و: هۆنیار عەبدوڵڵا – ههولێر
عێراق یەکێکە لەو وڵاتانەی زۆرترین گەندەڵییان تێدایە لە جیهاندا، بەپێی پێوەری گەندەڵی بۆ ساڵی ٢٠٢٣ کە لەلایەن ڕێکخراوی شەفافیەتی نێودەوڵەتییەوە دەرچووە. عێراق ئێستا پلەی پێنجەمی گرتووە لەنێو وڵاتە گەندەڵترینەکانی جیهان. نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق، لە دواین ڕاپۆرتیدا لەبارەی عێراق لەبەردەم ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، جەختی لەوە کردەوە کە گەندەڵی هێشتا لە عێراق بەردەوامە، لە هەمان کاتدا ئاماژەی بەوەدا کە چارەسەرەکانی لە ئاستی پێویستدا نین.
هەروەها کریستیانە هۆمان، باڵیۆزی ئەڵمانیا لە عێراق، لە یەکەم دەرکەوتنیدا دوای وەرگرتنی پۆستەکە، ئەمەی پشتڕاست کردەوە و گوتی “بەڵێ، هەندێک وەبەرهێنەری ئەڵمانی لێیان داوا کراوە کە جۆرێک لە بەرتیل و باج بدەن لە بەرامبەر بەدەستهێنانی گرێبەست، بەڵام ئەوان نەیانداوە. ئەمە لە وڵاتەکەماندا نایاساییە و ئەگەر ئەوە بکەن، دەکەونە ژێر یاسا.”
زۆربەی کەیسە گەورەکانی گەندەڵی بە هێزی چەک لەلایەن میلیشیا حزبییەکان یان باندە ڕێکخراوەکانەوە دەپارێزرێن. بەرپرسانی عێراقی نکوڵی لەو گەندەڵییە بەربڵاوەی دەزگاکانی دەوڵەت ناکەن، لە ڕێگەی وتار و سیمینارە سیاسییەکانیانەوە لە بەردەم ڕاگەیاندنەکاندا. هەموو کەس دەزانێت کە تاکە بابەتێک کە هێزە سیاسییە بەشداربووەکان لە حکومەتدا لەسەری ڕێک کەوتوون، دابەشکردنی وەزارەتەکان و دامەزراوەکانی دەوڵەتە بۆ ئەوەی بیکەن بە سەرچاوەی داهات بۆ خۆیان.
ئەم گەندەڵییە ڕیشەدارە بەربەستێکی مەترسیدارە لە بەردەم پێشخستنی وڵاتدا، کە متمانەی خەڵک لاواز دەکات و هەموو هەوڵێک بۆ دابینکردنی خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەکان بۆ هاووڵاتییان دەشێوێنێت.
لە ساڵی ٢٠٠٣دا، ڕووخانی دەوڵەت و دامەزراوەکانی بووە هۆی گواستنەوەیەکی پشێوی بەرەو سیستەمێکی سیاسی نوێ کە لەسەر زەوییەکی بە پیت دامەزرا. دەستەبژێرە سیاسییە نوێیەکان، کە لە تەکەتول و میلیشیا جیاوازەکانەوە سەریان هەڵدا، کەڵکیان لە نەبوونی چاودێرییەکی کاریگەر وەرگرت بۆ ئەوەی لە ماوەی ساڵانی حوکمڕانیدا خۆیان لە دەسەڵاتدا بچەسپێنن. گەندەڵی بە شێوەیەکی بەربڵاو لەنێو بەرپرسانی حکومەتدا بڵاو بووەوە. ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە کەسایەتییە سیاسییەکان، لە هەموو ئاستەکاندا، دەستیان لە دزینی پارە و بەرتیل و پشتیوانی خزم و کەسایەتیدا هەیە.
