رۆژنامەی ھەولێر

سبەی ڕۆژی جیهانیی هەوکردنی جگەرە

ماكوان عيززه‌‌ت -ئەژین عەبدوڵڵا

 

ساڵانە لە ٢٨ـی تەمووزدا یادی ڕۆژی جیهانی هەوکردنی جگەر بەڕێوە دەچێت؛ هەوکردنی جگەر لەوانەیەە حاڵەتێکی خۆسنووردار بێت یان دەتوانێت بەرەو شێرپەنجەی جگەر بڕوات. ئەم ڕۆژە هەڵبژێردرا چونکە ڕۆژی لەدایکبوونی زانای خاوەن خەڵاتی نۆبڵە، دکتۆر باروچ بلومبێرگ کە ڤایرۆسی ئاوسانی جگەری جۆری (بی)ـی دۆزییەوە و پشکنینی دەستنیشانکردن و ڤاکسینی بۆ دروست کرد.

ڤایرۆسەکان باوترین هۆکاری هەوکردنی جگەرن لە سەرانسەری جیهاندا؛ بەڵام هەوکردن و خواردنەوەی کحول و هەندێک دەرمان و نەخۆشیی بەرگری خودکاریش دەتوانن هۆکارەکە بن.
ئامانج لە یادكردنەوەی ئەم ڕۆژە:
* هۆشیارکردنەوەی خەڵک لەسەر هەوکردنی جگەری ڤایرۆسی.
* پشتگیری لەو نەخۆشانەی تووشی هەوکردنی جگەری ڤایرۆسی بوونە.
* ئاسانکاری بۆ دەستنیشانکردن و چارەسەرکردن.
ڕاستییەکان:
لە هەر ٣٠ چرکەیەکدا کەسێک بە هۆی نەخۆشی پەیوەست بە هەوکردنی جگەرەوە دەمرێت. پێویستە هەوڵەکان خێراتر بکرێن بۆ باشترکردنی خزمەتگوزارییەکانی خۆپاراستن، دەستنیشانکردن و چارەسەرکردن بۆ ڕزگارکردنی ژیان و باشترکردنی دەرئەنجامە تەندروستییەکان.
ڤایرۆسی هەوکردنی جگەر پێنج جۆری سەرەکیی هەیە: (A، B، C، D، E)؛ هەوکردنی جگەری جۆری B و C بەیەکەوە باوترین تووشبوونن و، ساڵانە 1.3ملیۆن کەس گیانیان لەدەست داوە و ساڵانە 2.2 ملیۆن کەسی دی تووش دەبن.
هەوکردنی جگەر چییە؟
هەوکردنی جگەری ڤایرۆسی هەوکردنێکی ڤایرۆسییە و کاریگەری لەسەر شانەکانی جگەر دەبێت. هەوکردنی جگەر بە زەردبوونی پێست (زەردوویی)، تیرداگەڕانی میز، سکچوون، ڕشانەوە و ئازاری سک دەردەکەوێت.
جۆرەكانی ڤایرۆسی هەوكردنی جگەر؟
زانایان پێنج جۆر ڤایرۆسی هەوكردنی جگەریان دۆزیوەتەوە و سەرجەمیان دەبێتە هۆی تووشبوون بە هەوكردنی جگەر و ئەوانیش پێك هاتوون لە جۆرەكانی (ئەی، بی، سی، دی، ئی)؛ جۆرەكانی (ئەی) و (ئی) لە زۆربەی كاتدا بەهۆی خواردن و خواردنەوەی خۆراك و ئاوی پیسەوە دەگوازرێتەوە بەڵام جۆرەكانی (بی) و (سی) و (دی) هەوكردنی جگەر بەهۆی بەركەوتنی دەرداوەكانی لەشی كەسی تووشبووەوە دەبێت لە رێگەی بەكارهێنانی دەرزی یاخود گواستنەوەی خوێن و جۆری (بی) هەوكردنی جگەر لە دایكەوە بۆ كۆرپەلەكەی دەگوازرێتەوە.
هەوكردنی جگەری ڤایرۆسی جۆری (ئەی):
ئەم جۆرە نەخۆشیە لە رێگەی بەكارهێنانی ئاو و خۆراكی پیسداگەڕاو بە ڤایرۆس دەگوازرێتەوە و هەروەها لە رێی سێكسیشەوە دەگوزارێتەوە، لە زۆربەی كاتەكاندا ئەو جۆرە تووشبوون بەو ڤایرۆسە سووكە و نەخۆشەكان بە تەواوەتی چاك دەبنەوە و، بەرگرییان لە دژی ئەو ڤایرۆسە هەیە، بەڵام لە هەندێك كاتدا كاریگەرییەكانی ترسناكە؛ ئەڵبەت ڤاكسینی سەركەوتوو بۆ خۆپاراستن لەم جۆرە ڤایرۆسە هەیە، ساڵانە ١ملیۆن و 400هەزار كەس تووشی هەوكردنی جۆری (ئەی) جگەر دەبن.
