رۆژنامەی ھەولێر

ڕێزلێنان پێشکەش بە هونەرمەندى خاوەن ئەزموون ( د.محەمەد زازا ) کرا

ئێوارەى ئەمرۆ سێشەممە 2025.7.15، لە ژێرچاودێرى ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر و بە ئامادەبوونى فەرهەنگ غەفوور، بەڕێوەبەری گشتیی ڕۆشنبیری و هونەری هەولێر و ژمارەیەکى تر لە هونەرمەند و نووسەر و شاعیر و ڕۆژنامەنووسان و هاوڕێ و هەڤاڵانى، لە ڕێورەسمێکدا لە هۆڵى سەنتەرى ڕۆشنبیرى زانکۆى سەڵاحەدین، ڕێزلێنان پێشکەش بە هونەرمەندانى خاوەن ئەزموون و مامۆستاى زانکۆ و نووسەر و توێژەر و ڕەخنەگرى موزیک، پڕۆفیسۆرى یاریدەدەر ( د. محەمەد عەزیز زازا ) کرا.
لە ڕێورەسەمەکەدا، وتاری پارێزگای هەولێر لەلایەن فەرهەنگ غفوور بەڕێوەبەری گشتی ڕۆشنبیری و هونەری هەولێر خوێندرایەوە،
لە وتارەکەدا مێژوو و ڕۆڵ و کاریگەرى ناوبراوى لە پێشخستنى هونەرى موزیک بەرز نرخاند، هەروەها ئەو خزمەتە زۆرەى لە ماوەى ژیانى زانستى خۆی بە شێوەیەکى ئەکادیمى پێشکەشى هونەری کردووە بە شانازیی بۆ گەلەکەمان لە قەڵەمیدا و هیواى سەرکەوتن و لەش ساغى و تەندروستیى باش و بەردەوامبوونى بۆ خواست.
پاشان ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر خەڵاتی زێڕینی پارێزگای هەولێری پێشکەش بە د. محەمەد زازا کرد…
جێگەى باسە، ( د. محەمەد عەزیز زازا ) ساڵى 1944 لە شارى قامشلووى ڕۆژئاواى کوردستان لە دایک بووە، ساڵى 1976 بڕوانامەى دبلۆم و ساڵى 1983 ماستەر و دکتۆراى لە چیکۆسلۆڤاکیا بەدەستهێناوە، لە ساڵى 2002 بەشی موزیکى لە ئەکادیمایی هونەرە جوانەکانى زانکۆى سەڵاحەدین دامەزارندووە و بۆتە سەرۆکى بەش و لە 2014.1.1 لە تەمەنى 70 ساڵى خانەنشین بووە، و خاوەنى دەیان توێژینەوە و نووسین و بابەتى ڕخنەییە لە سەر موزیکى کوردى و جیهانى، بە زمانەکانى ( عەرەبى، کوردى، چیکى و فەڕەنسى).