رۆژنامەی ھەولێر

یانەی ئەهلیی سعوودی لەگەڵ مێسی چووە نێو دانوستانەوە

مامەیارە ئەحمەد – هەولێر

 

رۆژنامەی هەولێر، لە چوارچێوەی كۆهەواڵدا، رۆژانە تازەترین و گرینگترین هەواڵ و پێشهات و دەنگوباسە وەرزشییەكان بۆ گوێ و هزری خوێنەرانی دەگوازێتەوە، كە تێیدا پێشینهەواڵ بۆ گرینگترین و تازەترینیانە و بە هۆی فراوانیی بواری تۆپی پێ و فرەیی جەماوەر و هەواداری ئەو یارییەوە، پشكی شێر و زۆر بەر هەواڵەكانی ئەو یارییە دەكەون و لە كات و ئانوساتی پێشهات و هەواڵ و پاڵەوانیەتیی یارییەكانی دیكە، تیشكیان دەخرێتە سەر و پشكیان پاشگوێ ناخرێ، ئامانج لێی دانەبڕانی خوێنەرانە لە هەواڵ و ئاگەییە وەرزشییەكان و پەیبردنە بە سووچ و پەناكانی هەواڵە شاراوە و ئاشكرانەكراوەكان.

یانەی ئەهلیی سعوودی لەگەڵ مێسی چووە نێو دانوستانەوە
یانەی ئەهلی جەددەی سعوودی، چووە نێو دانوستانەوە بۆ دەستخستنی لیۆنێل مێسیی ئەرژەنتنینیی هێرشبەری یانەی ئینتەر مەیامیی ئەمریكی.
رۆژنامەی لیكیپی فەرەنسی بڵاوی كردەوە، كە كارگێڕیی یانەی ئەهلی جەددەی سعوودی، دەیەوێ گرێبەست لەگەڵ مێسیدا وەكوو یاریزانێكی ئازاد بكا، دوای ئەوەی لە مانگی دیسێمبەری داهاتوو بۆندەكەی لەگەڵ یانە ئەمریكییەكەی كۆتایی پێ دێت.
باسی لەوەش كردووە كە گرنگیدانی یانە سعوودییەكە بۆ دەستخستنی لیۆنێل مێسی، نهێنی و یەكەمجار نییە نییە، بەڵكوو لە هاوینی ساڵی 2023ـیشدا جارێكی تر و دوای ئەوەی گرێبەستەكەی لەگەڵ یانەی پاریس سان جێرمان كۆتایی هات، هەوڵی دا بیباتە ریزەكانیەوە، بەڵام سەركەوتوو نەبوو.
دوای دوو ساڵ لەو هەوڵە سەرنەكەوتووەی یانەی ئەهلی جەددە، جارێكی دیكە هەوڵ دەدا ئەو یاریزانە بباتە ریزەكانیەوە، دوای ئەوەی لە كۆتایی ئەمساڵ، گرێبەستەكەی لەگەڵ ئینتەر مەیامی كۆتایی پێ دێت.
رۆژنامەكە باسی لەوە كردووە، كە وردەكاریی دارایی دانوستانی یانەی ئەهلی جەددە لەگەڵ مێسی ئاشكرا نەكراوە، بەڵام سعوودیە كە خۆی بۆ ئامادەكاریی میوانداریی مۆندیالی 2034 دەكا، دەیەوێ هەرچۆنێك بێت و چی بكرێ بیكا بۆ تەواوكردن و سەرخستنی بۆندەكەی لیۆنێل مێسی.
رۆژنامە فەرەنسییەكە لە كۆتایی راپۆرتەكەیدا باسی لەوە كردووە، كە بەرپرسانی یانەی ئەهلی جەددەی سەركەوتوو لە خولی یانە پاڵەوانەكانی ئاسیا، دەیەوێ لە چەند هەفتەیەكدا ئەو پرسە كۆتایی پێ بێنێ و یاریزانی خاوەن هەشت تۆپی زێڕین بباتە ریزەكانیەوە، هاوكات لای خۆیەوە یانەی ئینتەر مەیامی، دەیەوێ پارێزگاری لە خزمەتەكانی مێسی بكات، كە دوو ساڵە لە ریزەكانیدایە.