بەتایبەتی سیستەمی کڕینی گشتی پڕە لە کۆمسیۆن و گرێبەستی زۆر گەورەکراو، ئەم گەندەڵیە بۆ دەزگا ئەمنییەکانی وڵاتیش درێژ دەبێتەوە. زۆرجار بەرپرسە سەربازی و پۆلیسییە باڵاکان پۆستەکانیان لە ڕێگەی بەرتیل و دڵسۆزی بۆ فراکسیۆنە سیاسییەکانەوە مسۆگەر دەکەن نەک لە ڕێگەی شارەزایی و لێهاتووییەوە. ئەمەش نەک تەنها توانای عێراق بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشە ناوخۆیی و دەرەکییەکان لاواز دەکات، بەڵکو کولتووری دەربازبوون لە سزا بەهێزتر دەکات.
دەستەبژێرە سیاسییەکان، لە ماوەی دوو دەهەی ڕابردوودا، چاودێری سامانێکی زۆریان کردووە بەڵام شکستیان هێنا لە دابینکردنی خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەکان، وەک ئاو و کارەبا و خزمەتگوزارییە گشتییەکانی تر. خراپ بەڕێوەبردن و دزینی پارەی گشتی بووەتە هۆی کەمیی وەبەرهێنانی درێژخایەن لە ژێرخاندا، کە گەشەی ئابووری خنکاندووە و بەو هۆیەشەوە هەژاری و بێکاری زیادی کردووە.
گەندەڵی ئافاتێکە کە بناغەی هەر کۆمەڵگەیەکی شارستانی هەڵدەتەکێنێت، چونکە ئەخلاق و بەڕێوەبردنی باشی کاروباری گشتی و سەروەری یاسا تێک دەدات و ئەو سەرچاوانە هەڵدەمژێت کە بۆ پەرەپێدان پێویستن. کردەوە ڕێکخراوەکانی گەندەڵی ئەنجامی مەترسیداریان هەیە، چونکە متمانەی نێوان هاووڵاتییان و دەوڵەتدا تێک دەدەن. بەم مانایە، گەندەڵی یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکانی لاوازی دەوڵەتان و دامەزراوەکان.
ئاشکرایە ئەوەی لە کۆتاییدا باجەکەی دەدا هاووڵاتییانن، زۆرجاریش هەژارترین خەڵک، چونکە نایەکسانی زیاتر دەکات و وەبەرهێنان و دەرفەتەکانی کار کەم دەکاتەوە. هەروەها گەندەڵی ئەنجامی کۆمەڵایەتی زۆری هەیە وەک گرژی بەردەوام و لاوازی پەیوەندی لەگەڵ سیستەمی سیاسیدا، چونکە هاووڵاتییان سەیری بەرپرسان دەکەن کە خزمەتی بەرژەوەندییە تایبەتییەکانی خۆیان دەکەن و گوێ بە ناڕەحەتییەکانی ئەوان نادەن.
گەندەڵی لە عێراق لە لووتکەی دەسەڵاتەوە دەستی پێکردووە و گواستراوەتەوە بۆ خوارەوە، تا ڕادەیەکی زۆر دیاردەیەکی سیاسییە، چونکە حزبە دەسەڵاتدارەکان و میلیشیاکانیان بەدوای دەستکەوتەکانی گەندەڵیدا دەگەڕێن بۆ ئەوەی دووبارە وەبەرهێنانی تێدا بکەن، نەک تەنها بۆ دەوڵەمەندکردنی کەسی بەڵکو بۆ پاراستنی دەسەڵات و سیستەمی حوکمڕانی و سووڕاندنەوەی پاشماوە سیاسییەکان!
لە عێراقدا دامەزراوەی زۆر بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی دامەزراون، کە بوونەتە هۆی تێکەڵبوونی ئەرکەکانیان لە شاردنەوەی ڕاستییەکاندا. هەروەها زۆرجار بۆ ئامانجگرتنی نەیارە سیاسییەکان بەکارهاتوون.
هەوڵەکانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی وەک بەربەستێکی لاواز لە بەردەم بەرپرسانی حکومەت و وەزارەتەکاندا سەلمێندراون کە تاکەکان لەسەر بنەمای تایەفەگەری و حزبی بەرگرییان لێ دەکرێت. نەبوونی لێپرسینەوە و شەفافیەت نائومێدی زیاتر دەکات و زۆر کەس، بەتایبەتی گەنجان، پاڵ دەنێت بۆ خۆپیشاندان. وەک خۆپیشاندانەکانی ساڵی ٢٠١٩، کە سەدانهەزار کەس ڕژانە سەر شەقامەکان، وەک وەڵامێکی شۆڕشگێڕانە بوو بۆ ڕەفتاری ناشایستەی حکومەت و تێوەگلانی لە گەندەڵی بەربڵاودا. سەرەڕای ئەوەی ئەم خۆپیشاندانانە ڕووناکییان خستە سەر بێزارییەکی زۆری جەماوەری، بەڵام جەختیان لەسەر ئاستە مەترسیدارەکەی سەرکوتکردنی دڕندانەی پیاوانی دەسەڵات و میلیشیا حزبییەکانیش کردەوە.
بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی هەوڵی نێودەوڵەتی بۆ چاکسازی، بەهێزکردنی شەفافیەت، سەربەخۆیی دادوەری و پشتگیریکردنی دەستپێشخەرییەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی دراون. بەڵام بەرەنگارییەکی زۆریان لە دەوڵەتی قووڵی ڕیشەدار لەناو سیستەمی سیاسی عێراقیدا بینی.
گەندەڵی بووەتە سیستەمێکی کارکردنی نیمچەیاسایی، بۆ پاراستنی دەستکەوتەکانی حزبەکان و تاکڕەوییان لە حوکمڕانیدا لە ڕێگەی دابینکردنی پارە بۆ میلیشیاکانیانەوە. ئەمەش بە ڕوونی لە دەروازە سنوورییەکاندا دەردەکەوێت و، دانانی خاڵەکانی پشکنین لەسەر ڕێگاکان بۆ چەوساندنەوەی هاووڵاتییان، سەرەڕای ڕفاندن و هەڕەشەکردن، تەنانەت گەندەڵی بووەتە ڕەفتارێکی کۆمەڵایەتی مەترسیدار.
گەندەڵی لەلایەن میلیشیای سەر بە حزبە پشتیوانیکراوەکانی ئێرانەوە دەپارێزرێت و، خەریکی رەشکوژی (تیرۆر) و ڕفاندن و شێوەکانی تری توندوتیژین بۆ کۆکردنەوەی باج و پاراستنی داهاتەکانیان. ئەوان هەڕەشە و سەرکوتکردن بەکار دەهێنن بۆ هەر هەوڵێک بۆ باشترکردنی دۆخی ئێستا و ڕزگارکردنی لە گەندەڵی. ئەمەش بووەتە هۆی پەکخستنی دادوەری و ڕێگریکردن لێی لە لێکۆڵینەوە لە هەر کەیسێکی گەورە کە پەیوەندی بە سیستەمی حوکمڕانی یان حزبە بەشدارەکانەوە هەبێت. بە تەنها چاودێریکردنی فەرمانبەرە بچووکەکانی دەوڵەت بۆ داپۆشینی تاوانە گەورەکانی گەندەڵی سیاسی.
سەرۆکوەزیران لە حەیدەر عەبادییەوە تا محەمەد شیاع سوودانی ناتوانن ڕووبەڕووی نەهەنگەکانی گەندەڵی و حزبەکانیان و میلیشیاکانیان ببنەوە و ئیرادەی پێویستیان نییە بۆ جێبەجێکردنی هیچ چاکسازییەک لەم بوارەدا، سەرەڕای لێدوانە ئاشکراکانیان.
ڕێگای بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی لە عێراق ئاڵۆز و درێژە و ڕێبازێکی فرە ڕەهەندی دەگرێتەبەر. لەوانەیە گرنگترینیان چارەسەرکردنی کەیسە گەورەکانی گەندەڵی بێت کە بەرپرسە باڵاکان و سەرکردە ئەمنییەکان و سەرکردەکانی حزبە سیاسییە بەهێزەکان دەگرێتەوە.
کردەوە ڕێکخراوەکانی گەندەڵی ئەنجامی مەترسیداریان هەیە، چونکە پەیوەندییەکانی متمانە لەنێوان هاووڵاتییان و دەوڵەتدا تێک دەدەن. بەم مانایە، گەندەڵی یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکانی لاوازداگەڕانی دەوڵەتان و دامەزراوەکان.
