رۆژنامەی ھەولێر

کاتێک نەفام خۆی لا ڕۆشنبیرە

شێرکۆ حەبیب
لەم ماوەی دوییەدا نامەیەکیان بۆ ناردبووم لە ماسنجەر نازانم کەی نێردراوە لە لایەن کەسێک بەناوێک کە برادەرم نییە لە فەیسبووک و ئەگەری زۆرە ناوی ڕاستەقینەی خۆی نەبێت، ئەو جورئەتەی نەبێت ناوی خۆی بنووسێ، و ئەگەریشی هەیە یەکتر بناسین، بەهەر حاڵ مەبەستم نییە وەڵامی بدەمەوە هەر کەسێک بێت، بەڵام دەمەوێ بۆ ئەو و هاوشێوەی ئەو بۆیان روون بکەمەوە کە زۆران لە هاوشێوەیان هێرشیان کردۆتە سەر پارتی و خانەوادەی بەڕێزی بارزانی دواتر خۆیان گەیاندۆتە ناو پارتی و لەسەر مەزاری نەمران داوای لێبوردنیان کردووە.
خانەوادەی بەرێزی بارزانی هیچ کاتێک بە چاوی نزم سەیری کەس ناکەن تەنانەت بە ڕێزەوە دەڕواننە نەیارەکانیان، لای ئەو خانەوادە تەنانەت ڕێز لە ئاژەڵ و ژینگە دەگیرێت هەروەک لە رێبازی بارزان دا هاتووە، رێز لە مرۆڤ دەگرن پێش لەوەی نەتەوە یەکگرتوەکان یا رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ بوونیان هەبێ، ئەو خانەوادە بەرێزە پێویستیان بە زوورنا ژەن و چڵکاو خۆر نییە، چونکە مێژووی پڕ لە سەروەرییان شایەدی نیشتمان پەرەوری و وڵات پارێزی هەر لەسەر دەمی شێخ عەبدولسەلام بارزانیی نەمر تا ئەمرۆ دەدات، کادیرانی پارتی سەربەرزن کەوا ئەندامی حزبێکن مستەفا بارزانیی نەمر دامەزرێنەریەتی و سەرۆک مسعود بارزانی سەرۆکایەتیی دەکات، نەیاران بە چ ناومان دێنن گرنگ نییە گرنگ ئێمە سەربەرزین بە ڕێبازی پیرۆزی بارزانی و پارتی.
دەڵێ ئەوەی لە رۆژنامەی هەولێر بنووسێ کە رۆژنامەیەکی بنەماڵەیە خۆفرۆش و چڵکاو خۆرە، و ئەوەی ٢٥٠ دینار زێدە لە هەقی خۆی وەربگرێت کۆیلەیە، ئەو خەڵکە وادەزانێ کەوادیری پارتی مووچەکانیان لە کاتی خۆی وەردەگرن، پارتییەکانیش هەروەک سەرجەم فەمانبەران، کادیرانیانی پارتی هیچ جیاوازیان نییە تەنانەت مووچەی کادیرانی پارتی هەردەم ماوەیەک دوا دەکەوێت و زۆریش ئاساییە هەر چەندە پێویستی ئەو کادیرە بۆ ئەو مووچەیە بۆ بژێوی ژیانی، بەڵام کە بێ دەنگە دەزانێ بارودخەکە چۆنە و خاوەن کەرامەتە نایەوێت مووچە زاڵ بێت بەسەر کەرامەتی.
هەروەها پێم دەڵێ هەموو خەڵکی هەولێر ڕقیان لە تۆیە و رۆژنامە نووسان بە چاوی سووک تێڕوانینیان بۆت هەیە، بەراستی نەم دەزانی هەموو خەڵکی هەولێر من دەناسن و ڕقیان لێمە ئەوە ئەوە دەگەیەنێ کەوا خەڵک بابەتەکانم دەخوێننەوە کە هەردەم پشتگیری هاووڵاتی و ڕاستیەکان دەکەم بۆ نموونە وتوومە و دەڵێم مووچە خۆران مافی خۆیانە مووچە لەکاتی خۆی وەربگرن و ئەوە ئەرکی حکوومەتی هەرێمە دابینی بکات، هەروەها ئەوە ئەوە دەگەیەنێ کەوا ڕۆژنامەی هەولێر خوێندەواری هەیە، هیوادارم ئەو کەسە کە هێرش دەکاتە سەر خانەوادەی بەڕێزی بارزانی کە خاوەن مێژووییەکی پڕ لە سەروەرین بەڵام لەبەر ئەوەی نەفامەکان و مێژوو کوجا مەرحەبا! رۆژێک نەبێتە پارتی وەک سەدانی وەک ئەو دژی پارتی ڕەفتاریان کردووە و دوایی بڵێن وامانزانی رادیۆ بوو.
کاروانی ڕێبازی بارزانی بەردەوامە ….