نیشانەكانی بریتییە لە بەرزبوونەوەی پلەی گەرما و گێژبوون و نەمانی ئارەزووی خواردن و سكچوون و رشانەوە و ئازای ناوسك.
هەوكردنی جگەر بە ڤایرۆسی جۆری (بی):
ئەم جۆرە نەخۆشیە لە رێگەی بەركەوتنی خوێن یاخود دەردراوی كەسی تووشبوو بڵاو دەبێتەوە، ئەم ڤایرۆسە لە دایكەوە بۆ كۆرپەلەكەی لە كاتی لەدایكبوون و شیرخواردن و لە كاتی پرۆسەی گواستنەوەی خوێنی پیسداگەڕاو و بەكارهێنانی دەرزیلەی پیس و بەكارهێنانی مەوادی هۆشبەر دەگوازرێتەوە.
بەشێك لە تووشبووانی هەوكردنی جگەر لە جۆری (بی) ناتوانن لە ڤایرۆسەكە رزگاریان بێت و تووشی نەخۆشینی درێژخایەن دەبن و، رووبەڕووی گیانلەدەستدان دەبنەوە، وەرگرتنی ڤاكسین باشترین رێگایە بۆ خۆپاراستن لەم جۆرە نەخۆشیە كە ڤاكسینەكە بۆ ماوەی 20 ساڵ پارێزگاری لە کەسەکە بەو نەخۆشیە دەكات، ساڵانە نزیكەی 780هەزار كەس بەهۆیەوە گیان لەدەست دەدەن.
زەردهەڵگەڕانی رەنگی پێست و چاو و تیرداگەڕانی رەنگی میز و هیلاكی زۆر و رشانەوە و ئازاری ناوسك، نیشانەیەتی.
هەوكردنی جگەر بە ڤایرۆسی جۆری (سی):
لە زۆربەی كاتەكاندا ئەم جۆرە نەخۆشیە لە پرۆسەكانی گواستنەوەی خوێنی پیسی ڤایرۆساوی یاخود بەكارهێنانی دەرزی و كەرەستەی پیسی پزیشکی دەگوازرێتەوە، لە نێوان 130 بۆ 150 ملیۆن كەس لە جیهاندا بەدەست ئەم جۆرە هەوكردنە درێژخایەنەی جگەرەوە دەناڵێنن و ساڵانە نزیكەی 500هەزار كەس بەهۆی ئەم جۆرە هەوكردنەی جگەرەوە گیان لەدەست دەدەن.
دەرمان دەتوانێت ئەم جۆرە هەوكردنەی جگەر بە رێژەی 90% چارەسەر بكات و، هیچ ڤاكسینێك نەدۆزراوەتەوە دژی هەوكردنی ڤایرۆسی جگەر، جۆری (سی)؛ ئەم نەخۆشیە لە ئەفریقا و رۆژهەڵاتی ئاسیا هەیە.
هەوكردنی جگەری ڤایرۆس، جۆری (دی):
تووشبوون بەم جۆرە ڤایرۆسە تەنیا لەنێوان تووشبووانی هەوكردنی جگەردا روو دەدات و تووشبوون بە ڤایرۆسی جۆری (بی) و (دی)، ئەم جۆرە هەوكردنە دەبێتە هۆی تێكچوونی باری تەندروستی و كاریگەری زۆر دەبێت و ڤاكسینی سەركەوتوو بۆ خۆپاراستن لە تووشبوون بەم نەخۆشیە هەیە، ماوەی گەشەی ڤایرۆسەكە چەند هەفتەیەك دەخایەنێت و، رەنگە ببێتە هۆی تووشبوون بە نەخۆشییەكی درێژخایەن و بە درێژایی ژیان بەردەوام بێت.
هەوكردنی جگەری ڤایرۆسی جۆری (ئی):
