رۆژنامەی ھەولێر

خۆشەویستی نیشتمان لە ئیمانەوەیە

شێرکۆ حەبیب
کوردستان بە بارودۆخێکی هەستیاردا تێدەپەڕێت، وای کردووە هاووڵاتیان دووچاری دڵەڕاوکێ بن، نەک هەر تەنیا لەبەر نەناردنی مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینان کە ئەمەش دۆخێکی زۆر مەترسیداری دروست کردووە و سێ مانگە بەبێ هیچ هۆیەک بەغدا بەشە بوودجەی هەرێمی راگرتووە، بەهۆی ناکۆکی سیاسی و بۆ چوونی شۆڤێنی هەندێ لایەنی بەغدا، لەگەڵ ئەوەشدا یاری بەکات دەکات و خەریکی لێژنە دروست کردنە بۆ کات بەفیڕۆ دان، ئەگینا مەعقولە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق نەزانێ گرفتەکان چین!
لە لایەکی دیکەوە هەڵومەرجێکی ترسناک لە لێداوانی هەندێ بەرپرس بەدی دەکرێت، کەوا کۆتایی بەقەوارەی هەرێم دێت وەک دەڵێن لە نێوان شەو و بەرەبەیانیەک، ئەم لێدوانە زۆر بابەت لە خۆ دەگرێت و مەترسییە و ١٦ ئۆکتۆبەرێکی دیکەمان وەبیر دێنێتەوە.
لە لایەکی دیکەوە داوا دەکەن کەوا حکوومەتی هەرێم نەرم بێت لەگەڵ بەغدا، باشە دەبێ کامیان نەرم بن بەغدا یا هەولێر کێ مافی کێی زەوت کردووە؟ کورد هەردەم نەرمی نواندووە تەنانەت لەسەر دەمی شۆڕشی ئەیلوول جەنابی بارزانیی نەمر هەردەم نەرمی دەنواند و هەردەم پەنای بۆ گفتوگۆ دەبرد کە لە لای هەندێک بە خیانەت هەژمار دەکرا، بۆیە دەبێ بەغدا نەرمی بنوێنێ مستەحەقاتی هەرێم لە بەشە بوودجە بنێرێ.
ئەوەی زیاتر جێگای سەرسووڕمانە مرۆڤ دژایەتی نیشتمانی خۆی بکات و بە بۆ چوونی نەیاران هەڵسوکەوت بکات، تۆ لە گەڵ پارتی ناتەبای زۆر ئاساییە دژایەتی پارتی دەکەی زۆر ئاساییە، هێرش دەکەیە سەر پارتی زۆر ئاساییە، ململانێ لەگەڵ پارتی دەکەی زۆر ئاساییە وەک دەڵێن ئەوە عەرز و گەز، بەڵام بێی نیشتمان بخەیتە گومان و مەترسی ئەوە خیانەتە، دەشێ بۆ خاتری چەند سەد دۆلارێک قەوارەی نیشتمان بکەوێتە ژێر هەڕەشەوە؟ دەشێ بڵێی کەوا فرۆکە بێ فرۆکەوانەکانی ئیسرائیل کە هێرشیان کردە سەر ئیران لە کوردستانەوە بوون؟ دەشێ میللەتێکی ستەم دیدەی سەدەیەک بۆ خاتری نەیاران بخەیتە مەترسی و ببێتە ئامانجی مووشەکی وڵاتان، لە پێناو چی؟ یا ئەوەی تر دەڵێ فرۆکەکانی ئیسرائیل بە بەبەنزینی کوردستان کار دەکەن، دژایەتی پارتی بکەن و ئەوەی نەتان کردووە بیکەن، بەڵام تا پارتی بەهێز بێت ئێوە لای نەیاران رێزتان هەیە تا دژایەتی پارتی بکەن، بەڵام ئەگەر خوانەخواستە پارتی بێ هێز بوو ئەوە ئێوە لۆ مارێ، تەنیا ئاوڕێک لە مێژوو بدەنەوە و پەندێک وەربگرن، ئەوانەی کە دژایەتی پارتیان کرد لە کوێن؟
پارتی بە پشتیوانی خوای مەزن و ڕێبازی پیرۆزی بارزانی و سەرکردایەتیی جەنابی سەرۆک بارزانی و دڵسۆزانی هەردەم و ڕۆژ بە ڕۆژ گەشە و بەهێزتر دەبێت.
کوردستانێش هەر بەهێز دەبێت تا پارتی بەهێز بێت و خۆشەویستی نیشتمان لە ئیمانەوەیە ئەوەی وڵات و نیشتمانی خۆش نەوێ ئیمانی نییە.