رۆژنامەی ھەولێر

لەم قۆناغەدا بە یەکڕیزی پارت و لایەنە سیاسییەکان کێشە دەستوورییەکانی کورد لە بەغدا چارە دەکرێت

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

 

دۆسیەی مووچە ڕێگایەکی دوور و درێژە لە نێوان ھەولێر و بەغدا سەرەڕای ھەموو ئەو دەقە دەستووریانەی کە مافی خەڵکی ھەرێمی کوردستانی گەرەنتی کردووە، بەڵام حکوومەتی عێراق بەردەوامە لە پەیڕەوکردنی سیاسەتی برسیکردنی خەڵکی کوردستان. چاودێرانی سیاسی، دەڵێن، سیاسەتی ئێستای بەغدا بەرامبەر بە ھەرێمی کوردستان لەبارەی بڕینی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێم، شێوازێکی دیکەیە لە ئەنفالکردنی کورد. ئاماژە بۆ ئەوەش دەکەن، لەم قۆناغەدا پێویستە پارت و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان یەکڕیز بن.

نەدانی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێم لەلایەن بەغداوە بووەتە بابەتی گەرمی ڕۆژەڤی خەڵکی کوردستان، بەغدا ھەر ڕۆژە و بە شێوەیەک بیانۆ دێنێتەوە، ھاووڵاتییانیش ھەوڵەکانی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێم بۆ چارەکردنی قەیرانەکان و ئاستەنگەکانی بەردەم کێشەکان بە گرنگ وەسف دەکەن. حکوومەتی عێراق لە شوباتی ٢٠١٤ـەوە دەستی بۆ کارتی برسیکردنی گەلی کوردستان بردووە و لەوکاتەوە تا ئێستا ھەر ساڵە و بە جۆرێک مووچەی فەرمانبەران دەبڕێت، ئێستا عێراق دوو مووچەی کوردستانی نەداوە، بەپێی نووسراوێکیش دەڵێ، ھەشت مووچەی ئەمساڵ نادەین، لە کاتێکدا پێنج ساڵە ھیچ بودجەیەکی وەبەرھێنان و پەرەپێدانی پارێزگاکانی بە کوردستان نەداوە، بەڵام گفتوگۆ و کۆبوونەوەی بەردەوام لە نێوان ھەردوو حکوومەتدا ھەیە و ھێشتا نەگەیشتوون بە چارەسەری دەستووریی، حکوومەتی ھەرێم ھەوڵەکانی چڕتر کردووتەوە تا زیاتر گفتوگۆی بەردەوام بکات لەگەڵ حکوومەتی عێراقی بە مەبەستی دەستەبەرکردنی مافی مووچەخۆرانی ھەرێمی کوردستان و بە دەستھێنانی سەقامگیری ئابووری.
سیاد شاخەوان، چاودێری سیاسی، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” دەڵێت: بەغدا کات بەفیڕۆ دەدات، حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیش ھیچ پاساوێکی بەغدای نەھێشتووەتەوە، پێویستە لێرەدا حزب و لایەنەکانی ھەرێمی کوردستان لە بەرامبەر زەوتکردنی ماف و شایستە داراییەکانی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان یەکگرتوو بن، لە ھەمان کاتدا پێویستە لایەنە براوەکانی ھەڵبژاردن پەلە بکەن لە پێکھێنانی کابینەی دەیەم، ئەگەرنا ئەو حزبانەی لە بەغدا باڵادەستن ڕۆژبەڕۆژ دژی مافە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستان دەوەستنەوە.
پەروین مەحموود، چالاکوانی سیاسی، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” ئاشکرای کرد: عێراق لەوەتەی دامەزراوە تا ئەمڕۆ بەردەوام دژایەتی خەڵکی ھەرێمی کوردستان دەکات، لە دوای ساڵی ٢٠٠٣ ھەموو لایەنەکان لەو باوەڕەدا بوون سەروەت و سامانی عێراق بۆ ھەموو خەڵکی ئەو وڵاتە دەبێت، لە ساڵی ٢٠٠٥ عێراق بووە خاوەن دەستوور، بەڵام بەغدا نەک ماددەکانی دەستووری وەکو خۆی جێبەجێ کرد، بەڵکو ھەر ماددەیەک کە پەیوەندی بە ھەرێمی کوردستانەوە بێت پێشێلی کرد و بەردەوام دژایەتی خەڵکی کوردستان دەکات تا کار گەیشتە برسیکردنی خەڵکی کوردستان.
محەممەد شەریف، چاودێری سیاسی و مامۆستای زانکۆ، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” درکاندی، لە ماوەی ٢٠ ساڵی ڕابردوودا تا ئێستا ھیچ بنەمایەکی دیموکراسی بوون لە عێراق جێبەجێ نەبووە، دەستوور وەکو یاسایەکی گشتی و چەترێک ھەموو نەتەوە جیاوازەکانی عێراق لەژێر سێبەری خۆی دەبینێتەوە، بەڵام جێبەجێ نەکراوە، ئەوەش بۆ چەند ھۆکارێک دەگرێتەوە، عەقلیەتی دیموکراسی و مەدەنی بوون لە عێراق بوونی نییە، واتە نەبووتە دەوڵەتێکی دیموکراسی و مەدەنی بۆ ئەوەی بتوانێت پێوەرەکانی دیموکراسی بوون جێبەجێ بکات، ئەوەی دیکە دەمارگیری عەرەبی شۆفێنییە بە گۆڕینی ڕژێم کە حکومی لە عێراق کردووە ئەو عەقلیەتە نەگۆڕاوە و ھەر وەکو خۆ ماوەتەوە.
زیاتر دەڵێ: لە ئێستادا ئەو کێشەی کە ھەیە نە نەوتە، نە داھاتی ناوخۆ و پڕۆژەی ھەژماری منە، بەڵکو کێشەکە سیاسییە تەنیا عەقلیەتێکە کە کوردی قبول نییە، ئەوەش ھیچی کەمتر نییە لە ئەنفال، بەڵام لە بەرگێکی دیکەدا خۆی دەبینێتەوە، ھەروەھا ھەوڵێک ھەیە بۆ نەھێشتنی قەوارەی ھەرێمی کوردستان، بەڵام ئەوەی جێگەی دڵخۆشییە حکوومەتی ھەرێم قەیرانی زۆر لەمە قورستری تێپەڕاندووە، بۆیە ئومێدێکی زۆر ھەیە ئەو ڕەوشە تێدەپەڕێت و ھەوڵەکانی ھەندێک لایەن و کەسی ناوخۆی کوردستانیش پووچەڵ دەبێتەوە.
ھەژار وەیسی، چالاکوانی سیاسی، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” گوتی: پێویستە ھەموو لایەنەکان پشتگیری لە حکوومەتی ھەرێم بکەن بۆ ئەوەی لەگەڵ بەغدا بگاتە ڕێککەوتن، بەڵام ھەندێک لایەن لەبڕی پشتگیری لە حکوومەت، دژایەتی دەکەن.
ئەو چالاکوانە، ئاماژەی بەوەشکرد: ئەوەی ئێستا عێراق دەیکات زۆر مەترسیدارە، ئەویش برسیکردنی خەڵکە، بۆیە پێویستە لە جیاتی ئەوەی بەرگری لە بەغدا بکەن، با بەرگری لە مافی خەڵک بکەن و پشتگیری لە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بکەن بۆ ئەوەی بتوانێت مافی خەڵک بەدەست بێنێت.