رۆژنامەی ھەولێر

خەڵک بە ئۆپۆزسیۆنەوە خەریکە بە تەواوی لە پشتی پەردەی سیاسەتەکانی بەغدا تێدەگەن

سلێمان تاشان – هه‌‌ولێر

خەڵکی هەرێمی کوردستان زۆر دڵخۆش بوون بەو ڕێککەوتنەی لە نێوان هەولێر و بەغدا لەبارەی نەوت و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان کرا و لە ئەنجوومەنی وەزیران پەسند کرا، ئەوان ئومێدیان هەبوو دوو مانگ و نیو، لە سەرەتای ئەم هەفتەیە مووچەکانیان وەربگرن بەڵام جارێکی تر حکوومەتی عێراق شتێکی دیکەی کردە بیانووی نەناردنی مووچە. خەڵکی کوردستان بە بەشێک لە لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆنەوە بەو قەناعەتە گەیشتن کە بەغدا ڕووڕاست نییە.

بەشێک لە خەڵکی هەرێمی کوردستان پێشتر گومانێکیان لە ڕێککەوتنەکان هەبوو و حکوومەتی هەرێمی کوردستانیان بەوە تۆمەتبار دەکرد ناچێتە ژێر باری ڕێککەوتنەکان و داهات و نەوت ڕادەست ناکات، بەڵام ئێستا بە تەواوی لەوە تێگەیشتوون کە هۆکاری سەرەکیی ئەو کێشە و قەیرانانەی بۆ هەرێمی کوردستان دەهێنرێنە کایەوە بەغدایە نەک هەولێر و کێشەکان ئەوەندەی رەهەندی سیاسییان هەیە رەهەندی یاساییان نییە.
حکوومەتی عێراق بەو سیاسەتەی لانی کەم لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا بەرانبەر خەڵکی هەرێمی کوردستان جێبەجێی کردووە سەلماندوویەتی نەک هیچ جیاوازییەکی لەگەڵ ڕژێمە ستەمکارەکانی پێشتر نییە بگرە زۆر خراپترن، چونکە ڕژێمەکانی پێشوو بە ئاشکرایی بۆردمانی خەڵکیان دەکرد، ئەنفالیان دەکرد و کیمیایان بەسەردا دەباراند، بەڵام ئەوەی ئێستا دەسەڵاتی ناوندیی عێراق دەیکات دووڕووییە لە لایەک وای خۆ پێشان دەدات کە لە بیری خەڵکی کوردستاندایە و مافەکانیان دابین دەکات و هیچ جیاوازییەک لە نێوان فەرمانبەرانی عێراق و هەرێمی کوردستاندا ناکات و لە لایەکی تر بە نهێنی و لە ژێرەوە چی پیلانە لە دژی هەرێمی کوردستان دەیگێڕێت.
لەم ڕووداوانەی ڕابردوو ئۆپۆزسیۆنی هەرێمی کوردستان و ژمارەیەک لە نوێنەر و پەرلەمانتاران و تەنانەت چالاکانی مەدەنی و رۆژنامەنووسان بەر لە خەڵکی ئاسایی کەوتنە نێو داوی سیاسەتەکانی بەغدا و هاوکارێکی سەرەکیی بوون بۆ پێشبردنی ئەو گوتارەی بەغدا لە دژی هەرێمی کوردستان، لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆنی هەرێمی کوردستان بە بێ لەبەرچاوگرتنی جیاکردنەوەی ناکۆکییە ناوخۆییەکانیان لەگەڵ دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان و بینینی هێڵێکی ئاسایشی نەتەوەیی، لەو ناکۆکییانەی لە نێوان بەغدا و هەولێر هاتنە کایەوە چوونە پاڵ بەغدا و بەو هۆیەوە خەڵکی هەرێمی کوردستانیان چەواشە کرد و بەرچاویان لە ڕووداوەکان و مافەکانیان و ئەوەی لە گۆرەپانی سیاسی ڕوودەدات، تاریک کرد.
لە ٢٠٢٣ەوە کە هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان وەستاوە هەموو جۆرە بەرپرسیارێتییەکی هەناردەی نەوت لە سەرشانی بەغدا بووە و هەر ئەو کاتیش حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە هەناردەی نەوت بە ڕێگای سۆمۆ ڕازی بوو، سەرەڕای کۆمەڵێک ڕێککەوتن عێراق وازی لە پرسی نەوت هێنا و تەنانەت گوێی نەدایە ئەو دەیان ملیار دۆلارەی بەهۆی وەستاندنی هەناردەکردنی نەوت بەری کەوت، هەرێمی کوردستانی بە ژمارەی فەرمانبەران و لیستی مووچە و ناوی زیادە و تەوتین و شتی سەیر و سەمەرە خەریک کرد و کات و وزەیەکی زۆری بەو هۆیەوە کوشت و خەڵکی کوردستانی سەرقاڵ کرد.
کاتێک سەرجەم بیانووەکانی لیستی مووچەبڕان ئەم جارە هاتە سەر هەناردەکردنی نەوت، دواین ڕێککەوتنیان هەفتەی ڕابردوو بوو کاتێک هەر دوو لایەن بەوە ڕازی بوون ٢٣٠ هەزار بەرمیل نەوتی کوردستان هەناردە بکرێ و هەرێمی کوردستان سەدوبیست ملیار دینار لە داهاتی ناوخۆ بنێرێت کە دواتر گۆڕانکاری بەسەردا دەهات و لە بەرانبەردا مووچەی هەرێمی کوردستان بنێردرێت، ئەم ڕێککەوتنە هاوکات بوو لەگەڵ هێرش و پەلامارە درۆنییەکان بۆ سەر کەرتی نەوتی کوردستان کە بەرپرسیارێتیی ئەمنییە ئاسمانییەکەی لە ئەستۆی بەغدایە و بەغدا چاک دەزانێت هەرێمی کوردستان لەپڕ ناتوانێت دەست بە هەناردەکردنەوەی دووسەد و سی هەزار بەرمیل نەوت بکاتەوە و بۆیەش وەزیرە داراییەکەی بە قاقای پێکەنینەوە کردوویەتە مەرجێکی تری ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان و دەیسەلمێنێت چەندە چێژ لە برسیکردنی خەڵکی کوردستان وەردەگرێت.

