كارزان گلی – ههولێر
ئەگەر ئاوڕێك لە مێژووی ئەمریكا بدەینەوە، تەنیا دوو پارت كاریگەرییان هەبووە، ئەویش پارتی كۆماری و پارتی دیموكرات بووە، لەو دوو پارتە زیاتر، سەركۆمار لە هیچ پارتێكی تر نەبووە، لە كاتێكدا چەندین پارتی تریش لەو وڵاتەدا هەیە. ئیلۆن ماسك، سەرمادیەداری بەناوبانگی ئەمریكا و جیهان، بڕیاری دا پارتێكی تازە بە ناوی (پارتی ئەمریكا) دامەزرێنێت، دەیەوێت لەو رێگەیەوە سیستەمی دوو پارتەکی نەهێڵێت و ئیدی سێ پارت لەو وڵاتەدا كێبڕكێ لەسەر پۆستی سەركۆمار بكەن، بەڵام ئایا سەركەوتوو دەبێت؟
هەرچەندە لە ئەمریكا رێگە دراوە پارتی سیاسی دروست ببێت و هەموو كەسێكیش بۆی هەیە خۆی بۆ پۆستی سەركۆماری بەربژێر بكات، بەڵام جیا لە پارتی دیموكرات و كۆماری، كاریگەریی ئەو پارتانە هیچ نییە و زۆر ئەستەمیشە لەو سیستەمەدا بتوانن كاریگەر بن، هۆكارەكەشی ئەوەیە، ئەمریكا خاوەنی پێكهاتەیەكی فیدراڵییە و بەسەر ٥٠ ویلایەتدا دابەش بووە، هەر ولایەتە و سیستەمی هەڵبژاردنی جیاوازە، بۆیە كاتێك پارتێكی تازە دادەمەزرێت، ئەستەمە بتوانێت بەسەر ئەو سیستەمی هەڵبژاردنەدا زاڵ بێت، چونكە دەبێت بۆ هەر ولایەتێك لەڕووی یاساییەوە پسولەی هەڵبژاردن تەواو بكات و لە ڕووی لۆجیستکیشەوە دەبێت ئەو توانایەی هەبێت، ئەمەش تەنیا بەو پارتانە دەكرێت كە داهاتێكی گەورەیان لەبەردەستدایە.
هەر بۆ نموونە، پارتی سەوز لە ئەمریكا، زۆر هەوڵی دا كاریگەریی هەبێت، بەڵام ئەو توانایەی نەبوو لە ڕووی داراییەوە بەسەر سیستەمی هەڵبژاردنی ویلایەتەكاندا زاڵ بێت، بۆیە شكستی هێنا.
ئەحمەد یاڤووز وشاكلیۆغڵو، نووسەری دیاری توركیا دەنووسێت: ”یەكێك لە هۆكارە هەرە سەرەكییەكانی ئەوەی پارتی سێیەم لە ئەمریكا كاریگەریی نابێت هۆكاریی داراییە، چونكە دەبێت لە پروپاگندەی هەڵبژاردندا ریكلام بكەن و هەروەها لە هەر ولایەتێكدا خۆیان بەدامەزراوەیی بكەن، ئەمانەش هەمووی پارەی پێویستە. دەبێت خۆیان بەڕای گشتی بناسێنن، ئەمەش بە میدیایەكی كاریگەر دەكرێت و زۆر ئەستەمە بۆ پارتێكی تازە لەدایك بوو ئەوەی پێ بكرێت.“
لە سەدەی ١٨ و ١٩، چەند پارتێكی سیاسی لە ئەمریكا دروست بوون، وەكوو پارتی پۆپۆلیست كە دەیویست هەڵبژاردن بباتەوە، بەڵام بەهۆی ئەوەی بەرگەی ئەو سیستەمەی هەڵبژاردنیان نەگرت و داهاتێكی باشیان لە بەردەستدا نەبوو شكستیان هێنا.
ئیلۆن ماسك، ئەو سەرمایەدارەی، لە بانگەشەش هەڵبژاردنی ٢٠٢٤ـی ئەمریكا، پارەیەكی گەورەی خستە خزمەتی دۆناڵد ترەمپ، بۆیە ترەمپیش دوای بردنەوەی و بوونی بە سەرۆكی ئەمریكا، لە حكوومەتەكەی شوێنی باشی بۆ كردەوە، بەڵام خۆشەویستیی نێوانیان كەمی خایاند و بەهۆی ئەو پرۆژە بودجەیەی ترەمپ دایە كۆنگرێس و ماسك رەخنەی لێی گرت، لە دوو دۆستەوە بوون بە دوژمن، هەر ئەمەش بوو وای لە ماسك كرد بیر لەوە بكاتەوە پارتێكی تازە دەمەزرێنێت.
رەنگە ئەو پارتە تازەیەی ماسك، بتوانێت سیستەمی سیاسی لە ئەمریكا بگۆڕێت، چونكە هەموو ئەو كەرەستانەی پێویستن بۆ ئەوەی پارتێكی سیاسی لە ئەمریكا بتوانێت كاریگەر بێت لای ماسك هەیە، وەكوو پارە و میدیا.
ماسك زیاتر لە ٥٠٠ ملیار دۆلار سەرمایەكەیەتی، هەروەها خاوەنی پلاتفۆرمی (X)ـە، كە پێشتر ناوی (تویتەر) بوو، ئەمەش وا دەكات ماسك ببێتە كارئەكتەرێكی سیاسی گرنگ.
شرۆڤەكاران پێیان وایە، ئەستەمە لە هەڵبژاردنی داهاتوو ماسك بتوانێت سەركەوتوو بێت، بەڵام دەتوانێت هاوكێشەی هەڵبژاردن و سیاسی لە ئەمریكا بگۆڕێت، بۆ نموونە لە بەشێك لە ولایەتەكاندا دەنگی پارتەكەی ماسك، رەنگە ببێتە كلیلی سەركەوتن، واتە لەو ولایەتانە پارتی ماسك، لە گەڕی دووەمی هەڵبژاردندا دەنگ بە دیموكراتەكان بدات، یان كۆمارییەكان، ئەو پارتە دەیباتەوە، كەواتە جیا لە پارتەكانی پێشووتری ئەمریكا كە شكستیان هێناوە، ماسك دەتوانێت كاریگەریی هەبێت و ئەنجامی هەڵبژاردن بگۆڕێت.
ئەگەر ماسك پشووی درێژ بێت و ستراتیژی هەبێت و سیاسی گەورە بەپارە لە دەوری خۆی بكاتەوە، دەتوانێت پارتەكەی پارتی (ئەمریكا) لە ناوپاشێکی دووردا، ببێتە ركابەرێكی سەرسەختی كۆماری و دیموكراتەكان.

