حەیات مەجید
خێزان پایەیەکی گرنگی کۆمەڵگایە؛ پێکهاتەیەکی دامەزراوەییە کە لە کۆمەڵێک ئەندام پێک دێت و پەیوەندییە کۆمەڵایەتی، ڕەوشتی و ڕۆحییەکان پێکەوەیان دەبەستێتەوە.
ئارامی و ئاشتیی خێزان پەیوەستە بە خانمی ماڵەوە. ئەگەر ئافرەت دڵخۆش و ئاسوودە بێت، ئەم هەستە ئەرێنییە بەسەر تەواوی ئەندامانی خێزاندا باڵ دەکێشێت و خێزانێکی ئارام، دوور لە توندوتیژی و پڕ لە ئارامیی دەروونی لێ دەکەوێتەوە. وتەیەکی بەناوبانگی ئینگلیزی هەیە کە دەڵێت (هاوسەری دڵخۆش، ژیانی دڵخۆش). ئەم وتەیە، کورت و پڕ لە حیکمەت، بە ڕوونی ئەوە دەردەخات کە ئەگەر خانمی ماڵ دڵخۆش بێت، بێگومان ژیان پڕ لە ئاسوودەیی و بەختەوەری دەبێت. ئەمەش ئەو ڕاستییە دەسەلمێنێت کە ئاسوودەیی و دڵخۆشیی ئافرەت چەندە گرنگە.
پێغەمبەری ئیسلام (د.خ) پێوەری باشترین پیاوی بەوە داناوە کە لەگەڵ خێزانەکەیدا باشترین بێت. لێرەدا پرسیارێک دێتە ئاراوە ئایا پیاوانی مسوڵمان، بە کۆمەڵگەی خۆشمانیشەوە، تا چەند ئەم وەسیەتە پیرۆزەیان جێبەجێ کردووە؟
بنەمای مانەوەی خێزانێکی تەندروست، بوونی خۆشەویستی و ڕێزی دوولایەنەیە لە نێوان هاوسەراندا. پێویستە هەوڵ بۆ پاراستنی ئەم پەیوەندییە بدرێت و خێزان لەپێش هەموو شتێکی ترەوە بێت.
کاتێک باس لە ئافرەت دەکەین لە چوارچێوەی خێزاندا، دەبینین کە ئەو گەوهەری خێزانە. بۆ پاراستنی ئەم گەوهەرە بە درەوشاوەیی، پێویستە شایستەترین مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت؛ لە دابینکردنی پێداویستییە ڕۆحی و مەعنەوییەکانەوە بگرە تا دەگاتە لایەنەکانی تر. ئافرەت پێویستی بە ئارامی و هەستکردن بە ئاسایشە؛ پیاوێکی دەوێت کە بیپارێزێت، پشتیوانی بێت و لە هیچ بارودۆخێکدا پشتی تێ نەکات.
بێگومان، بنچینەی هەرەسی نەهێنانی پەیوەندییەکی تەندروستی خێزانی، ڕێزگرتنە. ئەم ڕێزگرتنەش لە خانمی ماڵەوە دەست پێ دەکات، چونکە دڵخۆشیی ئەو، دڵخۆشیی تەواوی خێزانە. لە کۆتاییدا، کاتێک خێزانەکان ئارام و بەختەوەر بوون، کۆمەڵگەش ئارام و کامەران دەبێت.

