كامەران حاجی ئەلیاس
هونەرمەند (رەزوان قادر ڕەحمان) یەكێكە لەو هونەرمەندانەی كە شوێنپەنجەیان لە هونەری شێوەكاری كوردستان دیار و بەرچاوە خاوەنی چەندین پیشانگەی تایبەت و هاوبەشە، ماوەی 30 ساڵە خەریكی وێنەكیشان و نووسینە، چەندین خەڵاتی لەسەر ئاستی ناوخۆیی و دەركی پێبەخشراوە سەرۆكی رێكخراوی شاوێر بۆ هۆشیاریی ژینگەییە؛ لە بواری نووسینشدا بەردەوام لە گۆڤار و رۆژنامەكاندا لە بواری هونەری شێوەكاری دەنووسێت ماوەی 25 ساڵە لە رێگەی دیواربەندی خەریكی ڕازندنەوەی قوتابخانانە.
هونەرمەند رەزوان، یەكێكە لەو هونەرمەندانەی كە قەڵغانی پەرلەمانی كوردستانی پێشكەش كرا و، یەكەمین هونەرمەند بووە لە هەموو عێراق پیشانگەی ژینگەیی بكاتەوە؛ ئەندامی كارای سەندیكای هونەرمەندانی كوردستانە، ئەندامی كارای سەندیكای هونەرمەندانی عێراق و، ئەندامی كارای سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستانە، ئەندامی فیدراسۆنی رۆژنامەنووسانی نێودەوڵەتییە، ئەندامی كۆمەڵەی خۆشنووسانی كوردستانە، سەرۆكی رێكخراوی شاوێر بۆ هۆشیاری ژینگەیە. لەم رۆژانەدا لە هۆڵی میدیای شاری هەولێر دوانزەمین پیشانگەی تایبەتی خۆی كردوە ئێمەش لە نزیكەوە بە چەند پرسیارێك بەسەرمان كردوە.
* سەرەتا بۆ خوێنەران باس لە ژیانی هونەری خۆت بكەیت؟
من (رەزوان قادر ڕەحمان) لەدایك بووی شاری هەولێر 1981 شێوەكار و نووسەر و رۆژنامەنووس و چالاكوانی بواری ژینگە/ دبلۆم لە شێوەكاری (2000) هونەرە جوانەكانی هەولێر/ بەكالۆریس لە هونەر (2010) شیوەكاری كۆلیژی پەروەردە مووسڵ/ بەكالۆریس لە زمانی ئینگلیزی كۆلیژی پەروەردە زانكۆی سەلاحەدین 2016 تائێستا 12 پیشانگەی تایبەتم كردۆتەوە بەشداری 220 پیشانگای هاوبەشم كردوە.
* چۆن بوو بواری هونەری شێوەكاریت هەڵبژارد؟
– من هەر لە مناڵیەوە بەهرەی وێنەكیشانم هەبوو لەبەر ئەوەی خوێندنم بەزمانی عەرەبی مامۆستایەكی بەتوانای هونەرم هەبوو بە ناوی مامۆستا (ئەمیرە) كە خۆی عەرەب بوو و زۆر هانی دام و پاڵپشتم بوو لە پۆلی سێیەمی سەرەتایی بەشداری پیشانگای شێوەكار چالاكی قوتابخانەكانم كرد و لەسەر ئاستی هەولێر پلەی یەكەمم بەدەست هێنا بەتابلۆی (جووتیار زەوی دەكێڵێت) هەروەها لە بواری شانۆش لە پۆلی پێنجەم بەشداری شانۆگەریەكم كرد وەكو ئەكتەر بە ناوی (قەندیلۆكە) لەشاری دهۆك كە رۆڵی پیاوێكی پیرم بینی دوایی بۆ برەودان بە بەهرەكەم چوومە پەیمانگای هونەرە جوانەكان بەشی شێوەكاری.
* كێن ئەوانەی هاوكار و پاڵپشت بوون؟
– سەرەتا هاندەری یەكەمم خانەوادەكەم و دایک و باوكم زۆر هاوكارییان كردم هەروەها مامۆستایی سەرەتاییم مامۆستا (ئەمیرە) هاندەرم بووە.
