رۆژنامەی ھەولێر

بەدیع باباجان؛ هونەرمەندێک لە پۆپەدا

خوسرەو جاف
بەدیع باباجان یان “باوەجان” لە تیرەی باوەجانی لە عەشرەتی جاف بووە؛ ساڵی 1923ـی زایینی لە شاری كەركووك هاتووەتە دنیاوە. بۆ خوێندن هاتووەتە سلێمانی و لە ماڵی ئامۆزاكانی نیشتەجێ دەبێت و دەست بە خوێندن دەكات، قۆناغی ناوەندی لەوێ تەواو دەكات.
بەدیع، تەبع و هەوەسی هەر لە منداڵییەوە بە لای هونەرەوە بووە.
ساڵی 1945ـی زایینی پەیمانگەی هونەرە جوانەكانی بەغدا تەواو دەكات لە بەشی شێوەكاری، ئەگەرچی تەوحی بە لای مۆزیكدا زۆرتر كشابووە، بەتایبەتی مۆزیكی ڕۆژئاوایی، بەڵام لەبەر ئەوەی نۆتەی هەڕەی لەبڕ نەكردووە. لەوێش وەرنەگیراوە.
ساڵی 1950ـی زایینی سەركەوتووانە پەیمانگا تەواو دەكات. ئیتر ئەوە وەزعی هونەرە لە عێراق و زۆربەی وڵاتە ئیسلامییەكاندا. لە ناخەوە دەوڵەوت و دەسەڵات هونەر لە فكر و زیكریانا نییە، ئەوی بواری هونەرییە فەرامۆش كراوە. هونەرمەند بەدیع باباجان بە ناچاری لە بەڕێوەبەرایەتیی مەساحەدا دەبێتە كارمەند، سەرەنجام دەگەڕێتەوە بۆ پەیمانگای هونەر، لەوێڕا دەكرێتە بەڕێوەبەری بەشی خۆشنووسی و زەخرەفە، بۆ ماوەی چوار ساڵ ئەوێ بەڕێوە دەبات.
بەدیع بەو شێوە كارە ڕازی نەبووە، زانیویە كار بۆ دەوڵەت یانی مەرگی هونەر و سنوورداركردنە، بۆیە لەگەڵ “مەهدی جبووری”ـی هاوڕێیدا مەكتەبێكی هونەری لە شەقامی ڕەشیدا دەكەنەوە، بە ناوی خەتی عارەبی.
بەدیع باباجان دەستی بە هاوكاری لەگەڵ ڕۆشنبیرانی كورد و گۆڤارە كوردییەكاندا كردووە، بۆ یەكەم جار وێنەی لە گۆڤاری “گەلاوێژ”دا كێشاوە. لەوەدا سەر نەكەوتووە.
هەروەها لە گۆڤاری “نزار” دیسان جێگەی پەنجەی هونەری ئەو دیارە.
بەدیع، ساڵی 1970ـی زایینی لە یەكێتیی نووسەرانی كورددا دامەزراوە، دروشمەكەی كێشاوە و بەرگی زۆر پەرتووكی جۆراوجۆری دیزایین كردووە، وەك پەرتووكی مارف خەزنەدار لە ساڵی 1972، شەهیدانی قەڵای دەدەم كە كۆمەڵە چیرۆكی مستەفا ساڵح كەریم بووە، هەروەها بەرگی دیوانی بێخود، دیوانی سەلام، وێنەكانی پەرتووكی كوردی ئەلفوبێی نوێ.
ئەوە حاشاهەڵنەگرە مامۆستا بەدیع خۆشنووسێكی دەستڕەنگین بووە، بڕێكی بە خەت نووسیوە.
ئەم هونەرمەندە بە لای منەوە شاكاری زیندەگییە، من و خەڵك بە گشتی شانازیی پێوە دەكەین. ئەو پۆرتەرەی شاعیرانی كوردی كێشاوە كە لە مێژووی ئەدەبی كوردی مامۆستا عەلائەدینی سوجادی بەرچاو دەكەون. با ئەوەیش بڵێم مامۆستا عەلائەدین لەگەڵ هونەرمەند بەدیع باباجان بۆ ئەو پۆرتەرانە كاری كردووە، وەسفی ڕوخسار و جۆری جلوبەرگی شاعیرەكانی بۆ كردووە، هەروەها شێوە و شەمایلی بۆ دەرخستووە.
بەهەرحاڵ، ئەو كارە بۆ ئەو كاتە شاكار بووە، هەر نەبێت لە پێشدا لەو بابەتە كارە نەكراوە.
بەدیع باباجان لە رۆژی 15ـی تشرینی دووهەمی ساڵی 1996 لە شاری بەغدا دواكۆچی كردووە، هەر لەوێش نێژراوە.
ڕیچ، گەڕیدەی بەناوبانگ، ساڵی 1820ـی زایینی دێتە كوردستان، لەوێڕا لەسەر دەعوەتی باپیرە گەورەم كەیخوسرەو بەگی گەورە دەڕواتە ناو جاف، لەوێ وێنەی كەیخوسرەو بەگ دەكێشێ. وێنەکەی لەناو كتاوەكەیدا بڵاو كردووەتەوە، خوالێخۆشبوو باوكم ئەو وێنە خەتیەی دەبا بۆ لای بەدیع باوەجان و گەورەی دەكاتەوە، ئەو وێنە گەورەكراوە، ئێستا لای من پارێزراوە.
ئەوی ئازارم دەدا ئەم هونەرمەندە “بەدیع باباجان” كە یەكەمین كەسە لە شاری كەركووكدا لە پەیمانگای هونەرە جوانەكاندا وەرگیراوە و لەگەڵ زۆربەی زۆری ئودەبا و شوعەرای كورددا هاوكاریی كردووە، كەچی مافی ڕەوای خۆی پێ نەدراوە و ناوی نەهێنراوە و هیچ دەستگایەكی رۆشنبیری نە یادێك نە ڕێزلێنانێك، هەتاوەكوو كۆڕێكیشیان بۆ نەكردووە.