عەمەر ئەرگوشی
لەوەتەی گەلی کوردستان دەستی بە خاکەکەیەوە گرتووە، کێشە لەدوای کێشەیان بۆ دروست کردووە و هەمیشە ناحەزان ویستوویانە شادی و زەردەخەنەی کورد درێژەی نەبێت.
پارتی، کە خۆی بە پێشەنگ دەزانێت و بەرپرسیاریەتیی پاراستنی مافە نەتەوەییەکانی لە ئەستۆ گرتووە، لە هەر کوێ زۆرداری لە کورد بکرێت لەوێ سەنگەر قایم دەکات و بەرگری تا سەرکەوتن دەکات. ئەو هەوڵانەی ئەمجارە بۆ ئازاردان و برسیکردنی خەڵکی کوردستان لە ئارادابوون، لە مووچە بڕین و درۆن هاوێشتن وەک هەڕەشە و سیاسەتی برسیکردن و ماف زەوت کردن، گوایە پشێوی دەخەنە ناو هەرێم و سنوورێک بۆ ئەو پێشکەوتن و سەرکەوتنانەی حکومەتی هەرێم دادەنێن و گەلی کوردستان ناچار دەکەن بۆ ناحەز خۆ بچەمێنن. ئەوەتا پارتی خەنجەرەکەی لە غیلاف دەرهێناو وتی کورد دۆخی قورستر و ترسناکتر و جەیش و فڕۆکەی کاریگەرتری بینیوەو و چیتر نابێت سەبری گەلی کوردستان تاقی بکرێتەوە. هەر لە سەرەتاوە پارتی قسەی خۆی کرد و وتی نا بۆ زۆرداری و نا بۆ سیاسەتی برسیکردنی خەڵکی کوردستان و چیتر سەبری ئەیوبمان نییە دژ بە دەستوور و یاسا مافەکانی فەرمانبەرانی هەرێم بنپێ بکرێن. گەلی کوردستانیان دڵنیا کردەوە کە کەس ناتوانێت بە زۆر بڕیارێکی دەرەکی بەسەر گەلی کوردستاندا بسەپێنێت هەر ئەوە لە کوردستان پیادە دەکرێت کە یاسا و دەستوور بۆ کورد بە ڕەوای دەزانێت. هەوڵەکان لە عێراقەوە لەگەڵ هەندێ لایەن بەردەوام بوون بۆ سەپاندنی خواستە نارەواکانیان بۆ ئەوەی بتوانن پاڵەپەستۆیەک لەسەر گەل و حکوومەتی کوردستان دروست بکەن و شوێن پێی خۆیان لە هەرێم و دەوروبەر قایمتر بکەن، بەڵام پارتی پەیڤ و هەڵوێستێکی تری هەبوو کە دژ بە هەر هەوڵێک بوەستێتەوە کە دژی بەرژەوەندییەکانی گەلی کوردستان و خەڵکە خۆڕاگرەکەی بێت. ئەوەی ڕوویدا وەک هەمیشە ئەوەبوو کە هەڵوێست و هەوڵەکانی پارتی ئەنجامی هەبوو ئاو بۆ جۆگەلە سروشتی و ڕەواکەی گەڕایەوە و پاش هەوڵی زۆری ناحەزان دیسانەوە ناچار کران مووچەکانی فەرمانبەرانی هەرێم دینار بە دینار بژمێرن و بگەیێننە دەست خاوەنەکانی. بەمەش پارتی ڕاستگۆیی و بوێری خۆی بۆ خەڵکی کوردستان سەدبارە سەلماندەوە و ئەمجارەش ئەو شەرەفەی بەرکەوت کە ببێتە فریادرەسی مووچە خۆرەکانی هەرێم. بووە ئومێدی هەموو ئەو چینوتوێژانەی کە هەڕەشەی ماف زەوتکردنیان لەسەرە.
ناحەزانی کوردستانیش لە جیاتی ئەوەی پارتی ناچار بکەن سازش لەسەر مافەکانی گەلی کوردستان بکات بە پێچەوانەوە هێزێکی تری بەخشیە پارتی کە لە ئایندەدا بەهێزتر و بە متمانەتر سەنگەر دژی هەر لایەنێک بگرێت کە بە هیوای زەوتکردنی مافەکانی گەلی کوردستان و خاکەکەی بن.
بە هەمان شێوە ترس و سەهمێکی پیشانی پلانگێڕان دا کە چیتر بیر لە ئازاردانی خەڵکی کوردستان نەکەنەوە و هەوڵێکی نادەستووری نەدەن بە هۆیەوە زیان بە هەرێمی کوردستان و خەڵکە خۆڕاگرەکەی بگات.

