كارزان گلی – ههولێر
٨/١٢/٢٠٢٤، دوای ٦١ ساڵ حوكم، رژێمی بەعس لە سووریا كۆتایی پێ هات و سەرۆكی تەحریر شام، ئەحمەد شەرع بوو بە سەرۆكی سووریا. شەرع، نەیتوانیوە پێكهاتەكانی ناو سووریا رێك بخات و ببێتە جێی متمانەیان؛ لەو كاتەوەی دەسەڵاتی گرتووەتە دەست، دوو شەڕی گەورە رووی دا و دیارترینیان شەڕی درووزییەكان و رژێمی سووریایە لە سوەیدا، بۆیە پرسیارەكە ئەوەیە، ئایە سووریا دابەش دەبێت یان بەرەو شەڕێكی تری ناوخۆیی هەنگاو دەنێت؟
ئەگەرچی رێكەوتنێكی هەشت خاڵی لە نێوان هەسەدە و رژێمی سووریا ئیمزا كرا، بەڵام چونكە كوردانی رۆژئاوای كوردستان متمانەیان بەو رژێمە نییە، بۆیە رێككەوتنەكە نەكەوتووەتە بواری جێبەجێكردنەوە و شەڕی نێوان ئەو دوو لایەنەش ئەگەرێكی بەهێزە.
جیا لە كوردەكان، كە پێكهاتەیەكی سەرەكیی سووریان و سێهەکی خاكی ئەو وڵاتەشیان لەژێر دەستدایە، درووزییەكانیش، كە ژمارەیان ١ملیۆن دەبێت، لە سوەیدا و بەرزاییەكانی جۆلان دەژین، كەوتونەتە شەڕێكی سەخت لەگەڵ رژێمی سووریا و تاوەكوو ئێستا هەزار كەس لە نێوانیاندا كوژراوە و درووزییەكان دەڵێن كۆمەڵكوژ كراوین و دەبێت بە هانامانەوە بێن، ئەمەش دەریدەخات، كە شەرع لە نزیكبوونەوە لە پێکهاتەکانی دیکە ناو سووریا شكستی هێناوە.
هەرچەند مانگێگ لەمەوبەر، لە لازقییە شەڕێكی زۆر سەخت لە نێوان عەلەوییەكان و رژێمی سووریا هەڵگیرسا و لەوێش عەلەوییەكان كۆمەڵكوژ كران و زیاتر لە ٢هەزاریان لێ كوژرا؛ ئەمانە هەمووی دەریدەخەن حكوومەتی شەرع، توانای نزیكبوونەوەی ئەو پێكهاتانەی نییە و نەیتوانیوە ببێتە جێی متمانەیان.
یەكگرتنەوەی هەموو هێزەكانی ناو سووریا ئەگەرێكی بەهێزە؟
ئەحمەد شاراوی، لێكۆڵەری سیاسی، قسەی بۆ ئاژانسی (BBC) توركی كردووە و دەڵێت: ”دوای رووخانی ئەسەد، بەشێكی زۆر پێیان وابوو كە شەڕی ناوخۆیی لە سووریا كۆتایی پێ هات، بەڵام هەمیشە دژی ئەو بۆچوونە بوومە، شەڕی ناوخۆ تەنیا بەشێوەیەكی تر سەری هەڵداوەتەوە و، هەر هەیە، واتە لەژێر چەتری سەرۆكێكی تر و دینامیكێكی تر شەڕ بەردەوامە.“
هەروەها هێلین ساری، مامۆستای زانكۆ و شارەزای پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان، پێی وایە یەكخستنەوەی ئەو هەموو گروپانەی ناو سووریا زۆر ئەستەمە، چونكە ١٣ ساڵە ئەو شەڕە هەیە و ئەو گروپانە هەن، بۆیە یەكخستنەوەیان ئەگەرێكی زۆر لاوازە.
بەگوێرەی بۆچوونی ئەحمەد شاراوی، هەرچەندی هەوڵ بدرێت بۆ یەكخستنەوەی گروپە چەكدارەكانی ناو سووریا، بەڵام هەر ناتوانن هەموو گروپ و دین و ئەتنیكەكان لەژێر یەك چەتری هێزدا كۆ بكەیتەوە، شەڕەكانی ئەم دواییانەش ئەمەی سەلماندووە.
ئەحمەد شەرع، نەیتوانی وەكوو سەرۆكی تازەی سووریا، كەمینەكانی ناو سووریا لەخۆی رازی بكات، بەپێچەوانەوە ئەوان زۆر بە گومانەوە سەیری شەرع دەكەن و پێیان وایە دەیەوێت لەناو خۆیاندا بیانتوێننەوە، بۆیە لێی نزیك نابنەوە، بەتایبەت درووزییەكان و عەلەوییەكان.
نووسەرانی كوردی باكووری كوردستان، بەعەیبەیەكی زۆر گەورەی دەزانن، هێزەكانی هەسەدە لەگەڵ هێزی رژێمی سووریا یەك بگرێتەوە، بۆ نموونە ئایدن دەرە، نووسەری دیاری باكووری كوردستان، پێی وایە یەكخستنەوەی هەسەدە لەگەڵ هێزی شەرع، هەڵەیەكی گەورەیە و نابێت كورد بچێتە ناو ئەو یارییەوە، چونكە لە هیچ روویەكەوە ئەو دوو هێزە ناتوانن لەگەڵ یەكدا بن و بجەنگن.
