رۆژنامەی ھەولێر

ئایندەی میلیشیاکانی عێراق

و: هۆنیار عەبدوڵڵا – هه‌ولێر

 

لە مانگی دیسێمبەردا، چەند گرووپێکی چەکداری عێراقی ڕایانگەیاند کە بۆ ماوەیەکی کاتی هێرشەکانیان بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و دژی ئیسرائیل ڕادەگرن. هەروەها، ڕاپۆرتەکان ئاماژەیان بەوە دا کە هەندێک لەو گرووپانە ئامادەیی خۆیان دەربڕیوە بۆ ئەوەی چەک فڕێ بدەن و بچنە ڕیزی هێزە چەکدارەکانی عێراقەوە.

بەپێی زانیارییەکانی ماڵپەڕی “الحرە”، میلیشیاکان چەکی زۆریان هەیە، لەوانە مووشەکی بالستیک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان. هاوکات واشنتۆن و تاران گەڕی دووەمی دانوستانیان کۆتایی پێ هێنا، بەبێ ئەوەی هیچ زانیارییەکیان لەسەر ئەو بابەتانەی تر ئاشکرا بکەن کە لەسەر مێزی گفتوگۆکان بوون، لەوانە پرسی میلیشیا عێراقییەکان.
ڕافید عەتوانی، توێژەر لە کاروباری سیاسیی عێراق، دەڵێت تاران بە ئەمریکای ڕاگەیاندووە کە پرسی حەشدی‌شەعبی و گروپە چەکدارەکانی عێراق و هاوکارەکانی تری ئێران لە ناوچەکە، کێشەیەکی ناوخۆییە و پەیوەندی بەو وڵاتانەوە هەیە کە ئەو گروپانەی تێدایە. عەتوانی دەڵێت: “ئەمە واتە دەبێت ئەمریکا ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئەو گروپانەدا گفتوگۆ بکات و ڕێک بکەوێت.”
عەتوانی، کە نزیکە لە ڕەوتی نیشتمانیی شیعە بە سەرۆکایەتیی موقتەدا سەدر بۆ “الحرە” دەڵێت: “ئەمریکا هێرشەکانی خۆی و هێرشەکانی ئیسرائیلی بۆ سەر ئەو گرووپانەی لە عێراقن ڕاگرتووە، ئەوەش دوای ئەوەی حکوومەتی عێراق و ئەمریکا گفتوگۆیان کرد، بەو هیوایەی بەغدا بتوانێت گرووپەکان ڕازی بکات چەکەکانیان فڕێ بدەن، بۆ ئەوەی عێراق لە دەرئەنجامەکانی جەنگ و ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ناوچەکە بپارێزرێت.”
لەگەڵ ئەوەشدا، عەتوانی پێی وایە ئێران هێشتا دەتوانێت “ئەو گروپانە بێدەنگ بکات یان بیانجووڵێنێت لەناو عێراقدا، یان ڕێنمایییان بکات بۆ ئەوەی چەکەکانیان فڕێ بدەن.”
میلیشیا عێراقییە نزیکەکانی ئێران لەناو حەشدی‌شەعبیدا کۆ بوونەتەوە، کە زیاتر لە 70 گروپە و ناسراون، جگە لە دەیان گرووپ کە نەناسراون.
وەزیری دەرەوەی عێراق، فواد حسێن، بە ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندووە کە عێراق هەوڵ دەدات گروپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران ڕازی بکات چەک فڕێ بدەن یان بچنە ناو هێزە ئەمنییە فەرمییەکانەوە.
هەموو گروپەکانی میلیشیا پەیوەندییان بە ئێرانەوە نییە.
عەتوانی ئاماژە بەوە دەکات کە گروپە عێراقییەکان دابەش دەکرێن بۆ چەند دەستەیەک، لەوانە ئەونەی لەناو حەشدی‌شەعبیدان، ئەوانەی لە دەرەوەی حەشدن، ئەوانەی سەر بە حزبە سیاسییەکانن و ئەوانەی سەر بە مەرجەعیەتی ئایینیین، هەروەها ئەوانەشی چوونەتە ناو وەزارەتی بەرگری و سەر بە حەشد نین و پێیان دەوترێت “حەشدی عەتەبات”.
عەتوانی پێشبینی دەکات کە لە داهاتوودا فۆرمێک بۆ تێکەڵکردنی حەشدی‌شەعبی لەگەڵ وەزارەتەکانی بەرگری و ناوخۆ و دەزگا ئەمنییەکانی تر ئاشکرا دەبێت.
عەتوانی پێی وایە محەمەد شیاع سوودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق، هەندێک لایەنی ئاگادار کردووەتەوە کە ئەگەر بیانەوێت لەگەڵیدا بەشداری هەڵبژاردنەکان بکەن، دەبێت قۆناغی داهاتوو بەبێ چەک بێت و لە دەرەوەی کۆنترۆڵی دەوڵەت نەبێت.
هەروەها، بەرپرسانی ئەمریکی جەخت لەوە دەکەنەوە کە سوودانی دەیەوێت کێشەی چەکی بێ کۆنترۆڵ چارەسەر بکات و میلیشیاکان بخاتە ژێر کۆنترۆڵی حکومەتەوە.
عەتوانی هۆشداری دەدات لەوەی کە هەر جووڵەیەکی سەربازی لەلایەن ئەو گروپانەوە دەبێتە هۆی دروستبوونی دەرئەنجامی مەترسیدار بۆ عێراق، لەوانە سزای ئابووری و تەنانەت هێرشی سەربازی.
