رۆژنامەی ھەولێر

بۆ لاوە ئازیزەکانمان

قوبادی جەلیزادە

 

سڵاوێکی سپی

ئازادترین نیشتمان لەسەر گۆی زەویدا، نیشتمانی فێسبووکە. بە ناوێکی خوازراوە و بە وێنەیەکی ساختەوە چیت دەوێ دەتوانی پەخشی بکەی. لێرە نە سانسۆر هەیە نە چاوسوورکردنەوە.
دەتوانی لە نووسینێکدا، جاش بکەی بە پێشمەرگە، قارەمان و شۆڕشگێر بە جاسووس و خۆفرۆش، دادوەری دادپەروەر بە ئەنتی داد. قارەمانی نێو زیندان بە ترسنۆک؛ ئیدی دۆ و دۆشاو تێکەڵکە کەس پێت ناڵێ پشتی چاوت برۆیە.
هاوتەمەنەکانی من و پێشی منیش یەکتری دەناسین، دەزانین خائینەکان کێن و قارەمانەکان کێن. نیشتمانفرۆش و نیشتماندۆست کێن.
هەموو شارێکی کوردستان گەورە یا بچووک، شۆڕشگێر و مرۆڤە دڵسۆزەکانی گەل و نیشتمانەکەی خۆی دەناسێ، نووسینێکی دڵڕەش ناتوانێ بیانشارێتەوە. هەروها ناشتوانی خائین و خۆفرۆشان بکات بە قارەمان.
کێشەکە ئێمە نین، چونکە بەش بەحاڵی خۆم هەموو مرۆڤە چاک و خراپەکانی شارەکەم دەناسم، بەشێک لە شارەکانی تریش. کێشەکە لاوەکانن چونکە لەناو مێژووەکەدا نەژیاون پێیان وایە ئەوەی لێرەدا دەنووسرێن ڕاستن.
نا تکایە ئێوە دایک و باوک و مام و ڕەنگە باپیرەشتان هەبێ، بڕۆن بۆ لایان نووسینەکەیان نیشان بدەن. هەوڵ بدەن لە خەڵکی شارەکان بپرسن، تێڵ بۆ دۆست و ناسیاوەکانتان بکەن، تا بگەن بە هەقیقەت.
هەوڵێکی بەرفراوانی تابووری پێنجەم هەیە کە دەیانەوێ ئایکۆنەکانی نیشتمان چ سیاسی چ هونەری و ئەدەبی، ناشیرین بکەن و وای نیشان بدەن مێژووی دوێنێی گەلەکەمان لێوانلێوە لە خیانەت و نیشتمانفرۆش و عەدالەتفرۆش نۆکەری بێگانە.
ئاسانترینە کە بەبێ بەڵگە و دیکۆمێنت، ڕەش بکەی بە سپی، سپی بکەی بە ڕەش!
تکایە گەنجە نازدارەکان نووسینێکی تابووری پێنجەم لە خشتەتان نەبات کە مژووڵی کوشتنی سوملەکانی نەتەوەن، بە دوایدا بچن، بۆ بەڵگە بگەڕێن، تا باوەش بە ڕاستییەکاندا دەکەن.