رۆژنامەی ھەولێر

هێرشە درۆنییەکانی سەر کوردستان هەمان ویستی ئەو کەسانەیە بە سیاسەتی شۆڤێنی دژایەتی کورد دەکەن

سلێمان تاشان – هه‌‌ولێر

هێرشی درۆنی بۆ سەر ناوەندە ئابورییەکانی هەرێمی کوردستان درێژکراوەی هەمان سیاسەتە کە لە دژی فەرمانبەران و مووچەخۆران و بازرگانان و سێکتەرە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان جێبەجێ دەکرێن و هەمووان لە یەک شوێن ئاو دەخۆنەوە.

گرووپە میلیشیاکان ڕووی چەکەکانیان کردووەتە کوردستان و بە درۆن و هاوەن و ڕێکاری جیاواز دەیانەوێت لە ژێرخانی ئابووریی هەرێمی کوردستان بدەن. دوو ڕۆژە لە دوای یەک ناوەندەکانی وزە لە هەرێمی کوردستان دەکرێنە ئامانج و هێرشی درۆنیی ١٤ی مانگ بۆ سەر خۆرمەڵە و هێرشی ١٥ی مانگ بۆ سەر کێڵگەی سەرسنگ کە کۆمپانیایەکی ئەمەریکی کاری تێدا دەکات بە نوێترین هێرشی ئەو گرووپانە هەژمار دەکرێت.
وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان، بۆ دووەمین جار لەم بارەیەوە ڕاگەیاندراوی هەبوو سەرەتا لە ڕاگەیەنراوێکدا هێرشەکەی بە هێرشی تیرۆریستی ناو برد و گوتی هێرشەکە بە درۆنی بۆمبڕێژکراو بووە و کێڵگەی نەوتی سەرسنگی لە ناحیەی چەمانکێی سەر بە پارێزگای دهۆک کردووەتە ئامانج.
ڕۆژی سێشەم، سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستانیش بە توندی هێرشەکەی سەرکۆنە کرد و داوای لە حکوومەتی فیدراڵی کرد لە دژی ئەو چەکدرانە هەنگاو بنێت.
جێی باسە هیچ کام لە هێرشەکانی خورمەڵە و سەرسنگ بە خۆشییەوە زیانی گیانییان نەبووە بەڵام زیانی مادییان هەبووە و بووە هۆی وەستاندنی بەرهەمهێنانی نەوت لە کێڵگەی سەرسنگ و هەر زوو کۆمپانیا ئەمەریکییەکە ڕاگرتنی بەرهەمهێنانی نەوت لە کێڵگەکەی ڕاگەیاند.
ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمەریکا لە ڕێی کونسوڵخانەی هەولێرەوە سەرکۆنەی هێرشەکان بۆ سەر ژێرخانی گرنگی کێڵگە نەوتیەکانی خۆرمۆڵە و سەرسنگ لە ھەرێمی کوردستانی کرد و بە پێویستی زانی حکوومەتی عێراق ڕێ لەو چەکدارانە بگرێت و دووپاتی کردەوە کە ئەو ھێرشانە قبوڵکراو نین و ھەڕەشەن بۆسەر سەروەری عێراق و تەگەرە دەخەنە بەردەم ھەوڵەکانی عێراق بۆ سەرنجڕاکێشانی وەبەرھێنانی دەرەکی.
دوێنێش دوای چەندبارە بوونەوەی هێرشەکان، وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕاگەیەنراوێکی لەبارەی هێرشی درۆنی بۆ سەر سێ کێڵگەی نەوتی لە سنووری پارێزگای دهۆک و ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ؛ بڵاو کردەوە.
لە ڕاگەیەنراوەکەدا هاتووە ” لە ڕێگای درۆنی بۆمبرێژکراوەوە ژمارەیەک هێرشی تیرۆریستی کرایە سەر کێڵگەکانی نەوتی تاوکێ و پێشخابوور و عین سفنی لە ئیدارەی سەربەخوی زاخۆ و قەزای شێخان سەر بە پارێزگای دهوک. هەرچەندە هێرشەکان زیانی گیانیی نەبووە، بەڵام زیانێکی زۆری بە ژێرخانی کێڵگەکان کەوتووە.”
وەزارەتی سامانە سروشتییەکان بە توندی “ئەم هێرشە تیرویستییانە ئیدانە و شەرمەزار دەکات” و ئاماژە بەوە دەدات، مەبەست لە هێرشەکان “لێدانی ژێرخانی ئابووریی هەرێمی کوردستان و دروستکردنی مەترسییە لە سەر سەلامەتیی کارمەندانی مەدەنیی کەرتی وزە.”
