رۆژنامەی ھەولێر

کەنگر و ماست بە وەعدەی خۆی!

د. سەعد قازی
مەرجی کۆمەڵگای دیموکراتیک، ئازادی ڕادەڕبڕین و ڕەخنەیە، بۆ ئەوەی ئەو کەسانەی لە دەرەوەی دەسەڵاتن بتوانن بەشداری لە ڕەوتی بڕیارداندا بکەن‌. بەڵام پێویستە مێتۆد و ئاراستەی ڕەخنەگران لە کاتی قەیراندا گۆڕانی بەسەردا بێت. چونکە بارودۆخی جیاواز کردار و گوتاری جیاواز دەخوازێت.
بۆ نموونە، ئێستا کە بەغدا لەگەڵ هەرێمی کوردستان لەشەڕە، پێویستە ڕەخنەگر و ئۆپۆزۆسیۆنی کوردی ڕەچاوی ئەم واقیعە بکەن. ئەوە بە واتای خەمساردی و بێباکی حکوومەت یا چاوپۆشیکردنی ڕەخنەگران لە کەموکورتییەکان نییە، بەڵکو بە واتای هەست بە بەرپرسیارەتی کردنێکی قووڵە بۆ ئەم بارودۆخە دژوارە. بە واتای ئەوەیە کە کەسانی نێو بەلەمێکی تۆفان لێدراو هەست بە مەترسییە هاوبەشەکە بکەن و کێشەکانیان بۆ دوای دەربازکردنی بەلەمەکە سڕ بکەن.