* خاوەنی چەندین پیشانگەی تایبەت و هاوبەشن پێشوازی بینەران لە چ ئاستێكدایە؟
– من هەموو كات حەز دەكەم پرۆژە و پیشانگام هەبێت؛ تائێستا 12 پیشانگەی تایبەتیم كردۆتەوە، بەشداری زیاتر لە 220 پیشانگەی هاوبەشی ناوەەر و دەرەوەی وڵاتم كردووە؛ ئێستایش ئەگەر سپۆنسەر و هاوكاری و پاڵپیشتی هەبێت، دوو پیشانگەش ئامادەیە بۆ نمایشكردن، تا ڕادەیەك پێشوازی هاووڵاتیان لە ئامادەبوونیان لە پیشانگاكان باش دەبینیم.
* لە زۆربەی قوتابخانەكانی هەولێر لەرێگەی تابلۆی سەر دیوارەكان شوێنپەنجەت دیارە، ئەگەر بكرێت باس لەو پرۆژیەت بكەیت؟
– ئەوەی ڕاستی بێت ماوەی 25 ساڵ زیاترە خەریكی ڕازندنەوەی قوتابخانە و باخچەی منداڵان و داینگە و نەخۆشخانەكانم، تائیستا زیاتر لە 10هەزار تابلۆم كیشاوە لەسەر دیواری قوتابخانەكان و هەروەها 90% قوتابخانەكانی رشاری هەولێر و دەوربەریم ڕازاندۆتەوە، زۆرێك لەو كارانە بە خۆبەخشی کرا، بەتایبەت قوتابخانەكانە حكومیەكان ئەوان تەنیا بۆیەیان بۆ ئامادە دەكردم منیش تابلۆكانم بۆ دەكێشان؛ یەكەمین هونەرمەندم لە كوردستان ساڵی 1995 لەرێگەی تابلۆ و نیگاری دیواربەندی قوتابخانەی گوندێكم لەسەر ئەركی خۆم رازندۆتەوە.
* دیارە خۆت سەرۆكی رێكخراوی شاوێری؛ ئەگەر باس لە كار و چالاكی ئەم رێكخراوە بكەیت…
– رێكخراوی شاوێر رێكخراوێكی سەربەخۆی خۆبەخشە لە بواری پاراستنی ژینگە و هۆشیاریی ژینگەیی كار دەكات تا ئێستا زیاتر لە 10هەزار برۆشەر و پۆستەری رێنمایی و ئامۆژگاری ژینگەمان دابەش كردووە لە نێوەندەكانی خوێندنی ناوەوە و دەرەوەی شاری هەولێر و زیاتر 1000 سیمیناری ژینگەییمان کردووە؛ هەورەها 105 هەڵمەتی پاككردنەوەی سەیرانگاكانمان رێک خستووە؛ یەكەمین رێكخراوین لە سالی 2013 هەڵمەتی بەڕووچاندمان خستە رێ؛ (90) كیلۆ بەڕوومان چاند؛ هەروەها دانانی دانەوێڵە و ئاو بۆ باڵندە كیوییەكان ئەنجام داوە، لە ساڵی 2016 زیاتر لە 500 هێلانە بۆ باڵندەكان لە ناوچە شاخاویەكان و دارستانەكان دانا لەگەڵ چەندین پرۆژەی تر.
* لە بواری نووسینش لە گۆڤار و رۆژنامەكان خامەتان رەنگینە، دەكرێت باس لە بواری بكەیت؟
– بەڵێ لە ساڵی 1998ـەوە دەستم کردووە بە نووسین لە بواری وەرزش و پەروەردە و ژینگە؛ هەروەها چەندین ریپۆرتاژم لەسەر دیاردە نەرێنییەكانی نێو كۆمەڵگا لە گۆڤار و رۆژنامەكاندا بڵاو كردۆتەوە لەگەڵ چەندین كاریكاتێر لەسەر لاپەڕەی گۆڤار و رۆژنامەكان بڵاو كردۆتەوە تائێستاش بەردەوامم.
* چەندین خەڵاتت لەسەر ئاستی كوردستان و عێراق و نێودەوڵەتی وەرگرتووە دەكرێت ئاماژەیان پێ بدەیت؟
– تا ئێستا زیاتر لە 500 خەڵاتی رێزڵینانم وەرگرتووە و قەڵغانی پەرلەمانی كوردستانیشم پێشكەش كراوە؛ هەروەها 350 رێزوسوپاسم وەرگرتووە لەگەڵ بروانامەی دكتۆرای فەخری لە وڵاتانی ئیتاڵیا و بەریتانیا و میسر و لیبیا و ئوردن. لە وڵاتی تونس خەڵاتی زیوینم لە پێشبڕكێ كاریكاتیر لەنێو 300 بەشداربوو لە وڵاتانی عەرەبیدا بەدەست هێنا.