لەو كاتەی تەرمی جۆتا بەخاك سپێردراوە، دیاز سەمای كردووە و داوای دوورخستنەوەی دەكرێ
ئەستێرەی كۆلۆمبی لویس دیاز، ڕووبەڕووی شەپۆلێكی فراوانی ڕەخنە بووەوە، دوای ئەوەی لە ڕێوڕەسمی بەخاكسپاردنی دیۆگۆ جۆتادا، ئامادە نەبوو، كە پێش چەند رۆژێك لە رووداوێكی هاتوچۆدا گیانی لەدەست دا.
لە گرتەیەكی ڤیدیۆییدا كە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاو كراوەتەوە، لویس دیاز لەگەڵ چەند كەسێكی ناسراوی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان لە شاری باراكینای كۆلۆمبیا سەما دەكا.
لەو ڤیدیۆیانەدا، دیاز دەمبەخەندە دەردەكەوێ و سەماش دەكا و گاڵتەش دەكا، ئەوەش دوای هەواڵی گیانلەدەستدانی یاریزانی یانەكەی جۆتا بووە.
هاندەرانی یانەی لیڤەرپوول، تووڕە و ناڕازین لەو هەڵوێستەی لویس دیاز و ئەوەی بیر دێننەوە كە جۆتا هەڵوێستی مرۆڤانەی هەبوو لەگەڵ دیازدا، كاتێكدا باوكی دیاز لەلایەن گرووپە مافیكانەوە لە كۆلۆمبیا رفێندرا.
لە ئۆكتۆبەری ساڵی 2023ـدا، جۆتا، درێسی دیازی بەرز كردەوە، دوای ئەوەی لە یارییەكانی خولی ئینگلیزی گۆڵێكی تۆمار كرد، ئەوەش وەكوو پاڵپشتییەك بۆ ئەستێرە كۆڵۆمبییەكە، كە لەو كاتەدا لە دۆخێكی خراپدا بوو بەهۆی ئەوەی باوكیان ڕفاندبوو.
هەر لەبەر ئەو هەڵوێست و ڕەفتارەی دیازەوە، بەشێكی هاندەرانی یانەكە داوا دەكەن، كە لویس دیاز دوور بخرێتەوە.
دیاز دوای مردنی جۆتا، لە هەژماری خۆی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاوی كردەوە: هیچ وشەیەكم نییە، ڕۆییشتنت ئازاری دام بە قووڵی، نەك تەنیا وەكوو یاریزانێك، بەڵكوو وەكوو مرۆڤێكیش. دڵم لەگەڵ منداڵەكان و هاوسەرت و ماڵباتەكەتە، سڵاوی ماڵئاواییت لێ بێ دیۆگۆ.
ئێستە لویس دیاز لە مۆڵەتی هاوینەیدایە لە شوێنی لەدایكبوونی لە كۆلۆمبیا، ئەوەش دوای كۆتاییهاتنی وەرزی تۆپی پێ لەگەڵ یانەی لیڤەرپوول.

بەرشلۆنە دووەمین گرێبەستی ماوەی هاوینە واژۆ دەكات
یانەی بەرشلۆنەی ئیسپانی، خەریكە گرێبەستی یاریزان رۆنی باردجی، یاریزانی باڵەكان لە یانەی كۆپنهاگنی دانماركی، تەواو دەكات و دەیكاتە دووەم گرێبەستی یانەكە لەم ماوەیەی گواستنەوەی هاوینەدا دەیباتە ریزەكانیەوە، كە پێشتر خوان گارسیای گۆڵپارێزی بردبووە ریزەكانیەوە.
رۆژنامەی سپۆرتی كاتەلۆنی باسی لەوە كردووە، كە شكستی یانەی بەرشلۆنە لە گرێبەستی نیكۆ ویلیامز، یانەی بەرشلۆنە ناوەستێنێ و نزیكە لەوەی باردجی بباتە ریزەكانیەوە و خەریكە دەچێتە قۆناغی پشكنینی پزیشكی.
چاوەڕوان دەكرێ لەم چەند ڕۆژەی داهاتوودا، گرێبەستی ئەو یاریزانە بە فەرمی ڕابگەیەنێ، بۆ ئەوەی پەیوەندیی بە ریزەكانی یانەی بەرشلۆنەوە بكا و لەژێر چاودێری و سەرپەرشتیی هانز فلیكدا، دەست بە راهێنان و خۆئامادەكردن و خۆگونجاندن لەگەڵ یانە كاتەلۆنییەكەدا بكات.
ئەو یاریزانە سوێدییە، یەكێكە لە هەرە یاریزانە بەهرەوەرە ئاستهەڵكشاوەكانی ئەورووپا، بەڵام لە مانگی نیسانی ساڵی ڕابردوو تووشی پێكانی ئەژنۆی بوو و ماوەیەكی زۆر (یەك ساڵی تەواو) لە یاریكردن دایبڕاند، دواتر لە مانگی ئاداری ڕابردوو گەڕایەوە و تەنیا 6 یاریی لە وەرزەكەدا بۆ یانە دانمارییەكە كرد.
چاوەڕوان دەكرێ ئەو یاریزانە لە ماوەی ئامادەكاریی تیپی یەكەمی یانەكە بەشداری بكا، بۆ هەڵسەنگاندنی توانای جەستەیی و هونەریی.
ئەگەر توانای وەكوو پێویست نەبوو، بەرشلۆنە بە شێوەی خواستن ئەم وەرزە دەیدات بە یانەیەكی دیكە، یانەی ریاڵ مایۆركاش چاوەڕوانی ئەوەیە بە شێوەی خواستن بیباتە ریزەكانیەوە.