رۆژنامەی ھەولێر

‎ ئەو ڕستە سیحرییەی ‎ پیلانەكانی بەتاڵ كردەوە

‎هاودەنگ فارووق
‎لەدوای دەستبەکاربوونی مەسرور بارزانی وەك سەرۆكی حكوومەتی كوردستان، زریانێک لە گوشاری زاڵمانە، هەوڵی دروستكردنی تەنگژەو کێشە هەڵی کرد،
‎ گوشاری سەر دۆسیەی نەوت، هەر لە ئاستەنگی یاسایی و سیاسییەوە، تا کێشەی تەکنیکی و هێرشی درۆن.
گوشاری دەروونی و شەڕی سایکۆلۆژی و پڕوپاگەندەی چەواشە، شەڕی میدیایی، بەڵام بارزانی هەردەم یەک ڕستەی کۆنکرێتی دووبارە دەکردەوە و دەیگوت: “بەهیچ شێوەیەک سازش لەسەر مافە دەستوورییەکانی گەلی کوردستان ناکەین!”
‎ئەمە ئەو دەستەواژە سیحرییە بوو، کە سەرجەم پیلانەکانی دەگەڕاندەوە بۆ چوارگۆشەی یەکەم.
‎ئەو دەستەواژە سەقامگیرە وای دەکرد هەمیشە دوژمنان پلانەکانیان بگۆڕن، نەک مەسرور بارزانی گوتار و ستراتیژی خۆی بگۆڕێت.
‎تەنها لە دوو مانگی ڕاگرتنی ئەمجارەی مووچەدا، بەغدا بە چەند شێواز زمانی سیاسەتی گۆڕی. یەکەمجار گوتی، بەشە بودجەی کوردستان تەواو بووە، کەچی دواجار ڕێککەوتن پەسەند کرا.
‎گۆڕانکاری لە مارکێتینگی هەڵوێستەکانی بەغدا، نیشانەی لاوازی هەڵوێستەکانە لەبەرانبەر ئەو هەڵوێستە کۆنکرێتییەی مەسرور بارزانی هەیبوو، كە هەمیشە پێداگری دەکرد لەوەی: “سازش لەسەر مافە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستان ناکەین.”
‎لە کاتی چڕبوونەوەی قەیرانەکە و توندکردنەوەی سیاسەتی برسیکردنی خەڵکی کوردستاندا، لەکاتێکدا گوشارە دەروونی و میدیاییەکانی تابلۆیدی زەرد گەیشتبوونە لووتکە، هەندێک کەس و لایەن چاوەڕوانی خۆڕادەستکردنی حکوومەتی هەرێمیان دەکرد، کەچی ئەوەی سەیر بوو، بارزانی ڕستە کۆنکرێتییەکەی دەگوتەوە و بە پشتیوانی خودا و گەلی کوردستان و بەڕابەرایەتیی سەرۆک بارزانی، یەکەم جوڵەی بۆ لەرزاندنی پایەکانی ئەو سیاسەتەی بەغدا دەستپێکرد.كۆبوونەوەی لووتكەی پارتی و یەكێتی و‎ ڕاسپاردنی سەرۆکی یەکێتی، لەلایەن سەرۆک بارزانییەوە، وەک نوێنەری کورد لە بەغدا، بۆ ڕێککەوتن، کۆی پیلانگێڕییەکەی سەر کوردی تێکشکاند.
‎حکوومەتی کوردستان، لە دانوستانی سازش نەکردن لە مافەکانی کورد، گفتووگۆی کرد و لەناوەڕاست گەیشتن بەیەک و بەغدا لە مەرجەکانی خۆی هاتە خوارەوە و هەولێریش لەهەندێ هەڵوێستی خۆی نەرمی نواند، ئیدی دەرچەیەک بۆ ژیانێکی ئارامتر لە کوردستان کرایەوەو خەونی پیلانگێڕانیش یەكسان بەسفر كرایەوە.