عەتوانی دەڵێت: “پێویستە چەکی ئەو گروپانە هەڵبوەشێنرێتەوە.” هەروەها پێی وایە کە ئەمریکا و ئیسرائیل هەماهەنگی دەکەن و یەکێکیان لە گفتوگۆکردن بەردەوام دەبێت و ئەوی تریان هێز بەکار دەهێنێت ئەگەر چەکداماڵینی ڕاستەقینە نەبینرێت.
عەتوانی دەڵێت: “قۆناغی داهاتوو بەبێ چەک و بەبێ دەستێوەردانی ئێران دەبێت لە ناوچەکە.”
دەسەڵاتی ئێران لە ڕووی سیاسی و سەربازییەوە بەهۆی ڕووداوەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە وا کەم دەبێتەوە، بەتایبەتیش هێرشە بەردەوامەکانی سەر هاوپەیمانەکانی ئێران لە غەززە و لوبنان، هەروەها ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد کە نزیکترین هاوپەیمانی تاران بوو.
بەڵام شەمەری لە هەمان کاتدا دەبینێت کە دەسەڵاتی ئێران لە عێراق بەرەو کەمبوونەوە دەچێت، چونکە ئەو دەسەڵاتە لە ناوخۆوە ڕەت کراوەتەوە و لە ئاستی ناوچەییشدا بەرەو داڕمان دەڕوات.
عێراقییەکان کە بە “بەرخۆدانی ئیسلامی لە عێراق” ناسراون، هێرشەکانیان بۆ سەر نوێنەرایەتییە دیپلۆماسییەکان و بنکەکانی هاوپەیمانان و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان و ناوچەکانی تری عێراق چڕتر کردووەتەوە.
هەروەها هێرشیان کردووەتە سەر ئیسرائیل و بنکەکانی ئەمریکا لە سووریاوە.
شەمەری جەخت لەوە دەکاتەوە کە “هاوکێشە سیاسییە حاکمەکان لە عێراق دەترسن لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی نوێ.” هەروەها، ئۆپۆزسیۆنی عێراق و دژبەرانی حکومەتی سودانی و چوارچێوەی هەماهەنگی دەیانەوێت ئەو پرۆسە سیاسییەی ئێستا دووبارە ڕێک بخەنەوە.
شەمەری دەڵێت ئەم ترسە هاوکاتە لەگەڵ ڕوانگەی ئەمریکی کە دەیەوێت دەسەڵاتی ئێران لە عێراق کەم بکاتەوە و کۆتاییی پێ بهێنێت.
شەمەری هۆکاری ڕاکردنی هێزە سیاسییە هاوپەیمانەکانی ئێران بۆ لای تاران دەگەڕێنێتەوە بۆ ئەوەی کە ئەمریکا هیچ دڵنیاییەکی بەو هێزانە نەداوە، بۆیە ئەوان لە ئێراندا جۆرێک لە دڵنیایی دەبینن.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، ئیسماعیل بەقایی، ڕەتی کردەوە وردەکاری ئەو پرسانە ئاشکرا بکات کە لە گەڕی دووەمی گفتوگۆکانی نێوان ئێران و ئەمریکا باسیان لێوە کرا.
بەقایی وتی “ئێمە هیچ وردەکارییەک لەبارەی ئەو بابەتانەی لە گفتوگۆکاندا باسیان لێوە کراوە پشتڕاست ناکەینەوە.” هەروەها وتی کە ئەو قسانەی لەبارەی بابەتەکانی گفتوگۆوە دەکرێن تەنها گومان و شیکاری میدیایین.
بەقایی جەختی لەوە کردەوە کە ئەو گفتوگۆیانە تەنها لەسەر پرسی ئەتۆمی و لابردنی سزاکان چڕ بوونەتەوە و وتی “ئەمە چوارچێوەی گفتوگۆکانە و هیچ پرسێکی تر باسی لێوە ناکرێت.”
شارەزای ستراتیژی عێراقی، عەلا نەشووع، جەخت لەوە دەکاتەوە کە ترسی گروپە عێراقییە نزیکەکانی ئێران لەوەی کە پرسی عێراق لەناو مەرجەکانی گفتوگۆکاندا بێت، لەوەوە سەرچاوە دەگرێت کە ئێران دەستبەرداریان دەبێت، بەو مانایەی کە ئەوان دەبنە ئامانجی هێرشە سەربازییەکانی ئەمریکا و ڕەنگە تووشی داڕمان ببن، چ لە ڕێگەی هێرشەوە بێت یان لە ڕێگەی یاساوە.
نەشووع لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ “الحرە” وتی “ئەمریکا دەستبەرداری عێراق نابێت، نە بۆ ئێران و نە بۆ تورکیا و نە بۆ هیچ دەوڵەتێکی تر، چونکە هۆکاری زۆری هەیە، لەوانە ستراتیژی و ئابووری و سیاسی.”
هەروەها پێشبینی دەکات کە چینی سیاسی لە عێراق ملکەچی گۆڕانکارییە سیاسییەکانی ناوچەکە دەبێت.
نەشووع پێشبینی دەکات کە ئێران ملکەچی مەرجەکانی ئەمریکی دەبێت و دەستبەرداری ئەو توانایانە دەبێت کە لە ناوچەکەدا هەیەتی، لەوانە چەک و کەرەستە سەربازییەکان، هەروەها دەستبەرداری دەستێوەردان دەبێت لە کاروباری وڵاتانی تر، لەوانە عێراق.

ن: دڵشاد حسێن
سەرچاوە: الحرە