رۆژنامەی ھەولێر

د.ســـالار عوسمان سەردانی مەکتەبی کۆمەڵایەتی گشتیی پارتی کرد

 

ڕۆژی چوارشەممە، ٩ـی ٧ـی ٢٠٢٥ – د.سالار عوسمان، بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیریی و ڕاگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان بەیاوەریی ژمارەیەک لە ئەندامانی بەش، سەردانی مەکتەبی کۆمەڵایەتی گشتیی پارتی دیموکراتی کوردستانیان کرد و لەلایەن دەروێش ئاغا، بەرپرسی مەکتەبی کۆمەڵایەتی گشتیی و ئەندامانی مەکتەب بە گەرمی پێشوازییان لێ کرا.

لەمیانەی سەردانەکەیدا، د.سالار عوسمان، هەوڵ و ماندووبوونی مەکتەبی کۆمەڵایەتیی گشتی بەرز نرخاند، لە پای هەنگاوە گرنگەکانییان بۆ پاراستنی بنەماکانی ئاشتەوایی و پێکەوەژیان لە هەرێمی کوردستان، هەروەها بە بەیاخەوە باسی لە ڕۆڵ و پێگەی مەکتەبی کۆمەڵایەتی و کەسایەتییەکان کرد، کە لە چارەسەری ئاریشە کۆمەڵایەتییەکاندا دەبنە هۆکارێک بۆ دامرکاندنەوەی ئاڵۆزییەکان.

سەبارەت بە ڕۆڵی میدیا، لە پاراستنی ئاشتەوایی کۆمەڵگە، لە دیدارەکەدا جەخت لەوە کرایەوە، کە پێویستە میدیا بە هەموو ئامرازەکانییەوە ببێتە هۆکارێک بۆ ئارامی و ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی، هەروەها تیشک بخاتە سەر نموونە سەرکەوتووەکانی چارەسەری ناکۆکی بە شێوەیەکی ئاشتیخوازانە.