هۆشیار زێباری هەنگاوێکی تر لە پۆستی سەركۆماری نزیک کەوتەوە

پاڵێورانی هۆشیار زێباری بۆ پۆستی سەركۆماریی عێراق بەفەرمی پەسند کرا و، بەمەش کۆتایی بە هەموو ئەو دەنگۆ و تۆمەتانە هات کە هەندێک لایەن ئومێدیان لەسەری هەڵچنیبوو، ئەوجار هۆشیار زێباری هەنگاوێکی تر لە پۆستەکە نزیک کەوتەوە و تا ئەم ساتە براوەی هەڵبژاردنی هەفتەی داهاتووی پەرلەمانی عێراقە.

دوای ئاشکراکردنی ناوی پاڵێوراوانی سەركۆماری عێراق بە بەڵگە سەلمێنرا، هۆشیار زێباری دۆسییەیەکی پاکی هەیە و شایانی ئەوەیە لە چوار ساڵی داهاتوودا لەسەر کورسیی سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق دابنیشێت.
لەو لیستەی بڵاو کراوەتەوە لە زۆربەی پێکهاتەکانی عێراق تێدایە کە ٢٦ کەس بوون بەڵام دواتر ناوی یەکێکیان دەرهێنرا بەهۆی ئەوەی کە تەمەنی لە ٤٠ ساڵ کەمتر بوو و بە گوێرەیڕێسا و یاساکانیش سەركۆمار جگە لەوەی کە نابێت لە هیچ گەندەڵییەک تێوەگلابێت، دەبێ تەمەنیشی لە ٤٠ساڵ کەمتر نەبێت.
ناوی٢٥ کاندیدەکە کە هیچ کێشەیەکی یاساییان نییە تا ببنە سەركۆمار و ڕێوشوێنە یاسایی و دەستوورییەکانیان تەواوە و لە حەوتی مانگی داهاتوودا لە لایەن پەرلەمانی عێراقەوە دەنگیان پێ دەدرێت بریتین لە: خالید سدیق عەزیز، فەیسەڵ موحسین عەبود، شەهاب ئەحمەد عەبدوڵڵا، حسێن ئەحمەد هاشم، ئەحمەد موح عیمران، ئەحمەدیەحیا جاسم، سەباح ساڵح سەعید، کازم خزیر عەباس، ڕزگار محەممەدئەمین، گەلاوێژ عەلی ئەمین، لوئەی عەبدولسەباح عەبدولوەهاب، ڕێبوار ئاوڕەحمان ساڵح، هەمزە بریسم سەجیل، هۆشیار مەحموود محەممەد زێباری، حسێن موحسین عەلوان، عەبدوللـەتیف محەممەد جەمال، عومەر سادق مستەفا، بەرهەم ئەحمەد ساڵح، سائر غانم محەممەد، ئیقبال عەبدوڵڵا ئەمین، خەدیجە خدایخش ئەسەد، جەبار حەسەن جاسم، هادی عەبدولحسێن سەدام، ڕەعد خزیر دفاک، ئومێد عەبدولسەلام قادر.
دوای یەکلابوونەوەی ناوی کاندیدەکانی سەركۆمار، کاتی ئەوەیە لە پەرلەمانی عێراق دەنگیان پێ بدرێت و یەکێکیان بە سەركۆمار هەڵبژێردرێت.
وەک ئاشکرایە، چانسی دکتور هۆشیار زێباری بۆ بوونی بە سەركۆماری عێراق و سەرکەوتنی لە کۆبوونەوەی پەرلەمان لە حەوتی شوباتدا، لە سەرجەم کاندیدەکانی تر زیاترە و ئەمەش بۆ چەند هۆکار دەگەڕێتەوە.
یەکەم: هیچ کەسێک بە بێڕەزامەندیی سەرۆک بارزانی ناتوانێت ببێتە سەركۆماری عێراق و، ئەو هاوپەیانێتییەی بۆ پێکهێنانی حکوومەت دامەزراوە، دەنگ بەو كاندیدە كوردە دەدەن کە سەرۆک بارزانی دەستنیشانی بکات.
لە کۆبوونەوەی ڕۆژی حەوتی شوبات کاندیدێک دەتوانڕێت لە گەڕییەکەمی هەڵبژاردنەکەدا ببێتە سەركۆماری عێراق کە دوو لەسەر سێی کورسییەکان بەدەست بێنێت کە دەکاتە ٢١٠ کورسی و هەر کاندیدێک ئەو ژمارە دەنگەی بەدەست نەهێنا، ئەوا لە گەڕی دووەمی دەنگدانەکە کە هەر لەو ڕۆژەدا دەکرێت ئەو کاندیدەی زۆرترین دەنگەکان بباتەوە دەبێتە سەركۆماری عێراق.
ئەگەر تا ئەو کاتە، یەکێتی سوور بێت لەسەر داخوازییەکانی خۆی و پشتیوانی لە کاندیدەکەی، بێ حسابکردن بۆ پارتی دیموکراتی کوردستان، ئەوا سەرکەوتنی هۆشیار زێباری مسۆگەرە و ئەگەریش لەگەڵ پارتی بێتە ناو ڕێککەوتن، ئەوا لە سیاسەتدا گۆڕانکاری شتێکی ئاستەم نییە و پێشبینی دەکرێ هۆشیار زێبارییان کەسێکی تر پۆستەکە بەرێت، بە مەرجێک سەرۆک بارزانی ڕێککەوتنەکە پەسند بکات.
پارتی دیموکراتی کوردستان بە تەنیا، ٣١ کورسیی پەرلەمانی مسۆگەر کردووە، ئەمەش هێندەی کورسییەکانی سەرجەم پارتە سیاسییەکانی تری کوردستانە، پۆستەکە هی کوردە و زیاتر لە هەر لایەنێکی سیاسی کوردستان، پارتی دیموکراتی کوردستان لە دەسنیشانکردنی ئەو پۆستە دەبێ ڕۆڵی هەبێت.
هۆشیار زێباری، کە هاوکات ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستانە یەکێکە لە کاراکتەرە بە ئەزموون و سەرەکییەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان لە گۆڕەپانی سیاسی و بۆ ماوەی دوو خول پۆستی وەزارەتی دەرەوەی عێراق و خولێکیش پۆستی وەزارەتی دارایی بەڕێوە بردووە. ئەو کەسێکی سیاسەتمەدار و بە ئەزموونە و ئەگەر دۆخەکە بەرەو ئەوە بڕوات لەڕۆژی حەوتی مانگ بچێتە ناو ڕەکابەرێ ئەوا سەرکەوتنەکەی مسۆگەرە.

ھەواڵی زیاتر