ئەم جۆرە نەخۆشیە زۆربەی كات لەرێگەی بەكارهێنانی ئاو و خۆراكی پیسداگەڕاو بە ڤایرۆس دەگوزارێتەوە، لە ئاژەڵەوە دەگوازرێتەوە بۆ مرۆڤ و لە ناوچە تازە پێگەیشتووەكاندا بڵاوە و ڤاكسینی سەركەوتوو بۆ خۆپاراستن لەم جۆرە نەخۆشیە لەئارادایە و ساڵانە 20ملیۆن كەس لە سەرتانسەری جیهاندا تووشی هەوكردنی جگەر، جۆری (ئی) دەبن، ساڵانە نزیكەی 57هەزار كەس بە هۆی ئەم نەخۆشینەوە گیان لەدەست دەدەن.
زۆربەی كات تووشبووانی هەوكردنی جگەر جۆری (ئی) چاك دەبنەوە بەبێ وەرگرتنی چارەسەر، لە هەندێك حاڵەتدا نەخۆشیەكە دەگۆڕێت بۆ پەككەوتنی جگەر و دروستبوونی مەترسی، نیشانەكانی تووشبوون بەم نەخۆشیە گۆڕانی رەنگی چاو و پێست و میزی نەخۆش و نەمانی ئارەزووی خواردن و گەورەبوونی جگەر و ئازاری ناوسك و هەستكردن بەتێكچوون و رشانەوە و بەرزبوونەوەی پلەی گەرمایە، هیچ چارەسەرێك ناتوانێت ئاراستەی ئەم جۆرە هەوكردنە بگۆڕێت بەڵام باشترین رێگا بۆ دووركەوتنەوە لەم نەخۆشیە بریتییە لە خۆپاراستن.
هۆکارەکان
هەوکردنی جگەری ڤایرۆسی بەهۆی ڤایرۆسێکەوە دروست دەبێت. لە وڵاتانی پێشکەوتوودا، ڤایرۆسەکانی ئاوسانی جگەری جۆری A، B و C دەبنە هۆی نزیکەی 90%ـی حاڵەتەکانی هەوکردنی توندی جگەر. هەروەها ڤایرۆسی ئاوسانی جگەری جۆری D و E بەرپرسن لە هەوکردنی جگەر.
هەوکردنی جگەری ناڤایرۆسی بە پلەی یەکەم بەهۆی خواردنی بەرهەمە ژەهراوییەکان (کحول، دەرمان، ماددە کیمیاییە ژەهراوییەکان و هتد) دروست دەبێت. هەروەها دەتوانێت لە ئەنجامی ئەو نەخۆشیانەوە بێت کە کار دەکاتە سەر جگەر، وەک نەخۆشینی چەورهەڵگەڕانی جگەر.
نیشانەكانی هەوكردنی ڤایرۆسی جگەر:
نیشانەكانی هەوكردنی ڤایرۆسی جگەر هەندێك كات دیاریكراو نییە، بەڵام هەندێك نیشانەی سەرەكی هەیە، كە بریتین لە:
1. بەرزهەڵگەرانی پلەی گەرمای لەش و ئارەقەكردن؛
2. بێهێزی و كەمبوونەوەی توانای خواردن؛
3. دڵتێكەڵهاتن و ڕشانەوە.
4. ئازار لە بەشی سەرەوەی لای ڕاستی سک؛
5. ئازاری ئێسك و ماسوولكە؛
6. ڕەنگی میز دەگۆڕێت و، تیر هەڵدەگەڕێت.
ڕێگاكانی گواستنەوەی ڤایرۆسی جگەر:
* گواستنەوە لە دایكەوە بۆ كۆرپەلە لە كاتی لەدایكبوون یان لە ماوەی دووگیانیدا.
* پەیوەندیی نزیك لەگەڵ كەسی تووشیاری ڤایرۆسەکە، چونكە ڤایرۆسەكە توانای گواستنەوەی هەیە.
* بەكارهێنانەوەی‌ دەرزی و ئامێرە پزیشكییە پیسداگەڕاوەكان بەم ڤایرۆسە بە تایبەتی دەرزی.
* تووشبوون بە ئایدز و لاوازداگەڕانی سیستەمی بەرگریی لەش.
بەهۆی داهێنانەكانی بواری پزیشكی، ئێستاکە كوتان دژی ڤایرۆسی هەوكردنی جگەر هەیە و بە وەرگرتنی ڤاكسینەوە دەتوانرێت تا ڕێژەی %95 ڕێگە لەم نەخۆشیە بگیرێت، بۆیە پێویستە ئەو كەسانەی مەترسی تووشبوونیان لێ دەكرێت ڤاكسین وەربگرن، بە تایبەتی ئەوانەی لە ناوەندە تەندروستییەكاندا كار دەكەن.