسێنن، ئەو وڵاتانەش دوای رووخانی بلۆكی سۆڤیەت توانیویانە بگەن بە سەربەخۆیی و پێشتر لە چوارچێوەی یەكێتی سۆڤیەندا بوونە.
چەند هەفتەیەك لەمەوبەر، لەسەر داوای نەرویج و ئیسپانیا و ئێرلەندا، داوا لە نەتەوە یەكگرتووەكان كرا، فەلەستین وەكوو ئەندامێكی هەمیشەیی قبووڵ بكەن، بەڵام وڵاتانی ئەنجوومەنی ئاساییش، لە مانگی نیسان كۆ بوونەوە و ئەمریكا ڤیتۆی بەكار هێنا و فەلەستین نەیتوانی ببێتە ئەندانی نەتەوە یەكگرتوەكان.
ئەنجوومەنی ئاسایش، لە پێنج وڵاتی هەمیشەیی پێك هاتوون، دەبێت هەموویان رەزامەند بن ئەوكات فەلەستین، یان هەر لایەنێكی تر دەتوانن ببنە ئەندامی هەمیشەیی لە نەتەوە یەكگرتووەكاندا، واتە نابێت هیچ یەكێك لەو وڵاتانە ڤیتۆ بەكار بهێنن و دەبێت هەر پێنجیان بە بەڵێ دەنگ بدەن. وڵاتانی ئەنجوومەنی ئاسایش ئەمانەن (ئەمریكا، ئینگلتەرا، فەرەنسا، رووسیا و چین).
دوای ئەوەی ئەمریكا ڤیتۆی بەكارهێنا، لە بەیاننامەیەكدا ئاشكرای كرد ”ئێمە پشتگیریی هەردوو وڵات دەكەین تا دانوستانێكی تۆکمە بکەن، ئێمە وەكوو ئۆپۆزسیۆنێك رەتمان نەكردووەتەوە كە فەلەستین وەكوو دەوڵەت نەناسێنین، بەڵكوو ئێمە لەو رێگەیەوە هانیان دەدەین تا بگەنە رێككەوتنی كۆتایی.“
لە ٢٠١١، فەڵەستین بەفەرمی داوای لە نەتەوە یەكگرتووەكان كرد، كە وەكوو ئەندامی هەمیشەیی قبووڵی بكەن، بەڵام ئەنجوومەنی ئاساییش رەتی كردەوە. فەلەستین بۆ جاری دووەم لە ٢٠١٢ هەمان داوای كردەوە، بەڵام ئەمجارەیان وەكوو چاودێر لە نەتەوە یەكگرتوەكان قبوڵكرا، واتە لە كۆبوونەوەكان نوێنەری فەڵەستین دادەنیشێت، بەڵام ناتوانێت دەنگ بدات، چونكە ئەندام نییە.
ئەم هەنگاوەی فەلەستین گرنگ بوو، چونكە رێگەی بۆ خۆش كرد، تا لە رێكخراوە نێودەوڵەتییەكانیش ببێتە ئەندام، وەكوو دادگای تاوانە نێودەوڵەتییەكان. هەروەها ئەم هەنگاوە وای لە فەلەستین كرد، لە ڕووی دیبلۆماسییەوە زیاتر بەرەو پێشەوە بچێت و رەنگە لە ماوەیەكی تردا رێگەی بدەن دەنگیش بدات، بەڵام ئەمە نابێتە هۆی ئەوەی چارەسەری كێشەكانی لەگەڵ ئیسرائیل بكات و وەكوو وڵاتێكی سەربەخۆی بناسرێت، تەنیا ئەوكات دەبێت كە لەگەڵ ئیسرائیلدا بگەنە ئاشتییەكی بەردەوام و لەسەر سنوور رێك بكەون.