بۆیە هەڵکەندنی گەندەڵی بە شێوەیەکی بنەڕەتی مەحاڵە بەبێ چاککردنی سیستەمی حوکمڕانی کە لەسەر بنەمای دەمارگیری و پشێوی دامەزراوە، کە لەنێو شتەکانی تردا بووەتە هۆی دەربازبوون لە سزا کە هۆکاری سەرەکی زاڵبوونی گەندەڵییە.
لەو حاڵەتەدا دەبێت دەستوور لەبارەی پێکهێنانی ئەنجومەنی فیدراڵی جێبەجێ بکرێت بۆ ئەوەی چاودێر بێت بەسەر دەرکردنی یاسای کاریگەر و بەدیهێنانی دادپەروەری لە بەڕێوەبردنی دەوڵەتدا، دوای ئەوەی دڵنیایی دەدەین لە سەرکەوتنی توخمە کارا و بێلایەنەکان، پاشان دووبارە پێکهێنانی دادگای فیدراڵی لەلایەن پەرلەمانەوە نەک لە ڕێگەی دەستنیشانکردنەوە، بەهۆی ئەو بڕیارە مەترسیدارانەی کە جێبەجێکردنیان بەپێی دەستوور پێویستە، بۆ خۆلادان لە دیاردەی دەربازبوون لە سزا و دڵنیایی لە سەربەخۆیی دادوەری، بە جێبەجێکردنی بنەمای جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان.
هەروەها بنبڕکردنی دیاردەی بڵاوبوونەوەی چەک لە دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت، بە دەستپێکردن بە قەدەغەکردنی میلیشیا حزبییەکان و هەڵگرتنی چەک و ڕێکخستنەوەی هێزە ئەمنییەکان بۆ ئەوەی دوور بن لە حزبیبوون و لایەنگری، چونکە زۆربەی کەیسە گەورەکانی گەندەڵی بە هێزی چەک لەلایەن میلیشیا حزبییەکان یان باندە ڕێکخراوەکانەوە دەپارێزرێن.
هەروەها چەسپاندنی بنەمای لێپرسینەوە لە ڕێگەی سیستەمی چاودێری و بڕیاردانی شەفافەوە، کە لەسەر بنەمای یاسای (لە کوێوە ئەمەت بۆ هاتووە) دامەزرابێت، لەگەڵ بەهێزکردنی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و ڕاگەیاندنە سەربەخۆکان و پشتگیریکردنی لێپرسینەوەی پەرلەمانی و، دەزگاکانی چاودێری دارایی و ژمێریاری لە وردبینی و چاودێریکردنی ئاستی دامەزراوە حکومییەکان.
کارکردن لەسەر چاکسازییە یاساییەکان لە ڕێگەی نوێکردنەوەی یاساکانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و جێبەجێکردنیان و سەپاندنی سزای توند بەسەر ئەو بەرپرسانەی کە لە کەیسەکانی گەندەڵیدا تێوە دەگلێن، بەبێ گوێدانە حزب یان نەتەوەکەیان. هەروەها پاراستنی ئاشکراکەرانی سەرپێچی و لادانە دارایی و ژمێریارییەکان.
بەهێزکردنی کولتووری دەستپاکی و خزمەتی گشتی لەنێو نەوەی نوێدا بۆ گۆڕانکاری بەردەوام زۆر گرنگە.
لە کۆتاییدا، ڕێگای بەرەو عێراقێکی کەمگەندەڵیتر پڕە لە ئاستەنگ، بەڵام داواکاریی بەردەوامی جەماوەری بۆ لێپرسینەوە و دادپەروەری، متمانە و هیوا پێشکەش دەکات بۆ پێشڕەوی و بنیاتنانەوەی دەوڵەت بەرەو داهاتوویەکی بەدەر لە گەندەڵی بۆ ئەوەی دادپەروەرتر و گەشاوەتر بێت بۆ هاووڵاتیان.
ن: عەدنان حەسەن

