كارزان گلی – ههولێر
لە كاتێكدا توركیا چاوەڕێی ئەوەیە پەكەكە بە كردار چەك دابنێت، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەركۆماری توركیا، پێشوازی لە شاندی دەم پارتی كرد، كە پێك هاتبوو لە پەروین بوڵدان و مەدحەت سانجار؛ تەوەرە هەرە سەرەكییەکەیش كە باسیان كرد، چۆنیەتی دانانی چەكە لەلایەن پەكەكەوە، هەروەها چۆن بتوانن پرۆسەی ئاشتی برەو پێ بدەن، كە توركیا ناوی لێ ناوە (توركیای بێترۆر).
كۆبوونەوەكە یەك سەعاتی خایاند، چاوی میدیاكانی توركیای لەسەر بوو، بۆیە پەروین بوڵدان، پەرلەمانتاری دەم پارتی ئاماژەی دا، ئەم دیدارە مێژووییە.
بوڵدان بۆ میدیاكان قسەی كرد و گوتی: ”بە دیدی ئێمە ئەم دیدارە مێژووییە، چونكە پرسی چارەسەری هەنگاوی باشی ناوە، لەم كاتەشدا پێویستمان بە راوێژ و گفتوگۆ و دیدار هەیە.“
مەدحەت سانجار، كە بەشداری لەو كۆبوونەوەیەدا كرد، ئەویش پێی وایە كۆبوونەوەكە زۆر گرنگە، چونكە دەیانەوێت لەبارەی پرسی چارەسەریی و چەك دانانی پەكەكە، راوێژ لەگەڵ ئەردۆغاندا بكەن و هەروەها گفتوگۆكانیش بەردەوام دەبن.
چوونی شاندی دەم پارتی بۆ لای ئەردۆغان دوای ئەوە هات، كە ٦_ ٧_ ٢٠٢٥، شاندی دەم پارتی سەردانی ئیمیڕاڵییان كرد و لەوێ گفتوگۆی چڕیان لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجەلاندا كرد و باسیان لە چۆنییەتی چەكدانانی پەكەكە كرد، كە بڕیارە لە ماوەیەكی زۆر نزیكدا لە هەرێمی كوردستان، یەكەم هەنگاوی چەكدانان لەڕێوڕەسمێكدا دەستپێبكات.
دەم پارتی، دوای دیدارەكەیان لەگەڵ ئەردۆغاندا، بەیاننامەیەكیان بڵاوكردەوە و ئاماژەیان داوە، دوای ئەوەی پرسەكە گەیشتووەتە ئەم ئاستە، لیژنەی دەم پارتی، بۆ لەمەودوا گفتوگۆكانی چڕتر دەكاتەوە، بینینی ئەردۆغانیش بۆ ئەوەیە پرسەكە زیاتر برەوی پێ بدرێت و ئیرادەیەكی بەهێزیش لەلایەنی بەرامبەر هەیە بۆ بەردەوامیدان بەو پرۆسەیە.
دیداری شاندی دەم پارتی بۆ ئۆجەلان، دوو سەعات و نیوی خایاند، بۆ لای ئەردۆغانیش یەك سەعات، لە هەردوو دیدارەكەدا، سەرەكیترین پرس، پرسی دانانی چەك بووە لەلایەن پەكەكەوە، هەروەها باسیان لەوە كردووە چۆن بتوانن برەو بە پرسی چارەسەریی كورد بدەن.
تاوەكوو ئێستا روون نییە، چەكدانانی پەكەكە بەرامبەر بە چییە؟ بەڵام میدیاكانی توركیا باس لەوە دەكەن، ئۆجەلان، لە رێگەی شاندی دەم پارتییەوە رایگەیاندووە، لە هەمواركردنەوەی دەستووریی توركیادا، پێویستە یاسای زیندانیانی سیاسی گۆڕانی بەسەردا بێت، هەروەها هەموو ئەو زیندانییانەی نەخۆشن و باری تەندروستیان نا جێگیرە ئازاد بكرێن. هەروەها ئەوەی فۆكەسی زۆری خراوەتە سەر، گۆڕینی یاسای تیرۆرە لە توركیا.
بەگوێرەی زانیارییەكانی (BBC) توركی، داوا كراوە ئۆجەلان (مافی ئومێد) بیگرێتەوە، بەمەش ئازاد دەبێت و بۆی هەیە بگەڕێتەوە ناو ژیانی ئاسایی.
مافی ئومێد، ئەو مافەیە كە لە دەستووریی دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپادا هاتووە و ئەو وڵاتانەی ئەندامن تێیدا دەبێت پێوەی پابەند بن، كە توركیا ئەندامی ئەو دادگایەیە.
لەوێدا ئاماژە دراوە، ئەگەر كەسێك ٢٥ ساڵ، یان زیاتر زیندانی كرابوو، بۆی هەیە مافی ئومێد بیگرێتەوە، بەمەش ئۆجەلان بۆی هەیە ئەو مافە بیگرێتەوە و ئازاد بكرێت.
پێشتریش دەوڵەت باخچەلی، سەرۆكی مەهەپە رایگەیاندبوو، با ئۆجەلان داوا لە پەكەكە بكات چەك دابنێن، ئەوكات ئەویش مافی ئومێد بیگرێتەوە.

