ماوه‌یه‌كه ده‌نگۆی ئه‌وه هه‌یه كه به‌شه خۆراكیی هاووڵاتییانی هه‌رێمی كوردستان به‌هۆی نوێكردنه‌وه‌ی فۆڕمی خۆراك له كاغه‌زه‌وه بۆ ئه‌لیكترۆنی وه‌ستاوه، به‌ڕێوه‌به‌ری بازرگانیی كه‌لوپه‌لی خۆراكیی هه‌ولیریش ده‌ڵێت، هاتنی مادده خۆراكییه‌كان نه‌وه‌ستاوه و ئێستا خه‌ریكی دابه‌شكردنی سه‌به‌ته‌ی چوارین له‌مساڵدا بۆ مانگی شه‌ش.
وه‌ستانی به‌شه خۆراكی هاووڵاتتیان ره‌تده‌كرێته‌وه
ئه‌مڕۆ شه‌ممه 19ی تهمووز، دلێر عه‌بدولواحید به‌ڕێوه‌به‌ری بازرگانیی كه‌لوپه‌لی خۆراكیی هه‌ولێر به دیجیتاڵ میدیای كوردستان تیڤی راگه‌یاند: ئه‌و ده‌نگۆیانه راست نین كه ده‌ڵێن هاتنی مادده خۆراكییه‌كانی هاووڵاتییان وه‌ستاوه له به‌غداوه، دووپاتیشی كرده‌وه كه ئێستا سه‌رقاڵی دابه‌شكردنی سه‌به‌ته‌ی چواره‌من له‌مساڵدا كه تایبه‌ته به مانگی شه‌شی به‌شه خۆراكی هاووڵاتییان.
شێوازی هاتنی به‌شه خۆراكیی هاووڵاتییان له به‌غداوه
دلێر عه‌بدولواحید گوتیشی : هاتنی به‌شه خۆراكی هاووڵاتییان به‌پێی مانگانه نییه، به‌ڵكو به‌پێی سه‌به‌ته‌ی خۆراكییه كه به‌غدا ره‌وانه‌ی ده‌كات بۆ شاره‌كانی هه‌رێم، ده‌شڵێت ئه‌مجاره به‌هۆی شه‌ڕی ئێران و ئیسرائیل كه‌مێك خۆراكی هاووڵاتییان دواكه‌وت، به‌ڵام هه‌ر به‌رده‌وامه‌و كۆگاكان پڕن له كه‌لوپه‌لی مادده خۆراكییه‌كانی بایه‌عیی هاووڵاتییان.
فۆڕمی تازه‌ی ئه‌لیكترۆنیی كاریگه‌ری له‌سه‌ر هاتنی بڕی مادده خۆراكییه‌كان هه‌یه
سه‌باره‌ت به زیاد و كه‌میی جۆر و بڕی مادده خۆراكییه‌كان له به‌غداوه به‌هۆی فۆڕمی تازه‌ی ئه‌لیكترۆنی، به‌ڕێوه‌به‌ری بازرگانیی كه‌لوپه‌لی خۆراكیی هه‌ولێر زیاتر گوتی : كۆی گشتیی خێزانی تۆماركراو له پارێزگای هه‌ولێر “ملیۆنێك و 980 هه‌زار” خێزانه به فۆڕمی كاغه‌زی كۆن، ئه‌گه‌ر ئه‌و ڕێژه‌یه هه‌مووی خۆی له فۆڕی تازه‌ی ئه‌لیكترۆنیی تۆمار نه‌كاته‌وه، به‌دڵنیایی له كۆی گشتیدا رێژه‌ی هاتنی به‌شه خۆراكی هاووڵاتییانیش كه‌م ده‌بیته‌وه.
كه‌ی به‌غدا مامه‌ڵه به‌فۆڕمی نوێی ئه‌لیكترۆنیی ده‌كات
دلێر عه‌بدولواحید دووپاتیشی كرده‌وه، ره‌نگه به‌غدا له مانگی “نۆ یان ده “ی ئه‌مساڵ به‌پێی ئاماری نویی فۆڕمی ئه‌لیكترۆنیی مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ناردنی به‌شه خۆراكی هاووڵاتییان بكات له ته‌واوی پارێزگاكانی هه‌رێمی كوردستان، چونكه ماوه‌ی خۆتۆماركردن له فۆڕمی ئه‌لیكترۆنیی به‌هۆی ره‌چاو كردنی خه‌ڵك درێژكرایه‌وه و چیتر درێژ ناكرێته‌وه.
داواشی له هاووڵاتییان كرد له‌و ماوه كه‌مه‌ی كه ماوه تا “یه‌كی ئاب” په‌له بكه‌ن له خۆ تۆمار كردن له فۆڕمی ئه‌لیكترۆنیی، تا بێبه‌ش نه‌بن مانگانه له وه‌رگرتنی به‌شه خۆراكی بایه‌عی.

