رۆژنامەی ھەولێر

تۆرۆسی سپی ئەو ئۆتۆمبێلەی سەدان كوردی تێدا كوژرا، دێتەوە بەرباس

كارزان گلی – هه‌ولێر

گەلی باكووری كوردستان، مێژوویەكی تاڵیان لەگەڵ ئۆتۆمبێلی تۆرۆسی سپیدا هەیە، چونكە لە ساڵانی نەوەدەكاندا سەدان كوردی تێدا كوژراوە و بكوژەكانیش بەبێ ئەوەی هیچ لێپرسینەوەیەكیان لەگەڵدا بكرێت ئازاد دەسووڕێنەوە. رەجەب تەیب ئەردۆغان، لە وتارێكدا باسی لە تۆرۆسی سپی كرد و دانی بەوەدا نا كە دەوڵەت هەڵە بووە و بەكارهێنانی تۆرۆسیش یەكێكە لەو هەڵانە.

بەیاز تۆرۆس، ئۆتۆمبێلێكی ئاساییە لە توركیا، بەڵام بۆچی بۆ كورد ئۆتۆمبێلێكە لە شێوەی ئەژدیها؟ چونكە لەناو ئەو ئۆتۆمبێلەدا سەدان كورد بە نهێنی كوژراوە.
لە ساڵانی نەوەدەكاندا، كوشتنی نهێنی كورد لە باكووری كوردستان زۆر تەشەنەی سەندبوو، هەموو ئەو كوشتنەنانەش لەرێگەی دەزگا نهێنییەكانی توركیاوە دەكرا، وەكوو ئاسایش و پۆلیسی ئەو وڵاتە، بەڵام بكوژەكان نادیار بوون و بە نهێنی كارەكەیان دەکرد.
وەكوو ئەوەی لە میدیاكانی توركیا باس دەكرێت و بەرپرسەكانیان دانی پێدا دەنێن، ئۆتۆمبێلی تۆرۆسی سپی بەكار هاتووە بۆ كوشتنی ئەو كوردانە، واتە لەناو ئەو ئۆتۆمبێلەدا كوردیان كوشتووە و پاشان تەرمەكەیان لە شوێنێك فڕێ داوە.
بەرپرسانی دەم پارتی، لەبارەی كوشتنی كورد بە نهێنی لە باكووری كوردستان، باس لەوە دەكەن كە لە ساڵانی نەوەدەكاندا ١٧هەزار كورد بە نهێنی كوژراوە، یەكێك لەوانە موسا عەنتەر، نووسەری گەورەی كورد بووە لە باكووری كوردستان.
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەركۆماری توركیا، لە وتارێكدا گوتی: ”بە دڵنیاییەوە ئێمەش وەكوو دەوڵەت هەڵەمان كردووە بەرامبەر بە كورد، بۆ نموونە ئۆتۆمبێلی تۆرۆسی سپی، یەكێكە لەو هەڵانە“.
ئەردۆغان نەچووە ناو وردەكارییەوە، بەڵام ئەمە بۆ خۆی داننانە بەوەی هەموو ئەوەی لەبارەی تۆرۆسی سپییەوە باس دەكرێت راستە و كوشتنی كورد بە نهێنی لەناو ئەو ئۆتۆمبێلەدا بووە.
بەڵام ئۆزگوور ئۆزەل، سەرۆكی ئۆپۆزسیۆنی توركیا و سەرۆكی جەهەپە، نیگەرانە لەو گوتانەی ئەردۆغان و وەكوو بەرپەرچدانەوەیەك گوتی: ”ئۆتۆمبێلی تۆرۆسی سپی لە لای ئەو دادوەرەیە كە ئەكرەم ئیمامئۆغڵوی دادگایی كردوووە.“
ئۆزەل ناوی ئەو دادوەرەی نەهێنا، بەڵام لە سۆشیال‌میدیا بڵاو كرایەوە، كە ئەو دادوەرەی ئیمامئۆغڵوی دادگایی كردووە، لەسەر مێزی كاركردنی ئۆتۆمبێلی تۆرۆسی سپیی داناوە بۆ جوانی، بۆیە سەزگین تانریكولو، پەرلەمانتاری جەهەپە، كە بە ڕەگەز كوردە بڵاوی كردووە، فەرموون ئەمە وێنەی ئەو دادوەرەیە، كە بۆ جوانی وێنەی ئۆتۆمبێلی تۆرۆسی سپیی داناوە لەسەر مێزەكەی؛ لێكۆڵینەوە بەو شێوە دەکرێت.
بەڵام ئەو دادوەرەی ناوی بڵاو نەكراوەتەوە، هەژماری خۆی لە سۆشیال‌میدیا سڕییەوە و داوای یاساییشی لەسەر ئۆزگوور ئۆزەل تۆمار كرد.
لە باكووری كوردستان، لە هەر كەسێك بپرسیت تۆرۆسی سپی لای تۆ چی دەگەیەنێت، وەكوو ئۆتۆمبێلێكی ئەژدیهایی ناوی دەهێنێت و پێت دەڵێن كە ئەو ئۆتۆمبێلە نابێ لە توركیا بمێنێت، چونكە سەدان رۆڵەی بێتاوانی کورد لەناو ئەو ئۆتۆمبێلەدا شەهید بووە.