رۆژنامەی ھەولێر

ئەوان لە گوێی گادا خەوتوون!

عەمەر ئەرگوشی
بڕیاری ژمارە 6496ی وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراق دەرچووە و تیایدا زمانی کوردی لە ناوەندەکانی خوێندنی باڵا ناوچە کوردییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان قەدەغە کردووە.
پاش پێکەوەژیانێکی درێژ و پڕ لە هەوراز و نشێو لەگەڵ عێراقییەکان، تازە بە تازە دێن بڕیاری قەدەغەکردنی زمانی کوردی دەدەن لەو ناوچە کوردستانییانەی لە دەرەوەی دەسەڵاتی حکوومەتی هەرێمن، هەرچەندە ئەمڕۆ ڕاگەیەندرا کە پاش هەوڵێکی زۆر لەلایەن حکوومەتی هەرێم و دڵسۆزانی میللەتەکەمان توانییان بڕیارەکە پووچ و بێ‌کاریگەر بکەن و بڕیاربەدەستان شەرمەزار بکەن. بەڵام خودی بڕیارەکە لەو ساتەدا مانای زۆر هەڵدەگرێت و پێویستی بە هەڵوەستەکردنە لەسەری. هەتا ئێستا ئەوان لە گوێی گادا نەنوستوون و دەبا بزانن کە زمانی کوردی زمانێکی فەرمی دانپێدانراوە لە دەستووری عێراق و زمانی پڕ شانازی و دەوڵەمەندی کوردە کە دووەم نەتەوەی عێراقە لە دوای عەرەب، گوایە وەک برا لەسەر بنچینەی بەشداری ڕاستەقینە و خاوەن مافی نەتەوەیی خۆی بەشەریکی لەگەڵ عەرەبە عێراقییەکان و گشت پێکهاتەکان عێراق دەبەن بەڕێوە، شەرمەزارییەکی گەورەیە بۆ ئەوانەی کە خاوەنی ئەم بیرۆکەی قەدەغەکردنی زمانی کوردین وە ئاماژەیەکی خراپە بەرامبەر بە نیەتی پیسیان دژی خەڵکی کوردستان و دژی زمان و کولتوور و شانازییەکانی گەلی کوردستان.
ئەوانە دەبێت ئارەقی شەرمەزاری بیانگرێت کە، خۆیان بە بەرپرس دەزانن و لە ئەلفوبێی داخوازییەکانی کورد تێنەگەیشتوون و هەتا ئێستا نازانن داخوازی و مافە ڕەوا و سەرەتاییەکانی گەلی کوردستان چین، نازانن خەباتی سەدساڵەی گەلی کوردستان لە پێناو ڕزگاری و ئازادیدا چ مانایەکی هەیە، ئەوانەی هەتا ئێستا بەکارهێنانی زمانی کوردی بە مەترسی دەزانن لەسەر عێراق و برایەتی کورد و عەرەب حەقە ڕوویان ڕەش بکرێت و بکرێنە پەندی زەمانە، ئەوانەی ئەو بێڕێزییە بەرامبەر بە نیەتپاکی کورد و خەباتی ڕەوای گەلی کوردستان دەکەن پێویستە تێبگەیەنرێن کە کات و زەمەنی ڕەگەزپەرستی و خۆسەپاندن و قەدەغەکردنی زمان کە سەرەتاییترین مافی کولتووری گەلی کوردستانە جێگای شەرمەزارییە و ئەمە نە بە ڕژێمی سەدام کرا و نە بە ڕژێمە شۆڤێنییەکانی پێش خۆی، ئەم ڕەگەزپەرستە نیەتپیسانەی کە بەم کارە هەڵساون ئەگەر بۆیان بکرێت و گەلی کوردستان و هێزی پێشمەرگە لە ڕوویان نەوەستێت دوودڵ نابن خراپتر لە ڕژێمی سەدام کیمیایی و ئەنفال دژی گەلی کوردستان ئەنجام بدەن، ئەمە ئاماژەیەکی ڕوونە کە گەلی کوردستان هێشتا ئەو خەڵکانەی بە دۆست و برا دەزانێت خۆیان یەکلا نەکردووەتەوە و هێشتا لەسەر سیاسەتی ڕەگەزپەرستانە و دۆژمنکارانەیان بەردەوامن، حەق وابوو بەر لەوەی گەلی کوردستان تووڕە و بێزار ببن ئەو عەرەبانەی کە بە برا دەزانین و پێمان وایە دۆستی ڕاستەقینەی کوردن لەم خیانەتە بەر لە کورد بێنە دەنگ و سزای ئەو کەسانە بدەن کە دەبنە هۆی بێباوەڕی و بێمتمانەیی و زیان گەیاندن بە برایەتی کورد و عەرەب.
دڵنیاین ئەم هەوڵە ڕەگەزپەرستانەی دژی دەستوور و یاسا سەرناگرێت، بەڵام بێگومان ئەو درزە بێمتمانەییەی نێوان کورد و عەرەب ئەگەر هەبێت فراوانتر دەبێت، وە ئەگەر نەشبێت ئەوا بێگومان دروست دەبێت.