* وەك مامۆستایەك چۆن دەڕوانیتە ئاستی مامۆستایانی هونەر لە قوتابخانەكان؟
– بەداخەوە لە قوتابخانەكان مامۆستایانی هونەر بەگشتی وەك پێویست گرنگی بەوانەكەی خۆیان نادەن و هەریەكەو وانەیەكی تر دەڵێتەوە و قوتابیان بێبەش دەكەن لە چێژی هونەر و كپكردنی بەهرەكانیان لەلایەكی ترەوە زۆریك لە مامۆستایانەی وانەی هونەری دەڵێنەوە پسپۆڕییان هونەر نیە؛ هەروەها هەندێك لە مامۆستایان لە وانەكەیاندا بە بیانووی نەبوونی پرۆگرامێكی تایبەت بە وانەی هونەر كەمتەرخەمن من خۆم ماوەی 10 ساڵە پەرتووكی هونەرەم داناوە وانەی لەسەر دەڵێمەوە لە هەمان كاتدا پێشكەشی زۆریك لە مامۆستایانم كردوە كە قۆناغی بنەڕەتی پۆلی 1 تا 6 پێك دێت، كە پلان و دابەشكردنی كات و قۆناغەكانی وێنەكیشانی لەخۆ دەگرێت، بەجۆرێك ئەگەر مامۆستاكە پسپۆڕی هونەریشی نەبێت دەتوانێت سوودی لێ وەربگرێت.
* ئەو پیشانگەی تایبەت بە ژینگەت كردۆتەوە ناوەڕۆكی پیشانگایەكە گوزراشت لە چی دەكات؟
– خۆم لە بواری ژینگە و كاری نووسین بەردەوام خەریکم؛ بۆیە بیرۆكەی پاراستنی ژینگەم لە رێگەی تابلۆوە بە باش زانی؛ تائێستا زیاتر لە 35 تابلۆم كێشاوە كە تابیەتە بە جوانیەكانی ژینگە دركم بەوە كرد كە بەم شێوەیە ئاسانتر و زووتر دەگات؛ پێنج پیشانگەم بەو تابلۆیانە كردۆتەوە و سەرەتا لە هۆڵی میدیا دواتر لە هەندێك لە قوتابخانەكان پیشانگاكام كردۆتەوە و بەرنامەشم هەیە ساڵی نوێ خوێندن لە زۆربەی قوتابخانەكان بكەمەوە و بۆ ئەوەی قوتابیان ئاشنا بكەین بە پاراستن و خۆشەویستی بۆ ژینگە، هەروەها یەكەمین رێكخراو و هونەرمەندم لە هەموو عێراق پیشانگەی ژینگەیی بكەینەوە بە بیرۆكەی پاراستنی ژینگە لە رێگە تابلۆ و هونەرەوە؛ لێرەوەش داوا لە وەزارەتی پەروەردە و بەڕێوبەری گشتی پەروەردەی هەولێر دەكەم زیاتر پاڵپشت و هاوكارم بن بۆ ئەوەی تابلۆ و پیشانگە ژینگەیم بكەمە پرۆژەیەك لە زۆربەی قوتابخانەكان نمایش بكرێت.
* لە بواری هونەری گرافیك كۆمەڵە تابلۆیەكی جیاوازت كردووە و بەتایبەت لۆگۆی كەناڵەكانی راگەیاندن ئەگەر ئاماژە بەو لایانەش بدەیت؟
– هونەری گرافیك هونەرێكی تایبەتە و وردەكاری و سەلیقە زۆری دەوێت و نابێ هەڵەی تێدا بكەیت بۆیە زۆر هونەرمەند خۆی لێ نادەن و بە كارێكی قورس دەزانن بەتایبەت هەڵكۆلین لەسەر پلێت؛ من خۆم ماوەیەكی زۆرە خەریكی ئەو هونەرەم تا ئیستا 120 تابلۆیەم هەیە، ئەگەر دەرفەت بڕەخسێت لە پیشانگەیەكی تایبەت كۆمەڵێك تابلۆ نمایش بكەم و تابلۆكانیش بریتییە لە كێشە و گرفتەكانی ناو كۆمەڵگا بەشێوەی تەعبیری و نووسینی چەند ئایەتێكی پیرۆزی قورئان و چەند پەندێكی پێشینان لەگەڵ چەند فەرموودە و وتەی ناوداران.

