ئایا سەرما کاریگەری دەبێت لەسەر جومگە؟

ئەژین عەبدوڵڵا – هەولێر

لە وەرزی زستان و سەرمادا، بەشێکی بەتەمەنەکان زیاتر گلەیی لە جومگەئێشە دەکەن، ئەوان لە سەرمادا زیاتر هەست بە جومگەئێشە دەکەن.

د. شوان محەمەد، پسپۆڕی ئێسک و شکان ئاماژە بەوە دەدات کە بە گوێرەی توێژینەوەکان دەرکەوتووە، ئەوانەی خۆیان ژانوبا (سەوەفان)یان هەیە لە جومگە، کرۆژەی سەر ئێسکیان نامینێت یان دادەڕووشێت بۆیە دەمارەکان ئاسانتر بەر شەپۆلی سەرما دەکەون و زیاتر لە خەڵک هەست بە ئازار دەکەن. یانیش لە کاتی باران یان سەرما گۆڕانی پاڵەپەستۆی هەوا وادەکات بەستەرە و ماسوولکەکانی دەوروبەری ئەژنۆ زیاتر رابکێشرێن. ئەمەش وادەکات ئازار لە جومگە درووست ببێت.
هەرچەندە بە شێوەیەکی سروشتی لەکاتی سەرما لینجی ناو ئەژنۆ چڕتر دەبێتەوە و ئەمەش وا دەکات ئەژنۆ رەق بێت.
د. شوان محەمەد، دەشڵێت هەموو سەرمایەک جومگەئێشە دروست ناکات، تەنها ئەو کاتە نەبێت کە سەرمایەکی لەناکاو روومان تێ دەکات. واتە گۆڕانی کەشوهەوای دوروبەر لە پڕێکدا، بۆ نموونە کاتێک رۆژانە چەند جارێک لە ژوورە گەرمەکەت دەڕۆیتە دەرەوە ئازار لە جومگە پەیدا دەبێت.
بەپێی خەمڵاندنێکی ساڵی ٢٠١٠ لەسەر ئاستی جیهاندا ٢٥٠ ملیۆن کەس سەوەفانی ئەژنۆیان هەیە و خەمڵاندنێکی دیکەش دەڵی ٥٠ملیۆن کەس لە جیهاندا بەهۆی ژانوبای ئەژنۆ تووشی پەککەوتنی جەستەیی دەبن. ژانوبای لە نێوان ٢٩١ نەخۆشی پەکخەری مرۆڤدا ڕیزبەندی ١١هەمینی وەرگرتووە.
هۆکارەکانی چین؟
١. زیادبوونی تەمەن
٢. زیادبوونی کێش
٣. ڕەگەزی مێ
٤. هەندێک کار و پیشە کە بەهۆیانەوە فشاری زۆر دەکەوێتە سەر جومگە
٥. پێکان و زەبری دەرەکی
٦. زۆر دووبارەبونەوەی فشار لەسەر جومگە وەکو لە وەرزشە ماندوکەرەکاندا
٧. هۆکاری بۆ ماوەیی
٨. ناڕێکوپێکیی سکماکیی لە جومگە و ئێسکدا

نیشانەکانی نەخۆشییەکە چین؟
١. ئازار
٢. ڕەقداگەڕانی جومگە
٣. کەمبوونەوەی توانستی جووڵە
٤. هەستکردن بە کرتەکرتی جومگە
٥. هەڵاوسانی جومگە (بە تایبەت هەڵاوسانی ڕەق)
٦. بێهێزداگەڕان و پووکانەوەی ماسوولکەکانی ڕان و پووز
د. شوان محەمەد، لە بارەی ئەوەی کە چی بکەین بۆ ئەوەی لە کاتی سەرما و سۆڵەدا جومگەئێشەکانمان کەم ببێتەوە دەڵێت؟
١- هەوڵ بدە زۆر هەوا گۆرکێ مەکە لەکاتی زستاناندا.
٢- لەکاتی دروستبوونی ئەم ئازارانە خۆت گەرم داپۆشە و حەمامێکی گەرم بکە بۆ ئەوەی بەستەرکانت خاو ببێتەوە.
٣- هەوڵ بدە خواردنەکانت تەندروست بیت.
٤- دەرمانی ئازار شکێن وەربگرە ئەگەر پێوست بکات.
٥- ڤیتامین دی ( Vitamin D3 ) وەربگرە چونکە لە زستاندا هەتاو بە کەمی بەر جەستەمان دەکەویت ئەمەش هۆکارە بۆ زیادبوونی جومگەئێشە.
٦- رۆژانە ١٠ بۆ ١٥ گلاس ئاو بخۆرەوە ئەمەش وادەکات بەستەرەکانت خاو ببێتەوە و دوورت بخاتەوە لە جومگەئێشە.
٧- وەرزشکردنی رۆژانە باشترین رێگایە بۆ ئەوەی ماسوولکەکانت خاو ببێتەوە و جومگەکانت بپارێزێت لە رەقداگەڕان.

دکتۆر هه‌ڤین که‌مال شاهمحەمەد پسپۆڕ له‌ زانستی ئازار و به‌نج ئامۆژگاری ئەو کەسانەدەکات کە لەکاتی پەیدابوونی ئازار بەھۆی سەرماوە ئەم کارانە بکەن:
١- پێویستە پێش ھەموو شتێک خۆت گەرم بکەیتەوە، دەتوانیت حەمامێکی گەرم بکەیت یاخود شاوەرێکی گەرم، یان ئەگەر ساونا بەردەست بێت. ھەر نەبوو دەتوانیت پاکی گەرم یان جەوەنەی گەرم بەکار بێنیت.
٢- دەتوانیت شوێنی ئازارەکە بشێلیت، بە شێوەیەکی بازنەیی.
٣- دەتوانیت ئەو کرێمانە بەکار بێنیت کە گەرمکەرەوەن، بۆ نموونە کرێمی بیبەری توونی سوور، کە ماددەی کاپسەسینی تیادایە، یاخود زەیتی زەنجەفیل، جێلی گوڵەئەرنێکا، ئەمانە ھەمووی ئازار کەم دەکەنەوە.
٤- دەتوانیت دەرمانی ئازارشکێن و ماسوولکەخاوکەرەوە بەکار بێنیت.
٥- لەکاتی ئازاری زۆردا، کە بە ئازارشکێن کۆنترۆڵ نابێت، دەتوانیت دەرزیئاژنین و ئامێری شۆک وەیڤ یان تێنس بەکار بھێنرێت بۆ خاوکردنەوەی خاڵی ئازار لە لەشدا.

ھەواڵی زیاتر