رۆژنامەی ھەولێر

پارێزگاری هەولێر، له‌گه‌ڵ ژمارەیەک لە بازرگانانی خۆراک كۆبۆوه‌

ئەمڕۆ دووشەممە 2025.7.21، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، بەمەبەستى بەهێزکردنى جوڵە و ڕه‌وشی بازرگانی و ئابوورى و دۆخى بازاڕ، بە ئامادەبوونى نەبەز عەبدولحەمید، قائیمقامى ناوەندى هەولێر و تەیب کەژۆ، بەڕێوەبەرى گەشەپێدانى پیشەسازیی هەولێر و هۆگر عەلى، بەڕیوەبەرى چاودێرى بازرگانى هەولێر، لە دیوانى پارێزگا، لەگەڵ ژمارەیەک لە بازرگانانی خۆراکى هەولێر كۆبۆوه‌.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، پارێزگارى هه‌ولێر، دواى ئەوەى تیشكی خسته‌سه‌ر ڕەوشی ئابووری و چۆنیەتى بەهێزکردنى جوڵە و ڕه‌وشی بازرگانی و دۆخی بازاڕ و پێداویستییەکانی هاوڵاتییان، لە پێناو باشترکردن و بوژاندنەوە و بەهێزکردنى ڕەوشی ئابوورى و پیشەسازیى و بازرگانى و وەبەرهێنان و کار و کەسابەتى کاسبکاران لە شارى هەولێر، جەختى لە چارەسەرکردنى هەموو کێشە و گرفتەکان کردەوە.

هەروەها ئاماژەى بەوەدا، ئامانجی ئێمە لە حکومەتى هەرێمى کوردستان و پارێزگاى هەولێر، ئەوەیە پارێزگارى لە کار و کەسابەتى کاسبکاران و کارئاسانى و پشتیگریى بازرگانان بکەین، بۆ ئەو مەبەستەش هەموو هەولێکی خۆمان خشتۆته‌گه‌ڕ بۆ گەشەسەندن و پەرەپێدانی ئابووریی و بازرگانی و پیشەسازیی لە شارەکەمان و ئاماده‌ین هەموو ئاسانکارییەکی یاسای و کارگێڕى پێشکەش بە کۆمپانیاکان و بازرگانان بکەین تاوەکو ڕۆڵ و کاریگەریان هەبێت لە بەرەوپێشبردن و پێشخستن و په‌ره‌پێدانی بازرگانى و پیشەسازی و وەبەرهێنان لە هەولێرى پایتەخت.