رۆژنامەی ھەولێر

ئەمەریکا بۆ ساڵی ٢٠٢٦ شەست و یەک ملیۆن دۆلار بۆ پاڵپشتیی پێشمەرگە تەرخان دەکات

سلێمان تاشان – هه‌‌ولێر

وەزارەت ی بەرگریی ئەمەریکا لە چوارچێوەی سندووقی ڕاهێنانی و پڕچەککردنی هێزەکانی دژەداعش کە بە CTEF ناسراوە بۆ ساڵی دارایی ٢٠٢٦ زیاتر لە شەست و یەک ملیۆن دۆلاری بۆ هێزەکانی پێشمەرگە تەرخان کردووە و بەراورد بەو بودجەیەی ئەمساڵ تەرخان کرابوو نۆ ملیۆن دۆلاری تر زیادی کردووە.

بەگوێرەی پڕۆژەیاسای پێشنیازکراوی وەزارەتی بەرگریی ئەمەریکا ئەو برە پارەیە بەمەبەستی یارمەتیی سەربازی و لۆجستیکی و ڕاهێنانی هێزەکانی پێشمەرگە بۆ ساڵی داهاتوو تەرەخان دەکرێت. چەکی سووک، ئۆتۆمبێلی زرێپۆش، تەقەمەنی، بەهێزکردنی ژێرخانی پەروەردەیی و ڕاهێنانی هێزەکانی پێشمەرگە و پەرەپێدانی توانا سەربازییەکانیان لەبەرانبەر تیرۆریستانی داعش بەشێکە لە سیاسەتی ئەمەریکا و دەخوازێت ئاسایشێکی درێژخایەن لە هەرێمی کوردستان دابین بکرێت.
پڕۆژەیاساکە لە ماڵپەڕی کۆنگرێسی ئەمەریکا بڵاو کراوەتەوە و لەپاڵ دابینکردنی چەک و ئۆتۆمبێل و پێداویستییەکانی پێشمەرگە، ئەمەریکا لە پلانیدایە سێ ناوەندی گەورەی ڕاهێنانی سەربازی، کۆلێژێکی سەربازی و دۆ دامەزراوەی فەرماندەیی پشتیوانی لە چوارچێوەی ڕێکخستنی پێشمەرگە بخاتە ژێر سێبەری پاڵپشتییەکانی خۆیەوە.
بەگوێرەی ئامارەکان بڕی ئەو یارمەتییە لۆجستیکییە داراییانەی کە ئەمەریکا بۆ پێشمەرگەی تەرخان دەکات ساڵ بە ساڵ زیادی کردووە، لە ساڵی ٢٠٢٤ قەبارەی ئەو یارمەتییانە بریتی بوو لە چل ملیۆن دۆلار، قەبارەکە بۆ ئەمساڵ پەنجا و دوو ملیۆن دۆلار بووە و بۆ ساڵی داهاتووش نۆ ملیۆن دۆلاری تر زیادی کردووە و گەیشتووەتە شەست و یەک ملیۆن دۆلار.
عێراق تەنیا یارمەتیی هێزەکانی پێشمەرگەی نەداوە بەڵکوو یارمەتیی سوپای عێراق و دەزگای دژەتیرۆری عێراقیشی داوە کە لە بەرەی دژ بە تیرۆریستانی داعش ڕۆڵیان گێڕاوە.
بڕی ئەو یارمەتییە لە ساڵی ڕابردوودا بۆ سوپای عێراق تەرخان کرابوو پەنجا ملیۆن دۆلار و هیی ئەمساڵ پەنجا و هەشت ملیۆن دۆلار و بۆ ساڵی داهاتوو چل و هەشت ملیۆن و چوارسەد هەزار دۆلارە. هاوکات یارمەتییە داراییەکە بە پێی پڕۆژەیاسای بودجەی پێشنیازکراوی وەزارەتی بەرگریی ئەمەریکا بۆ ساڵی ٢٠٢٤ بۆ دەزگای دژەتیرۆری عێراق شەست ملیۆن دۆلار بۆ ئەمساڵ شەست و پێنج ملیۆن دۆلار و بۆ ساڵی داهاتوو شەست و پێنج ملیۆن و شەشسەد هەزار دۆلارە.
کۆی ئەو پارەیەی ئەمەریکا لە ساڵی ٢٠٢٦ بۆ هێزەکانی پێشمەرگە، سوپای عێراق و دژەتیرۆری دابین کردووە دەگاتە سەد و حەفتا و پێنج ملیۆن دۆلار کە هاوشێوەی ئەو پارەیە ئەمساڵ دابین کرابوو.
ساڵی ڕابردوو ئەمەریکا سەد و پەنجا ملیۆن دۆلاری بۆ هەر سێ هێزەکە تەرخان کردبوو کۆی ئامارەکە دەری دەخات بڕی بودجەی تەرخانکراوی ئەمەریکا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی داعش بۆ ساڵی داهاتوو زیادی کردووە و ئەوەش دەیسەلمەنێت هێشتا داعش بە مەترسی بۆ سەر ئاسایشی ناوچەکە و دنیا هەژمار دەکرێت.
کاتێک لە ساڵی ٢٠١٤ داعش مووسڵی داگیر کرد و پاشان ڕووی هێرشەکانی بەرەو هەولێر وەرسووڕاند ئەمەریکا لەو وڵاتانە بوو کە یارمەتیی پێشمەرگەی دا و پێشمەرگە بوو بە بەشێک لە هاوپەیمانێتیی نێودەوڵەتی دژی داعش. سەرەڕای ئەوەی کە یازدە ساڵ لەو کاتە تێدەپەڕێت هێشتا مەترسیی داعش بە تەواوی نەڕەویوەتەوە و کاریگەرترین هێزی مەیدانیی ڕووبەڕووبوونەوەی داعشیش هێزەکانی پێشمەرگە بوون بۆیە ئەمەریکا بەردەوام ڕاهێنانیان پێ دەکات و تەنانەت ڕۆڵی هەبووە لە یەکسختن و ڕێکخستنی بەشێکی بەرچاو لە لیواکانی پێشمەرگە.