عەمەر ئەرگوشی
ماوەیەکە هەندێ کەس و لایەن لافی ئەوەی لێدەدەن گوایە حکوومەتی هەرێم نامێنی و کوردستان داگیر دەکرێتەوە و بیرە نەوتییەکان دەکەونە دەست دوژمن و هتد…
شتە ناخوشەکە لەوەدایە کە ئەوانەی ئەم دەنگۆیانە بڵاو دەکەنەوە بە کوردی قسەدەکەن لە لایەن لایەنی دیاری کوردیەوە پشتیوانی دەکرێن و پۆست و پلەیان لە بەغدا و هەولێرەوە پێدراوە،
هەڵبەت لە دێرزەمانەوە خەڵکانێک هەبوون باوەڕیان بە ڕزگاری کورد و کوردستان نەبووە و بە کردەوە و بە وتە لە رێزی دوژمن دا بوونە و گەورەیی خۆیان لەو کاتەدا هەست پێکردووە کە لەگەڵ دوژمن زیانیان بە شۆڕشی کوردستان و بزاڤی ڕزگاریخوازی کورد گەیاندووە،ئەوەی ئێستا لە چەواشەکاری و بەلاڕێدا بردنی خەڵک ئەنجامی دەدەن جگە لە خزمەتکردنی بێگانە و وەستانەوە دژی شۆڕشی میللەتەکەیان و سەروەرییەکانی گەلی کوردستان کە بە خوێن و فرمێسکی گەلی کوردستان هاتوونەتە دی هیچی تر نییە.
ئەمانەی لەم قۆناغە ناسک و چارەنوسسازەدا دەهۆڵ بۆ بێگانە لێدەدەن و دڵیان بەوە خۆشە کە قەوارەی هەرێم نەمێنی قوتابی پەروەردەی ئەو قوتابخانە و کولتورە پیسەن کە پێشتر بە پێش لەشکری دوژمن دەکەوتن تا خاکی کوردستانیان داگیر و کاول بکەن، ئەوانەی لەم دۆخەدا شانازی بەوە دەکەن کە لە پشت بڵندگۆکان و لە پێش چاوی کامێراکان لە گەورەیی حکوومەتی خۆیان کەمدەکەنەوە و مۆسیقا بۆ بڕیارە پیسەکانی داگیرکەرانی کوردستان لێبدەن نانی حەرامیان خواردووە و نە وەفایان بۆ کورد نە بۆ خاکی کوردستانیان نییە وە هیچ کاتێکیش نە خانەوادەی شەهیدان و پێشمەرگە نە هیچ دڵسۆزێکی کوردستان وتەی ئەمانە بە دوو فلس ناکڕێ.
ئەمانە دەبا بیانزانیبا کە بارزانیی نەمر کاتێک دەستی بە شۆڕش کرد و پارتی دیموکراتی کوردستانی دامەزراند هەزان کوردی لەم چەشنەی خۆفرۆشان لە دژی وەستان و وایان دەزانی دوژمن بەسەر دەکەوێ و کوردیش ناوی نامێنێت، پارتی پاش رێکەوتنەکەی جەزائیر هەڵسایەوە بەرگەی ئەنفال و کیمیابارانی گرت و ئومێدی بەخشیە هەموو کوردستانیەکان کە تا ڕزگاری یەکجارەکی کۆڵ نادەن خەڵکانی وڵاتفرۆشی وەک ئێستا ڕۆژیان دەژمارد کۆتایی پارتی ببینن، لە شازدەی ئۆکتۆبەر پیلانەکەی نە هێشتنی قەوارەی هەرێم و پارتی لە خەیاڵی جاشنۆکەرەکان گەلێک گەورەتربوو،بە دەست و مەچەکی پارتیەکان تێکشکێنران و کران بە قەشمەری زەمانە، ئەوانەی ئێستا زەردەخەنەیان لەسەر لێوە و گوایە مزگێنی نەمانی قەوارەی هەرێم بەخەڵک دەدەن ماوە شکستی خۆیان لە داهاتوویەکی نزیکدا ببینن و ئەگەر ڕوویان هەبێت شەرم لە هەلوێست و وتەکانیان دەکەنەوە.
گەلی کوردستان پێویستە پاش تاقیکردنەوەی هەشتا ساڵەی خۆیان لەگەڵ پارتی باوەڕیان لە هەمووکاتێک بە هێزتر بێت کە ئەمجارە گەلی کوردستان وەک هەمیشە بە ڕابەرایەتی جەنابی سەرۆک بارزانی لە دەستێکی ئەمین و سەنگەرێکی بەهێزدان و ئەگەر کار بگاتە ئەوەی هەڕەشە لەسەر هەرێم دروست بێ ئەوا تفەنگەکانیان سوار دەکەن و تا رزگاری یەکجارەکی کورد و کوردستان ڕاناوەستن.
ئەو سەنگەرەی کوردایەتیەی کە پارتی لە دێرزەمانەوە پاراستویەتی چاوی لەوە نەبووە و بە هیواشی نەبووە خۆ فرۆش بیپارێزێ بەڵام هەمیشە ئاموژگاری کردووە کە ئەگەر کەڵکی گەل و وڵاتەکەیان نەبێت، با نەبن بە دڕک و با زیانیشیان نەبێ.