بەڵام ئیلهام ئەحمەد، بەرپرسی باڵای هەسەدە، لە دیمانەیەكی تایبەتدا بۆ (BBC)بە روونی گوتی، ئێمە وەكوو هەسەدە و كورد، دەوڵەتی سەربەخۆمان ناوێت، ئێمە دەمانەوێت لەگەڵ هێزی شامدا یەك بگرینەوە، بەڵام بۆ ئەمەیان پێویستمان بە دیالۆگی زیاترە.
ئەم گوتەیەی ئیلهام، نووسەران و كوردانی تووڕە كردووە و پێیان وایە باشترین دەرفەتە بۆ كورد، داوای فیدراڵی یان كۆنفیدراڵی بكات، چونكە خەیاڵە شەرع بڕوای بە مافی كورد هەبێت.
شەرع، دوای ئەوەی دەسەڵاتی گرتووەتە دەست، بەردەوام گوتویەتی دەبێت هەموو هێزەكانی سووریا، یەك سوپا سالاریان هەبێت و هەموویان سەر بەهێزی وەزارەتی بەرگری بن، بەڵام لەمەیاندا سەركەوتوو نەبووە.
بەهۆی ئەوەی سەربازانی سووریا، هەموویان جیهادین، بەڵام سەربازانی هەسەدە و عەلەوی و درووزییەكان دوورن لە جیهادییەوە، بۆیە بۆچوونەكان بۆ ئەوەن، ئەگەر بڕیاریش بێت هێزەكان یەك بگرنەوە سەركەوتوو نابن و شەڕی نێوان ئەو گروپانە دەستپێدەكاتەوە، چونكە لە ڕووی ئایدۆلۆژیاوە زۆر لە یەكترەوە دوورن.
ئەو دەستوورە كاتییەی لەلایەن رژێمی سووریاوە نووسرایەوە و قبووڵ كرا، هۆكارێكی سەرەكییە كە كورد و درووزی و عەلەوییەكان متمانەیان بە شەرع نەبێت، چونكە شەرع پێی وایە دوای ئەسەد ئەو هەرچی بوێت دەیكات و كەس ناتوانێت رووبەڕووی بڕیارەكانی ببێتەوە؛ هێلین دەڵێت تا خاوەنی ئەو بیرۆكەیە بێت، سەركەوتوو نابێت لە سووریایەكی یەكگرتوودا.
فیدراڵی ئەگەرێكی بەهێزە
ئەگەر بێت و نەتوانرا هێزەكانی هەسەدە و رژێمی سووریا یەك بگرێتەوە، ئەوكات ئەگەری فیدراڵی بۆ كورد بەهێزە و قسەی لەسەر دەكرێت.
ئەگەرچی هەسەدە بە فەرمی داوای فیدراڵی نەكردووە، بەڵام بەگوێرەی بۆچوونی شرۆڤەكارانی سیاسی، ئەو ئەگەرە هەر هەیە، ئەمەش ئەگەر بێت و هەسەدە و رژێمی سووریا نەگەنە رێككەوتن، چونكە لە ئەگەری رێكنەكەوتن شەڕ دروست دەبێت و لەو شەڕەشدا رەنگە ملیۆنان كەس ئاوارە بێت، بۆیە دەرگای گفتوگۆ دەكرێتەوە بۆ قسەكردن لەسەر فیدراڵی.
شەڕی وەكالەت هەر هەیە
لە شەڕی ناوخۆیی سووریادا لە ٢٠١١، شەڕی وەكالەتی وڵاتان لە سووریا برەوی سەندبوو، بەڵام دوای نەمانی ئەسەد، بەشێك لە چاودێرانی سیاسی پێیان وایە ئەو شەڕی وەكالەتە نەماوە، بەڵام راستییەكەی ئەوەیە، شەڕی وەكالەت دوای ئەسەد برەوی زیاتری سەندووە.
سوپای سووریای ئازاد، كە ژمارەیان ٤٠ هەزار سەربازە، لەلایەن توركیا پاڵپشتی دارایی دەكرێن و تاوەكوو ئێستا چەكیان دانەناوە.
درووزییەكان لەلایەن ئیسرائیلەوە بەكار دەهێنرێن و بەردەوام ئیسرائیل چەكیان دەداتێ و پشتیوانێكی بەهێزیانە بۆ رووبەڕووبوونەوەی شەرع.
عەلەوییەكانیش لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەكرێن و بەگوێرەی زانیارییەكان، تاوەكوو ئێستاش لە سووریا بوونیان هەیە و چاوەڕێی دەرفەت دەكەن تا بتوانن روبەڕووی هێزی شەرع ببنەوە.
هەسەدەش لەلایەن ئەمریكاوە پاڵپشتی دەكرێت و ئێستا بەهێزترین و راهێنراوترین هێزە لە سووریا، تەنانەت باس لەوە دەكرێت هەسەدە، دەتوانێت تەواوی سووریا كۆنترۆڵ بكات ئەگەر بیەوێت، ئەمەش دەریدەخات كە شەڕی وەكالەت لە سووریا زیاتر برەوی سەندووە.

