مامەیارە ئەحمەد – هەولێر
رۆژنامەی هەولێر، لە چوارچێوەی كۆهەواڵدا، رۆژانە تازەترین و گرینگترین هەواڵ و پێشهات و دەنگوباسە وەرزشییەكان بۆ گوێ و هزری خوێنەرانی دەگوازێتەوە، كە تێیدا پێشینهەواڵ بۆ گرینگترین و تازەترینیانە و بە هۆی فراوانیی بواری تۆپی پێ و فرەیی جەماوەر و هەواداری ئەو یارییەوە، پشكی شێر و زۆر بەر هەواڵەكانی ئەو یارییە دەكەون و لە كات و ئانوساتی پێشهات و هەواڵ و پاڵەوانیەتیی یارییەكانی دیكە، تیشكیان دەخرێتە سەر و پشكیان پاشگوێ ناخرێ، ئامانج لێی دانەبڕانی خوێنەرانە لە هەواڵ و ئاگەییە وەرزشییەكان و پەیبردنە بە سووچ و پەناكانی هەواڵە شاراوە و ئاشكرانەكراوەكان.
بەرشلۆنە بۆ دەستخستنی دیاز، چاوەڕوانی هاوكاریی ریاڵ مەدریدە
یانەی بەرشلۆنەی ئیسپانی، چاوەڕوانی پاڵپشتیی ڕكەبەرەكەی (یانەی ریاڵ مەدرید)ـە، بۆ ئەوەی لە ماوەی گواستنەوەی هاوینەدا، بۆندی لویس دیازی یاریزانی یانەی لیڤەرپوول، سەر بخات.
رۆژنامەی مۆندۆ دیپۆرتیڤۆی ئیسپانی، بڵاوی كردەوە: دیاز، بژاردەی هەرەباش و لەپێشی یانەی بەرشلۆنەیە، بۆ ئەوەی بتوانێ لای چەپی پێ بەهێز بكات و لە پێش ماركۆس ڕاشفۆردی یاریزانی یانەی مانچستەر یونایتدیان داناوە.
مێدیاكە باسی لەوە كردووە، كە یانەی لیڤەرپوول، لە گرێبەستی ئەو یاریزانەدا هیچ خاڵێكی لاوازی پیشان نەداوە، سەرەڕای لێدوانی ئاشكرای لویس دیاز، بەوەی ڕایگەیاندووە كە دانوستان لەگەڵ چەند یانەیەك دەكات، بۆ ئەوەی چارەنووسی خۆی یەكلا بكاتەوە، جا بە ڕۆیشتن لە ئەنفێڵد بێ، یان نوێكردنەوەی گرێبەستی ئێستەی، كە لە ساڵی 2027ـدا كۆتایی پێ دێت.
ئەو یاریزانە كۆلۆمبییە، تەمای ئەوەی هەیە، كە بازێكی باش لە رووی مووچەوە بدات و ڕێز و قەدری بگیرێ لە رووی وەرزشی و داراییەوە، ك ئێستە لە یانەكە كەمترین مووچەی هەیە.
لەو چوارچێوەیەدا، یانەی لیڤەرپوول چاوی خستووەتە سەر رۆدڕیگۆ جۆیسی یاریزانی یانەی ریاڵ مەدرید، بۆ ئەوەی بیباتە ریزەكانیەوە، بە تایبەت كە پێی وایە ئەو یاریزانە بەڕازیلییە بۆ یانەكەیان زۆر گرنگە.
ڕۆدڕیگۆ، لەنێو پلانی داهاتووی چابی ئەلۆنزۆی راهێنەری یانەكەدایە، لە كاتێكدا لە سێ یاریی مۆندیالی یانەكانیش، بەشداریی هەرسێ یارییەكەی كرد و 92 خولەك یاریی كرد، لە نیوەی دووەمیش لە یارییەكەیان بەرانبەر پاریس سان جێرمان، دەرنەكەوتەوە.
یانەی بەرشلۆنە، بڕوای تەواوی بەوەیە، كە دیاز خاوەن توانایەكی زۆر باشە بۆ هێڵی پێشەوە، بە تایبەت لە لای چەپەوە، یانەكە بە تەواوی كار بۆ ئەوە دەكا لە ماوەی داهاتووی گواستنەوەی هاوینەدا.
بەرپرسانی یانە كاتەلۆنییەكە، دەرك بەوە دەكەن كە ئەو یاریزانە كۆلۆمبییە، كە هاوكات ئامانجی بایرن میونشینە، ئاسان بۆیان دەست ناخرێ و دەیانەوێ فشار لەسەر یانەی لیڤەرپوول دروست بكەن، بۆ ئەوەی بە ئاسانی لە یانەكە بەڕێی بكەن، بە تایبەت كە 10 رۆژ بەسەر تێپەڕبوونی گیانلەدەستدانی دیۆگۆ جۆتانی هاوەڵیدا تێپەڕیوە.
لە هەمان كاتدا، بەرپرسانی یانەی بەرشلۆنە، دەرك بەوە دەكەن كە لیڤەرپوول بایەخ بە رۆدڕیگۆی ریاڵ مەدرید دەداتەوە، كە یانەكە ناچار دەكا پارەیەكی زۆر دەست بخا، بۆ ئەوەی گرێبەستێكی وەها گەورە بكات، بەو جۆرە بەرشلۆنە، پێوستیی بە هاوكاریی ریاڵ مەدریدە بۆ سەرخستنی بۆندی دیاز.
لیڤەرپوول 120 ملیۆن یۆرۆ بۆ دەستخستنی ئیزاك دەدات
یانەی لیڤەرپوولی ئینگلیزی، ئامادەیە بە هەموو هەوڵ و هێزەوە دانوستان بكات بۆ دەستخستنی یاریزانی یانەی نیوكاسڵ یونایتد، ئەلێكسەندەر ئیزاكی یاریزانی باڵەكان، لە ماوەی گواستنەوەی هاوینەدا.
فابریزیۆ رۆمانۆ، شارەزای بازاڕی گواستنەوەی یاریزانان، لە هەژماری تایبەتیی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی (ئێكس) نووسیویەتی: یانەی لیڤەرپوول ئامادەیە، ئۆفەرێك بە بەهای 120 ملیۆن جونەیهی ئیستەرلینی پێشكەش بكا بۆ دەستخستنی ئەلێكسەندەر ئیزاك، بەڵام تەنیا لەو بارەی یانەی نیوكاسڵ، دەرگەی فرۆشتنی بكاتەوە.
ئەو رۆژنامەنووسە باسی لەوەش كردووە: ئیزاك دەرگەی بە ڕوودا دانەخراوە تا بچێتە یانەی لیڤەرپوول، بڕیارەكە بۆ یانەی نیوكاسڵ ماوەتەوە، لە كاتێكدایە یانەكە بە درێژایی ماوەكانی ڕابردوو، هەڵوێستی ڕوونی دەربڕیوە، بەوەی ئەو یاریزانە بۆ فرۆشتن نییە.
فابریزیۆ دەشڵێ: ئەگەر نیوكاسڵ ڕیگە بە ئیزاك نەدا بڕوا، یانەی لیڤەرپوول دەكرێ گفتوگۆ لەگەڵ یانەی ئینتراخت بكا بۆ دەستخستنی هۆگۆ ئیكتیكی.