وەزارەتەکە بانگەوازی هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان لە حکوومەتی فیدراڵی و کومەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات “بە زووترین کات بێنە سەر خەت بۆ پاراستنی گیانی کارمەندانی مەدەنی و ئەمنیەتی وزە و ڕێگریکردن لە هێرشی دیکە بۆ سەر کەرتی وزەی کوردستان.”
وەزارەتی سامانە سروشتییەکان جەختی کردووەتەوە، هەموو هەوڵێکی خۆی بۆ پاراستنی گیانی کارمەندانی کەرتی وزە و پێگەی ستراتیجیی خۆی لە دابینكردنی سەقامگیریی وزە لە ناوچەکە و جیهان دەدات.
تا ئەم ساتە هیچ لایەنێک بەرپرسیارێتیی هێرشەکانی بە ئەستۆ نەگرتووە بەڵام هەمووان دەزانن ئەو لایەنانە کێن و پێوەندیدارن بە هەمان ئەو گرووپ و میلیشیایانەی لە مانگەکان و ساڵانی ڕابردوودا هێرشیان کردووەتە سەر هەرێمی کوردستان و ناوەندەکانی دیپلۆماسی و وزە و ناوەندە سەربازییەکان لە عێراق و هەرێمی کوردستان.
فەریق جەبار یاوە ئەمینداری پێشووی وەزارەتی پێشمەرگە دوای ڕووداوەکە گوتبووی هێرشەکان پێوەندییان بە گرووپە میلیشیاکانی بەرەی مقاوەمە هەیە .
پێویستە ئاماژە بەو ڕاستییە بکرێ ئەوەی ئەو میلیشیایانە دەیکەن تەنیا لە دژی ئابووریی کوردستان و قەوارەی سیاسیی هەرێمی کوردستان نییە بەڵکوو هەڕەشە بۆسەر هەموو عێراق و بەرژەوەندییە باڵاکانی حکوومەتی فیدراڵی دەخاتە مەترسییەوە و ڕاستە ئامانجی هاوبەشیان هەیە بەڵام دواجار عێراق زیانی گەورەی بەردەکەوێت. ئەمەریکا پێشتر لە چالاکیی ئەو گرووپە میلیشیایانە هۆشداریی بە حکوومەتی عێراق داوە.
هەر دوێنێش دوای هێرشەکان، دژە تیرۆری کوردستام هێرشەکانی پشتڕاست کردەوە و ڕایگەیاند؛ لە ڕێگەی چوار درۆنی بۆمبڕێژکراو، هێرش کراوەتە سەر سێ کێڵگەی نەوتی؛ دووانیان لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ و ئەوەی دیکەشیان لە قەزای شێخان، سنووری پارێزگای دهۆک. دواتریش لە ڕاگەیەندراوێکی دیکەدا ئەوەی ئاشکرا کرد، لە ڕێگەی درۆنێکی بۆمبڕێژکراوەوە هێرش کرایە سەر کێڵگەی نەوتی هاند ئۆیلی ئەمەریکی لە باعەدرێ، لە قەزای شێخانی سەر بە پارێزگای دهۆک، خۆشبەختانە هیچ زیانێکی گیانی و ماددیی لێ نەکەوتەوە.”
بەگشتی کۆمەڵێک هێرش لە دژی هەرێمی کوردستان جێبەجێ دەکرێن بەشێک لەو هێرشانە سەربازین، بەشێکی تریان سیاسی و بەشێکی دیکەش ئابوورین و تەنانەت هێرشەکان ڕەهەندی کۆمەڵایەتییشیان وەرگرتووە و بە برسیکردنی خەڵکی کوردستان دەخوازن قەیرانەکان لە هەرێمی کوردستان قووڵتر بکەن و تەنانەت خەڵک لە دژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان هان بدەن.
خەڵکی کوردستان سەرەتا خەریک بوو بە لارێدا بچن و پێیان وابوو ئەوەی بەغدا دەیکات لە پێناو مافی خەڵکە بەڵام ئێستە بۆیان ڕوون بووەتەوە بڕینی مووچە و هێرشی درۆنی و هەموو قەیران و تەنگژەکانی تر پێوەندییان بە یەکەوە هەیە و ئامانجەکە لێدان و لاوازکردنی قەوارەی هەرێمی کوردستان و هەمان سیاسەتە رژێمە رووخاوەکانی عێراق لە رابردوودا بە شێوەی جیاواز گرتبوویانەبەر.