رۆژنامەی ھەولێر

هەڵوێست، ڕاستی و پێكهاتەی ناخی کەسەکان دەردەخەن

بەکر کەریم حەسەن
(نەجیب مەحفوز) نووسەری میسری دەڵێ: “زانینەوەی شتە شاراوەكانی ناخی مرۆڤ ئەستەمە، بەڵام ڕاستی و دروستیی كەسەكان، هەڵوێستەكانیان دەری دەخات”.
مرۆڤ زۆر جار هەوڵ دەدات نیاز و ڕاز و نیەت و ئەوەی لە ناخیدایە بیشارێتەوە لە كەسانی تر و خۆی بە جۆرێكی تر دەردەخات، بگرە لە قسە و گوفتار لەوانەیە بتوانێ‌ پێچەوانەی ناخ و نیەتی ڕاستەقینەی دەربخات. ڕەنگە لە هەڵسوكەوت و كردار و ڕەفتاریش ماوەیەكی دیاری كراو یان لە قۆناغێك لە پێناو بەدێهێنانی مەرام و مەبەستێك نواندن بكات، بە جۆرێك خۆی نیشان بدات و ببێتە مایەی خۆنزیكردنەوە و بەدەستهێنانی خۆشەویستی و سۆز و متمانەی بەرامبەرەكەی بە سەركەوتوویی ئەوەی ناخی بیشارێتەوە و بەكەسێكی نزیك و خۆشەویست و جێگای متمانە خۆی دەربخات، بەڵام لە كاتی ڕووداو و دەرخستنی هەڵوێست لە هەندێ وێستگەكانی ژیان لە ئەنجامی ڕەفتار و كردار و هەڵسوكەوتی ناخی ڕاستەقینەی سروشتی كەسەكان دەردەكەوێ. هەمیشە هەڵوێست ڕاستی و دروستی كەسەكان و پێكهاتەی ناخیان دەردەخەن.
زۆرجاران لێرەولەوێ لە نموونەی ڕۆژانە كەسانێك پڕوپاگەندەی ڕاستگۆیی و دڵسۆزی و ئامانەتپارێزی دەكەن، بەڵام لە كاتی گرفتدا ڕێك پێچەوانەكەی دەردەكەوێ كە هەڵخەڵەتێنەرن و ناڕاست و بەرژەوەندیخوازن؛ نموونەی جۆراوجۆر زۆرن. هەمیشە هەڵوێستی كەسەكان ئاوێنەی ڕاستەقینەی ناخی كەسەكان دەردەخات كە گوفتار و قسەكان ناڕاستی بوونە و كردار و هەڵوێستەكان دەرخەری ڕاستیەكان بوونە.
دەگێڕنەوە كەوا دادوەرێك هەبوو زۆر كەم قسەی دەكرد، بەڵام بەوە ناسرابوو كە لە بڕیارەكانی هەڵە ناكات. بە تەرازووی داد ناسرابوو پادشا و سەركردەكان زۆر ڕێزیان لێ دەگرت و دەیانزانی هەمیشە پاڵپشتی هەقە. ڕۆژێك دوو پیاو كێشەیان هەبوو لە سەر كیسەیەك زێڕ؛ هاتنە لای دادوەرەكە یەكەمیان گوتی ئەو كیسە زێڕەم لای دانابوو، چونكە جێگای متمانە بوو؛ وام دەزانی؛ دووەمیان گوتی: نەخێر بە منی دابوو لەبەرئەوەی قەرزارم بوو پێشتر. هیچ شایەت و بەڵگەیەكیشی نەبوو لە نێوانیان. دادوەرەكە بۆ ماوەیەكی زۆر سەیری هەردووكیانی كرد دواتر تەرازووی دارەكەی خۆی دەركرد و كیسەكەی خستە سەر تەرازووەكە و گوتی ئەو كیسە قورسە، بەڵام ماف بۆ كەستان ناگەڕێنێتەوە، داوای لە یەكێك لە سەربازەكانی كرد كەوا كیسەكەی فڕێ بداتە ناو ئاگرەكە و هەردووكیان هاواریان كرد نەخێر، بەڵام یەكێكیان بە ترسەوە گوتی نەخێر ئەوەی تریان بە تووڕەییەوە گوتی نەخێر. دادوەرەكە پێكەنی و، هەڵسا لە شوێنی خۆی و، گوتی ئەوەی دەترسێ زێڕەكەی لە دەست بچێ تەماحكارە و چاوبرسییە، ئەوەی تووڕە دەبێ لە سووتانی ئامانەتەكە، ئامانەتپارێزە. بۆیە كیسە زێڕەكەی دایە دەست ئەو كەسەی جوامێرانە تووڕە بوو. دواتر ڕۆیشت و بێ ئەوەی هیچی تر بڵێ.
جا هەموو ڕاستییەك پێویستی بە بەڵگە و شایەتی نییە. زۆرجاران ڕاستییەكان دەردەكەوێ لە ئەنجامی كاردانەوە و هەڵوێستەكان، نەك گوفتار و قسەكان. بۆیە هەڵوێستەكان ئابڕووبەرن بۆ ئەو نیازانەی كە شاردراونەتەوە لەلایەن ئەو كەسانەی كە دەزانن چۆن دەیانبینن.

*ڕاوێژكار لە وەزارەتی پەروەردە
ماستەر لە كارگێڕیی پەروەردەیی