بارزان ئەکرەم – هەولێر
لە یاریی کۆتایی جامی عێراق کە لە یاریگای شەعب لە بەغدا بە ئامادەبوونی نزیکەی 40 هەزار هاندەری هەردوو یانەی دهۆک و زاخۆ بەڕێوە چوو، دوای ئەوەی لە کاتی یاسایی و دوو نیوەی زیادکراو بەبێ گۆڵ یەکسان بوون، دواجار یانەی دهۆک بە لێدانە یەکلاکەرەوەکانی خاڵی سزا، بە ئەنجامی 5-3 لە زاخۆی بردەوە و بووە پاڵەوانی جامی عێراق.
یانەی دهۆک بۆ یەکەمجار جامی عێراقی بەدەست هێنا و بووە یەکەم یانەی کوردستان لە مێژوودا، كە ئەو جامە بەرز بکاتەوە، دوای بەدەستهێنانی خولی یانە پاڵەوانەکانی کەنداو، دووەم نازناوی هەڵۆكانی چیا بوو لەم وەرزە.
لە دوایی کۆتاییهاتنی یارییەکە، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی كوردستان، پەیامێكی پیرۆزبایی ئاڕاستەی هەردوو یانەی دهۆك و زاخۆ، بۆ بەدەستهینانی پلەكانی یەكەم و دووەمی جامی عێراق كرد و ڕایگەیاند: گرنگ ئەوەیە كوردستان سەركەوت.
هاوكات، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان پەیامی پیرۆزبایی بۆ هەردوو یانەی دهۆک و زاخۆ نارد و ڕایگەیاند: لە دڵەوە و بە گەرمی پیرۆزبایی لە یانەی دهۆک دەکەم کە بووە یەکەم و جامی عێراقی بەدەست هێنا، هەروەها پیرۆزبایی لە یانەی زاخۆ دەکەم کە پلەی دووەمیان بەدەست هێنا، دەستخۆشییان لێدەکەم و هیوای سەرکەوتنی بەردەوامیان بۆ دەخوازم”
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە پەیامەكەیدا دەڵێت، “پیرۆزبایی لە هەردوو یانەی دهۆک و زاخۆ دەکەم بۆ بەدەستهێنانی پلەی یەکەم و پلەی دووەمی جامی عێراق، هیوای سەرکەوتنی بەردەوام بۆ هەردوو یانە دەخوازم.”
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پەیامەکەیدا نووسیویەتی، “گرنگ ئەوەیە کوردستان سەرکەوت”.
یانەی دهۆک بە بەدەستهێنانی جامی عێراق، بلیتێکی بەشداریکردنی لە وەرزی داهاتووی چامپیۆنزلیگی ئاسیا 2 مسۆگەر کرد.
18ـی تەمموزی 2025، یاریی کۆتایی جامی عێراق کە لە یاریگای شەعب لە بەغدا بە ئامادەبوونی نزیکەی 40 هەزار هاندەری دهۆک و زاخۆ بەڕێوەچوو.
یانەی دهۆک بۆ یەکەمجار جامی عێراقی بەدەستهێنا و بووە یەکەم یانەی کوردستان لە مێژوودا ئەم جامە بەرز بکاتەوە، بەگوێرەی یاساکانی فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق، بەفەرمی هەڵۆکانی چیا بلیتێکی وەرزی داهاتووی چامپیۆنزلیگی ئاسیا 2ـیان مسۆگەر کردووە.
بەهۆی ئەوەی یانەی دهۆک تا ئێستا رێگاپێدانی فەرمیی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئاسیای بۆ بەشدارییکردن لە پاڵەوانێتییەکە وەرنەگرتووە، باس لەوە دەکرا یانەی زەوڕا لەبری دهۆک بەشداریی پاڵەوانێتییەکە دەکات، بەڵام خالید مشیر جێگری سەرۆکی یانەکە، رایگەیاند ئامادەکاری تەواو بۆ بەشدارییکردن لە پاڵەوانێتییەکە دەکەن و یانەی دهۆک بەشداری دەکات.
گوتی: سەرجەم رێکارە یاساییەکان پەیڕەو دەکەین و لە کاتی خۆیدا رێگاپێدانی فەرمی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئاسیا بۆ بەشدارییکردن لە وەرزی داهاتووی چامپیۆنزلیگی ئاسیا 2 بەدەست دەهێنین و بە دڵناییەوە دهۆک وەرزی داهاتوو بەشداریی پاڵەوانێتییەکە دەکات.
دهۆک ئەگەر رێگاپێدانی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئاسیا بەدەست بهێنێت وەرزی داهاتوو بەشداریی ئەو پاڵەوانێتییە دەکات کە کریستیانۆ رۆناڵدۆ و نەسڕی سعوودیش بەشدار دەبن.