هیچ کاتێک خەڵکی هەرێمی کوردستان هێندەی ئەو ڕۆژانە لە بەغدا بێزار نەبوون، ئەحمەد هێمن فەرمانبەرێکی وەزارەتی کارەبا کە پێشتر هەموو هۆکارەکانی دواخستنی مووچەی دەخستە سەر شانی هەرێمی کوردستان دەڵێت، ”ئێستە لەوە تێدەگەم سەربەخۆیی ئابووری چ نرخێکی هەیە. خۆزگە بەردەوام نیوەمووچەمان وەرگرتبا بەڵام حەوجێی بەغدا نەباین.” ئەو پەندێکی کوردی هێنایەوە و گوتی گۆشتی ڕانی خۆت بخۆی لە منەتی قەساب باشترە.
هەرچەندە ئەوەی بەغدا دەبێت بینێرێت هیچ منەتێکی تێدا نییە و بەپێی یاسا مافێکی ڕەوای خەڵکی کوردستانە، مادام عێراق هەرێمی کوردستانی وەک بەشێک لە خۆی قبوڵە، بەپێی دەستوور نابێت هیچ جیاوازییەک لە نێوان خەڵکی هەرێمی کوردستان و خەڵکی پارێزگاکانی دیکەی عێراقدا بکات. ئەگەر بەغدا گوتبای بڕۆن هەرێمی خۆتان و نەوت و گاز و داهاتی خۆتان بۆ خۆتان بێ و هی ئێمەش بۆ خۆمان با هیچمان حەقمان بە یەکتر نەبێت، ئەوا شتێکی زۆر ئاسایی بوو و لەو کاتەدا هەرێمی کوردستان دەستی لە چارەسەرکردنی قەیرانەکان کراوەتر دەبوو.

سیاسەتی بەغدا ملکەچکردنی هەرێمی کوردستان و لێدانە لە قەوارە سیاسییەکەی و بچووککردنەوە و لە قاڵبدانی هەرێمە و هەرگیز بەوە ڕازی نابن هەرێمی کوردستان بەو داهاتە کەمەی بەرەو کارەبا و ئاوی بیست و چوار سەعاتی هەنگاو بنێت کەچی ئەوان بەو پارە و سەرمایە و داهاتە زۆرەی هەیانە نەتوانن سەرەتاییترین خزمەتگوزاری بۆ هاووڵاتیانیان دابین بکەن و نوقمی گەندەڵی ببن و شەرمەزاری گەلەکەیان بن.